سەدیق سەعید ڕواندزی

 

هەموو دەقێكی ئەدەبی، زادەی واقیعێكی ژیاریی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەیە و ڕەنگدانەوەی سەرخانی كۆمەڵگەیە، بۆیە ناتوانین دەق لە پەیوەندی واقیع داببڕین، بە تایبەتیش كە ڕووداو و ژینگەی كۆمەڵایەتییانەی ژیان، ڕەنگدانەوەیان لە سەر جیهانبینی نووسەر دەبێت. بۆ نموونە: گەر سەرنج لە شیعری سەرەتای دەیەكانی سەدەی ڕابردوو بدەین، دەبینین بابەتی خوێندەواریی و هاندانی تاكەكان بۆ فێربوونی زانست و زانیاریی و چوونە قوتابخانە و فێربوون،  ڕووبەرێكی گەورە لە گوتاری شیعری شاعیران دەگرێت، كە تیایدا بە شیعر بایەخی خوێندەواریی و فێربوون بۆ كۆمەڵگە ڕووندەكرێتەوە،  بەڵام بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار و پێشكەوتن و كرانەوەی كۆمەڵگەی كوردی و هوشیاربوونەوەی تاكەكان، وردە وردە ئەم تێمایە بایەخی نامێنێ و چیتر ناكرێتە بابەت و گوتارێكی شیعری. لەو ڕوانگەیەوە گەر بابەتێكی  وەك باوكسالاریش لە كۆمەڵگەی كوردی وەربگرین، ئەوا دەبینین دەسەڵاتی باوك لە ئێستادا وەك سی ساڵ لەمەو بەر نییە، كە ڕۆمانی حەسار و سەگەكانی باوكمی تێدا نووسراوە.كەواتا ناتوانین دەقێكی ئەدەبی، بە شاكاری هەموو سەردەمەكان بناسێنین و بخوێنینەوە، بە تایبەتیش كاتێ دەزانین ناوەڕۆكەكەی، لە ڕووی پەروەردەیی و هزری و ژیارییەوە، چیتر بایەخی نییە. ئەم ڕۆمانەی شێرزاد حەسەن، لە سەردەمی خۆی و بۆ سێ دەیە لەمەو بەر، ڕۆمانێكی داهێنەرانە و جیاواز بوو، كە تیایدا ڕەخنە لە دەسەڵاتی باوك و ئەو ستەمە دەگرێت كە لە منداڵەكانی دەكات و ڕەنگە مەبەستێكی سیاسیشی هەبووبێت،  بەڵام دوای سی ساڵ لە نووسینی ،هەروەها ئەو هەموو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ژیارییەی بە سەر كۆمەڵگەی كوردی بەلایەنی كەمەوە لەو بەشەی كوردستان داهاتوون،  لەگەڵ ئەو هەموو كرانەوەیەی ژنان و منداڵان و خێزان بەگشتی بە ڕووی دنیای تەكنەلۆژییاو پێشكەوتنە خێراكانی سەردەم، ئیدی حەسار دەبێتە مێژوو، دەقێكی كۆن و  بە پەراوێزی ڕابردوو دەسپێردرێت. هەر خوێنەرو نووسەرێكیش بڕوای وابێت كە ئەم ڕۆمانە ئێستاش دەقێكی قووڵی دەروونی و داهێنانێكی گەورەی ئەدەبییە، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە، لە ڕەوتی دراماتییكانەی ئەو گۆڕانكارییانە بێ ئاگایە و لەڕابردوودا دەژی. لێرەوەش خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە بە پێوەری ئێستاو نیشاندانی بەوەی هەمان ئەو ڕەهەندە مانایەی سی ساڵ لەمەوبەری ماوە، تێنەگەیشتنە لە دنیای ئەدەب و نووسین. باوكەكانی ئێستای كۆمەڵگەی كوردی، هەرگیز وەك ئەو باوكانە نین، كە حەساری تێدا نووسراوە، گەر مەبەست ڕەهەندێكی سیاسیش بێت، ئەوا لە ڕووی سیاسیشەوە كۆمەڵگەی كوردی، گۆڕانكاریی هزری و ڕیشەیی قووڵی بەسەر داهاتووە. بۆیە دەبێت دەق لەو چوارچێوە زەمەنییە ببینین كە تیایدا نووسراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە هەموو دەقێك ئیدی لەو چوارچێوەیە دەمێنێتەوە، بە پێچەوانەوە، بۆ نموونە ئێمە ناتوانین هەردوو ڕۆمانی (هێلانە) و (بەهاری ڕەش)  بە ڕابردوو بسپێرین، چونكە لە بنەڕەتدا كارەساتی ئەنفال، تا مێژووی سیاسی و نەتەوەیی ئێمە ماوە هەر دەمێنێت، بۆیە ئەو جۆرە ڕۆمانانەش دەمێننەوە، پێچەوانەی ڕۆمانێك كە باس لە دەسەڵاتی باوكێك سی ساڵ لەمەو بەر دەكات و ئێستاش ئێمە لە بەردەم شوناسێكی جیاواز و دەسەڵاتێكی دیكەی جیاوازی باوك داین.

 

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر (ژمارە 4451) لە 24/12/2024 بڵاوكراوەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا