بەشی حەوتەم

ئەبوكاروان

 

گرنگترین خاڵی بەهێزی سەرکردە کە لە پێکهاتەیدا توانای فیکری و سیاسی دەردەخات و بەشێکە لە خەسڵەتە پۆزتیڤەکان  پێشبینی و ڕوئیای سەرکردەیە بۆ دیاردە و ڕووداو و  پێشھاتەكان و دەبێ جیاواز لە ھەر مرۆڤێكی ئاسایی ئەو ورد و بابەتییانە لە ڕووداو و پێشهاتەکان بڕوانێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ دید و تێڕوانینێکی تر و پێشەنگ بێت لە دەربڕین و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکاندا و ڕوئیای ڕوون و پلانداریژاوبێت و واقیعبینانە بۆچوونەکانی ئاراستە بکات و دەبێ لەڕوانگەیەکی بابەتییانەوە کار لەسەر جووڵاندنی کۆمەڵگا و شوێنکەوتووانی بکات و ئامانجێکی دیاریکراوی ڕوونی هەبێ و ئالیەت و میکانیزمی گونجاو داڕێژێ لە پێناو ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو ئامانجیكی دیاریکراو و پێویستە لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردە شرۆڤە و پێشبینی پێشوەختەی هەبێ و پێشبینی و هەڵسەنگاندنەکانی نزیک بن لە ڕاستی و دروستی ڕووداو و پێشهاتەکان و ڕای گشتی پێ چەواشە نەکرێ، چونکە هەندێ جار بەپێشبینییەکی هەڵبەستراو و ناڕاست چەواشەکاری دەستپێدەکات و مەترسی دەخوڵقێنێ. هەرچەندە پێشبینی خۆی لەخۆیدا یاسایەكی تایبەتە و زیاتر پشت بەڕاستییەكان دەبەستێ لەپاڵ ھەستی غەریزەیی و كۆمەڵێ ھۆكاری (غیر ملموس) لەوانە مەعنەویات و ھێزی پاڵنەر و دینامیكییەتی پەیوەندییەكان ، بەڵام دواجار دەبێ سەركردە بڕیارەكانی لەسەر بنەمای پێشبینی بەقەد ڕاستییەكان پشتی پێببەسترێ و نەکەوێتە هەڵەوە.

كاتێك سەركردە پێشبینییەكانی دروست دەرناچێ ،ئەوا ئەنجامەكانی بە زیان دەشکێتەوە بەسەر حزب و کۆمەڵگادا و کەشێکی نائاسایی و قەیراناوی بەرهەمدێنێ و ئەگەری  جیابوونەوە و لەیەکترازان دروستدەکات و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆکاری شڵەژان و پەراگەندەبوونی ئەندامان و لایەنگرانی حزب و کۆمەڵگا و هەرجۆرە پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی کە وابەستەی ئەو سەرکردەیەبن، بۆیە دەبێ سەركردەی بەھێز پێشبینییەكانی بەھێز و دانەبڕاوبێ لە واقیع ، چونکە پێشبینی سەركردە توانای سەركردە دەردەخات لە خوێندنەوەی ڕووداو و پێشهاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا.

سەركردە داھێنەر نابێت لە سیاسەتكردن كە نەزانێ چ دەگوزرێ لە دەوروبەریدا، نەزانێ كێ پشتگیری دەكات و ڕاستگۆیە لەگەڵی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و ئامانجی ڕێكخراوەكەی و نەزانێ كێ دژیەتی بەكردەیی و ئەمەش بنەمایەكی دروستە بۆ سەركردە ، كەواتا پێشبینی ھاوكاریی سەركردە دەكات بۆ ھەستكردن بە ڕووداوەكانی نێو خەڵك و زانینی ھیواكان و مەترسییەكانیان بەو ئاستەی کە پێشتر پێشبینی نەکرابێ .

ھیچ سەركردەیەك ناتوانی سەركەوتنی بەھێز بەرجەستە بکات گەر ڕاستگۆیانە مامەڵە نەکات لەگەڵ دەوروبەری و نەزانێ خاڵە بەھێز و لاوازەكانی حزب و کۆمەڵگا لە کوێدایە و چۆن چارەسەردەکرێ و چی ئاراستەیەکی گرتۆتەبەر ، چونکە تێگەیشتن لە سایکۆلۆژیای کۆمەڵگا و تاکەکانی، باشترین خاڵی دەستپێکە بۆ پێشبینیکردنی هەر دیاردە و ڕووداوێک ،کە دەشێ سەرهەڵبدات .

سەركردە دەبێت خوێندنەوەی ھەبێت بۆ دۆخەكە و بزانێت چۆن سیاسەت دەكات و بە چ جۆرە سیاسەتێك سەركەوتوو دەبێت و چۆن هەنگاوەکانی گوڕانكاری بەرەو باشتر هەڵدەنێت و لەکوێدا پشت بە ڕاوێژ و شرۆڤەی گشتی دەبەستێت. هەرچەندە لە ڕووی زانستی سیاسی و دەرووناسییەوە مەبدەئی سەركردە نەگۆڕە ، بەڵام جێبەجێكردنی لە سەركردەیەكەوە بۆ سەركردەیەكی تر ، لە ھەڵوێستێكەوە بۆ ھەڵوێستێكی تر دەگۆڕێ.

ئەمە جگە لە شێوازی پەیوەندی و هەماهەنگی ،کە دەبێ لە سەرکردەی ڕاستەقینەدا خاڵێکی گرنگ بێت و ناکرێ سەرکردە و کەسایەتی خاوەن ئەزموون پشتی تێبکات ،بەتایبەت لەگەل ئەو كەس و ڕێكخراوانەی کە لەگەلیدا كار دەكەن ، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە کەسانی دەوروبەری سەرکردە، هەڵسەنگاندنی تایبەتیان بۆ سەرکردەکەیان هەیە و بچووکترین کەموکورتی و کێماسی دەبێتە هۆکاری دابڕان و دوورکەوتنەوەیان و بەجددی كاری لەگەل ناكەن گەر ڕاستگۆیی و وردبینی و خاڵی ئەرێنی لەسەرکردەکەیاندا نەبینن.

 دەبێ لەم ئاستەدا کەسایەتی سەرکردە ڕۆڵ و کاریگەری خۆی لەبیرنەکات و تەنها فاکتەری بایەخپێدان و گرنگی نەبێت ، لە بەر ئەوە بایەخپێدانی بێهاندان ناتوانێ کاریگەری بخوڵقێنێ و نابێتە بنەمایەک بۆ جووڵەی زیاتر و هەنگاوی باشتر ، بۆیە چەند پەیوەندییەكانی سەركردە لەگەل ھاوڕێكانی بەھێزبێت ،ئەوەندە زیاتر ھاوكاری دەبن ، بەپێچەوانەشەوە سەركردەی فڕیودەر و یاریكەر بەزوویی ئاشكرا دەبێت و ناتوانێ سەرکەوتووبێت لە پایەی خۆیدا .

ڕاھێنەری تۆپی پێی ناسراو بل وولش دەڵێ: ھیچ شتێك لە ستایشی دڵسۆزانە كاریگەرتر نییە و ھیچ شتێك لە دەستخۆشییەكی درۆزنانە لاوازتر و لاواز تر نییە.

ھەندێ لە سەركردەكان  ڕووبەڕووی كێشەی یاسای پەیوەندییان ھەیە بەدەوروبەری خۆیانەوە و ئەوانەی كاریان لەگەلدا دەكەن و دووڕوو ، و ھیوابەخش نین و بۆیە دەبینین خوارەوەیان ڕقیان لێدەبێتەوە و بەجدی كاری لەگەل ناكەن ، لەم ئاستەشدا ناپلیۆن دەڵێ : سەركردەكان دەبێ بازرگانی ھیوا بن و كاتێك ھیوا دەبەخشنە ئەندامەكانیان، كەواتا داھاتوویان پێدەبەخشن .

ھەندێ لە سەرۆك و سەركردەكان گرفتی پەیوەندییان ھەیە لەگەل ئەندامەكانیاندا ، مامەڵەی ئەمانە وەكو مامەڵەی بەڕێوەبەرە لەگە لە فەرمانبەراكانیدا و دەبێ ئەمانە موراجەعەی بكەن چونكە ئەو خاوەن پلەیەكی باڵایە و ئەمانیش شوێن كەوتەین ، کەواتە سەركردەی سەركەوتوو ئەوانەن كە دەستپێشخەری دەكەن و دەوروبەرەکەیان بەسەردەکەنەوە و دەبنە هۆکاری جووڵاندنی نەستی هاوڕێ و هاوکارەکانیان، چاوپێكەوتن و سەردانی ھەڤاڵانیان دەكەن كاردەكەن بۆ بەھێزكردنی پەیوەندی لەگەل خوارووی خۆیان ھەروەك چوون پەیوەندی بەھێزدەكەن لەگەل جەماوەر و گوێیان لێدەگرن و ھەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان دەدەن.

سەركردەی بەتوانا و خاوەن کەسایەتی کاریزمی بەردەوام  پەیوەندییەكانی دەخاتە بەر نەشتەری هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی کار و چالاکییەکانی دەکات لەگەل خەڵك و ھاوڕێكانیدا و پردی پەیوەندییان لەگەل بەھێز دەكات و دەبێتە خۆشەویستی ئەوان ، وەک دەوترێ  بۆ ئەوەی سەركردایەتی خۆت بكەیت عەقڵت بەكار بێنە ، بۆئەوەی سەركردایەتی خەڵك بكەیت دڵت بەكار بێنە ، ئەمەیش یاسایە ،یاساكە پێی دەوترێ یاسای پەیوەندی ، کەواتا دەبێ کەسایەتی سەرکردە ، کەسایەتییەک بێت ھەوڵبدات پێش هەر داواکاری و هەماهەنگییەک، دڵی بەرانبەر بخوێنێتەوە و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی گشتگیری بابەتییانەوە بچێتە نێو پەیوەندییە کاریگەرەکانەوە، کە دواتر بەئاراستەی دید و تێڕوانینی سەرکردە بکشێ.

لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم یەكێك لە توانا ھەرە گرنگەكان لە سەركردایەتیدا توانا و تێگەیشتن لەمرۆڤەكانە، بۆیە دەبێ سەركردە لەسەر پەیوەندییەكانی شارەزایی تەواوی هەبێ و بتوانێ بە میکانیزمی گونجاو دابەزێتە ئەو ئاستەی کە حزب و کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکەی لێی دەخوازن و بەشێوەیەکی مەنهەجی و بەدوور لە تەفرەدان و بڵاوکردنەوەی وەهم بەشداری خەڵك بكات لە گفتوگۆ و چاودێریکردنی باری گشتی کۆمەڵگاکەی و نەسڵەمێتەوە لەوەی خەڵك بەچی ئاراستەیەک دەبڕێ و دەیەوێ بۆکوێ بڕوات.

(ماویەتی)

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا