هیوا عومەر
بەشی چوارەم: بنیادنانی دواڕۆژێكی تر لە توانادا هەیە؟
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی نائومێدیدا، چۆن دەتوانین جارێكی تر هیوا بۆ ئەندامان و لایەنگران و ئەو جەماوەرە پەراوێزخراوەش بگەڕێنینەوە، لە كاتێكدا هەموو رۆژێك چەندین نامەی نائومێدی لە پەنجەرە و بەر دەرگای ماڵەكانیان هەڵدەواسرێت؟!
چۆن دەتوانین حەوكەمەی ناوەخۆیی بە ڕەچاوكردنی دۆخی خۆمان بكەینە بنەمایەك بۆ گەیشتنە سەر سكەی چاكسازی و گۆڕانكاری و گەڕاندنەوەی هیوا؟
ئەم دوو پرسیارەی سەرەوە لە بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە وتارەدا، بۆ گفتوگۆ و بیركردنەوەی «بەشی چوارەم» ورووژێنرابوو.
لە ئاستی ناوەخۆیی حزبدا:
بنیادنانی دواڕۆژێكی تر لە تونادا هەیە؟
كاتێك باسی كۆكردنەوەی هێز و تواناكان بۆ بنیادنانی دواڕۆژێكی باشتر دەكەین، واتە باسی دروستكردنی پرۆژەیەكی جێگرەوەی واقیعی دەكەین كە بتوانێت ژیانێكی دیكەمان پێ نیشانبدا لە دەرەوەی عەقڵیەتی درووشمخوازی و تەسلیمبوون بە روحیەتی بێهوودەیی.
لەم بارەیەوە چەندین ئەرك ڕووبەڕوومان دەبێتەوە بۆ بەهێزكردنەوەی روحیەتی شۆڕشگێڕی و گەڕانەوەی هیوا بە رۆڵ و گرنگیی ئەركی حزب لە ژیانی تایبەتی و گشتی كۆمەڵگەكاندا.
بەرپرسیاریەتی و پرەنسیپی كۆمۆنیستی:
هەموو ئەندامێكی حزب لە هەر پلە و ئاستێكی حزبیدابێت، دەبێت ئەركەكانی خۆی بزانێت وەك كەسێكی كۆمۆنیستی مەبدەئی و خاوەن پرنسیپ، ئەركە هەنووكییەكان و ئەركە دوورمەوداكان، ئەو ئەركانە ڕەچەتەیەكی كەسی نین هەر كەسێك بۆخۆی دیارییبكات، بەڵكو دەبێت بەشێك بێت لەو ئەركە گشتییانەی لە بەڵگەنامەكانی كۆنگرەدا پەسەندكراون.
لێرەدا جارێكی تر رۆڵی گرنگی سەركردایەتی دێتەپێشەوە تا چەند دەتوانێت هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی بنەڕەتی حزب بە ڕەچاوكردنی واقیعی ژیانی ئەمڕۆ و پێداویستییەكانی كۆمەڵگە و ئەو كەلێنە چینایەتی و نیشتمانییانەی لە دەرئەنجامی ناكۆكیی هێزەكان دروستدەبێت، بدۆزێتەوە و توانای وردكردنەوە و وەرگێڕانی هەبێت لە واقیعدا.
ئەركی واقیعی و پێوەرەكانی جێبەجێكردن:
ئەو ئەركانە دەبێت بەجۆرێك بێت لەگەڵ ئەم ڕۆژگارەی ئێستامان بگونجێت و توانای جێبەجێكردنمان هەبێت؛ واتە دەبێت ئەركی واقیعی بێت و بتوانین لە ماوەیەكی دیاریكراوی مێژووییدا بەدەستیانبهێنین.
لەوەش گرنگتر دەبێت چەند پێوەرێكیان هەبێت بۆ پێوانەكردنی ئاستی جێبەجێكردنی ئەرك و بەرپرسیارەتییەكان، هاوكات كۆمەڵێك پرنسیپ و چوارچێوەشی پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی دەرفەت و خاڵە بەهێز و لاوازەكان لە ئاستی دۆخی ناوەخۆیی حزب و لە ئاستی دۆخی گشتی كۆمەڵگەكەمان و داینامیكیەتی ڕووداوەكاندا.
كاركردن بە تێگەیشتنێكی نوێ:
كار كردن بەم تێگەیشتنە لە دەرەوەی دۆخی چەقبەستوویی و ڕاهاتن لەسەر ڕەچەتەی ئامادەكراوی دۆخێكی تایبەتی سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی پێكهاتەی گشتی و تاكی ئەندامانی حزبی پێویستە، بۆ ئەمەش سەرلەنوێ پێگەیاندن و ئامادەكردن و ئاراستەكردنی هەموو تواناكانی حزب لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی هاوشێوەی دەستەیەكی رێكخراوی ئۆركێسترا، بتوانێت بەشێوەی هارمۆنی ئاوازێكی تەژی لە جوانی و داهێنەرانەی پڕ لە وزە بۆ ژیانی سبەینێكی باشترمان بداتی.
ڕەچاوكردنی پرنسیپەكان:
نابێت هیچ كەلێنێك بهێڵدرێتەوە بۆ ئەكت و ئایدیای بیرۆكراتی و خراپبەكارهێنانی پێگەی حزبی و هیچ بەرژەوەندییەكی تەسكی تایبەتی لەسەری جێبەجێكردنی ئەركە هەنووكەیی و دوورمەوداكان و سنووردانان بۆ هەموو ئەو بیانووانەشی وا دەكات چەقببەستین لە كاروانی پێشڕەوایەتی و پێشكەوتنی كەسایەتی ئەندامی حزب و ئاراستەی گشتیماندا.
كورتەیەك و كۆتایی:
ئەم ئەركانە بەشێكن لە حەوكەمەی ناوەخۆیی و گرێدراون بە بەشەكانی پێشووی ئەم زنیجرە وتارە لەبارەی پرسە هەنووكەیییەكان و رۆڵ و ئەركی حزب لەم قۆناغە نوێیەدا، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاستی جێبەجێكردنی ئەم ئەركانەدابین، كە لە یەك كاتدا خۆی لە چەندین ئەركی جیاواز لە كات و بارودۆخی جیاوازیشدا دەبینێتەوە.