هیوا عومەر

بەشی یەكەم

بە بەراود بە سەدەكانی پێشوو، كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم گۆڕانكارییەكی پێكهاتەیی تەواو جیاوازدان. ئەم گۆڕانە پێكهاتەییە لە ژێرخانی ئابووریەوە بۆ سەرخان لە تەكنەلۆژیای تازە و زیرەكیی دەستكردەوە تاوەكو فۆڕم و نۆڕمە تازەكانی ژیان بەو ئاراستەیە خزمەتی پڕۆژەی ئەمڕۆی نیولیبرالیزم بكات . 

لەمڕۆدا بە پلەی یەكەم مرۆڤ و عەقڵی مرۆڤ لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدایە، هیچ مانایەك بۆ بەها و ژیانی ڕاستەقینە نەماوەتەوە. وەك فەیلەسووف ئالان دونۆ لە كتێبی "سیستەمی هیچوپووچی"دا ئاماژەی پێداوە و مەبەستی ئەو قۆناغی ئەمڕۆی سەرمایەدارییە لە فۆڕمی نیولیبرالیزم، كە جۆرێكی نوێی كۆیلایەتییە بەشێوەی مۆدێرنانە، لەناو سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا.

پێشتریش ماركس ئاشنامانیكردووە بە لێكەوتەكانی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر گۆڕینی بەها ڕوحی و ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان، بۆ بەهای ماددی ڕووت لە چوارچێوەی پڕۆسەی بەكاڵابووندا. سەردەمی ئەمڕۆ لەگەڵ هەڵكشانی ناوەندی پەراوێزخراوەكان، دۆخێكی شڵەژاوی دروستكردووە بەهۆی زۆریی زانیاری ساختە و گواستنەوەی خێرای لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە. هەروەها، نقومبوونمان لە چێژی كاتی تێپەڕ، هیچ بوارێك بۆ بیركردنەوە و مانەوەی پرەنسیپ و بیروباوەڕێك نەهێشتووەتەوە، كە مرۆڤ بتوانێت تەنانەت خەونیش بە بوون و بوونیادنانی ژیانێكی باشتر ببینێت.

ئەوەی بە پلەی یەكەم ئامانجە لەم ژیانە ناهاوسەنگەدا، هێرشكردنە سەر بیری دادپەروەری و یەكسانیخوازییە، بۆ ئەوەش فكری چەپ و پێشكەوتنخوازی و كۆمۆنیستی بەئامانجگیراوە، ئەوەش تاكە ڕێگایە بۆ سەرخستنی پڕۆژەی نیولیبرالیزم و بەكاڵاكردنی هەموو شتێك لەسەر حیسابی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان.

ئەگەر ئەوە بەشێكی تابلۆ گشتییەكەی دۆخی دونیا بێت، لە ناوەوەی كوردستان تابلۆ سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كلتوورییەكە پێویستی بە تەماشاكردنێكە، كە لە دەرەوەی گۆشەیەكی تابلۆكەدا بێت. بۆ ئەوەی بتوانین واقعی ژیان و تایبەتمەندیی دۆخی خۆمان و سروشتی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و ئەو هێزانەشی كە هێزی ئۆلیگارشی تازەن لەگەڵ ئەوەشدا بزانین هێزی تازەی گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیش هەن بۆ ئەمانە، بە تێگەیشتنی كۆن ناتوانین بیانبینین لە كاتێكدا ڕۆژانە لەبەردەم دەرگاكانماندان.

لەم دۆخی قەیران و بێ ئەرزشكردنی فكر و كاری ڕێكخراوەیی و حزبی و پێكەوەییەدا، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە لە دۆخی بێهیوایی و بەشداریی سیاسی ڕاستەقینە بمێنێتەوە، ئەركی ئێمە زۆر قورس و گرانە. ئێمە پێشتر بەئاسانی لە ڕێگەی دووربینێكەوە دەمانتوانی سەنگەری شەڕ بەڕوونی ببینین، لەو بارەیەشەوە ئەزموونی زۆرمان كۆكردەوە، بەڵام كاتێك هاتینە ناو شار و ژیانی نوێ، سەنگەرەكان جیاواز بوون، بەڵام ئێمە هەر دووربینە كۆنەكەمان لەدەستبوو، ئەوەش وایكردووە لە خوێندنەوەی واقیعی تازەدا، زۆرجار ڕووبەڕووی جۆرێك لە لێڵی ببین.

پرسە  تازەكان چین، ئەركە هەنووكەیی و دوورمەودامان چین؟ ستراتیژیەتی كار و پلانی كاركردنمان دەبێت چی بێت بۆ ئەوەی بە متمانەیەكی بەهێزتر بگەڕێینەوە؟ ئەمانە دەبنە چوارچێوەی بەشەكانی تری ئەم زنجیرە وتارە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا