
کارۆخ سەید ڕزگار
لە مێژووی ئێمەدا هەمیشە دەگوترا تەنها چیاکان دۆستی گەلی کورد بەڵام ئەمڕۆ مێژوویەکی نوێ دەنووسرێتەوە مێژوویەک کە تێیدا یەکڕیزیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووەتە بەرزترین چیا و قایمترین قەڵا بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاڤا.
یەکڕیزی چەکی سەرکەوتنمانە
ئەمڕۆ سنوورە دەستکردەکان ناتوانن ڕێگری لە لێدانی دڵەکانمان بکەن کاتێک ڕۆژئاڤا ڕووبەڕووی تەوژمی نادادی دەبێتەوە دەنگی هاوخەباتی لە باکوور باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە دەبێتە کانییەک و دەڕژێتە ناو یەک ڕووباری گەورە ئەم یەکگرتووییە سەلماندی کە گەلی کورد یەک جەستەیە و هەر ئازارێک لە پارچەیەکدا بێت هەموو نیشتمان پێوەی دەناڵێنێت.
کەزێی کچانی کورد ئاڵای شکۆ
لە سەنگەرەکانی بەرخۆداندا کەزێی کچانی کورد تەنها جوانی نییە بەڵکو هێمایەکە بۆ ئازادی ئەو کچە شۆڕشگێڕانەی کە بە کەزێی ڕستراوەکانیانەوە مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان تۆمار کرد نیشانی جیهانیان دا کە جوانیی ڕاستەقینە لە ئازایەتی و پاراستنی خاکدایە کەزێی ئەوان وەک تیشکی خۆر تاریکیی تیرۆر و داگیرکاری دەڕەوێنێتەوە و دەبێتە مزگێنیبەخشی سەرکەوتن بژی بەرخوودانی خۆرئاوا ..