کورد لەهەرچوار پارچە سەساڵ خەباتی کرد و قوبانی دا لە پێناو بوونە دەوڵەت و سەربەخۆیی. کەچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حیسابی بۆ ناکات و هێشتا بوون بە دەوڵەتێکی پێ ڕەوا نابینێت!
لە پێناو پاراستنی دەوڵەتێکی وەک کوێت، کە تەنها پارێزگایەک بوو و ژمارەی دانیشتوانی کەمتر لە ملیۆنێک بوو، ساڵی١٩٩٠ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا، خەریکبوو دنیابەسەر بەعس و سەدام دا بڕووخێنن.
تەنها باکووری کوردستان ٢٨پارێزگای هەیه و ژمارەی دانیشتوانی دەیانجار هێندەی کوێتە، کەچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەندەق لێدان و هەوڵی سەربەخۆیی و ئەو ئەو هەموو کۆمەڵکوژیکردنەی کورد و شۆڕشەی هەر لە سەردەمی شێخ سەعیدی پیرانەوە، بۆجارێکیش پشتی کوردی نەگرت.
خۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا دەیدۆشن و بەرژەوەندی ئابوورییان لەوێیە، بۆچی نایانکەن بە دەوڵەت؟
بۆچی بۆ کورد و لەبەرانبەر کورد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاوادووڕوو و درۆزنە؟
لە کاتێکدا پشتگیری دروستبوون و دامەزراندنی دەیان دەوڵەتی لەماوەی ئەو سەدساڵە بۆ نەتەوەیتر و خەڵکی ترکردووە.
بۆ نموونە کۆسۆڤۆ، سیربیا، باشووری سوودان، ئەرمەنستان، ئازەربایجان، ئیسرائیل..هتد. بۆچی بۆ ئەمانە کاتییەتی و کاتی بوو، بەڵام بۆ کورد، کوردی داماو ودڵپاک خۆی پێش کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەڵێت کاتەکە گونجاو نییە و هێشتا کاتی سەربەخۆیی نەهاتووە!
بۆچی دوای دووەم جەنگی جیهانی دوو کۆمار(کۆماری مەهاباد و کۆماری ئازەربایجان)درووست بوون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتی لە یەکەم کرد و ڕووخا، بەڵام پشتگری دووەمی کرد و مایەوە؟
باشووری سوودان لە(15_1_2011 ڕیفراندۆمی بەسەرپەرشتی un و بەبەشداری 60%ی دەنگدەران کرد بە ڕێژەی 96% دەنگیان بۆجیابوونەوە دا. لەو كاتەوە دەوڵەتی سەربەخۆی (كۆماری باشوری سودان) بەسەرۆكایەتی سیلفاكیر میاردێت ڕاگەیەنرا.)
باشووری سوودان کە کرا بە دەوڵەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگری کردن، بەڵام هی تۆی کورد ناکات؟
باشووری سوودان لەچاوتۆی کورد مێژووی خەبات و قوربانی دانی لە پێناو سەربەخۆیی، دوو ڕۆژ و دانەکە.
ئەرێ هەربەڕاست، دوای سەدساڵ قوربانی و ماڵوێرانی و چاوەڕوانی، ئەی کەی کاتی سەربەخۆیی دێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوقاوغی دووڕوویی دێتەدەر و پشتگیریکردنی دروستبوونی دەوڵەتێک بە کورد بە ڕەوادەبینێت؟