بەشی دەیەم

ئەبوكاروان

 

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سەركردەی لێھاتوو کە بتوانێ لە پرۆسەی کاری ڕۆژانەی خۆیدا وەک خەسڵەتێکی چەسپیوو کاری لەسەربکات، دەستنیشانکردنی ئەولەویاتی کارکردنە و بەپێی هەر قۆناغێک پلەبەندیيەکی کاریگەر دیاریدەکات، کە دواجار دەبێتە بەرنامەی کار و دەستنیشانکردنی ئامەنجە سیاسی و ڕێکخراوەیيەکان و لەو ڕێگایەوە هەنگاودەنێ و درك بەوە دەكات كە ھەموو جۆرە چالاكییەك مانای دەستكەوت ناگەیەنێ. تەجروبەی كاری ڕێكخراوەیی سەلماندوویەتی كە كاری حزبی پرۆسەیەکی ڕۆژانەی بەرنامەڕێژە و دەبێ سەرکردە لەم پرسەدا ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێ و ببێتە ڕایەڵەی گەیاندنی ئەرکەکە و ئەندامانی ئەو ڕەوت و ڕێبازەی کە ئەو سەرکردایەتی دەکات و بۆ سەرخستنی ئەمەش پێویستە سەرکردە بەوردی چاودێری جموجۆڵی كادر و ئەندامەكانی بکات و ڕایانبێنێ لەسەر ئەوەی کە هەموو چالاکیيەک مانای دەستكەوت نییە، كەواتا ھەموو چالاكییەك بەرھەمدار نییە و پێویستە ئەولەویات دیاریبكات و بە بەردەوامی بیربكاتەوە و بزانی دەبێ چیبکات لە قۆناغەکانی داهاتوودا و بەچی پێوەر و میکانیزمێک سەرکەوتن مسۆگەر دەبێ.

کەواتە سەركردەی لێھاتوو لە ئەرکەکانی خۆیدا دژی بیركردنەوە و هەرجووڵە و چالاکیيەکی کۆن و تەقلیدیيە و هەوڵدەدات لە چوارچێوەی مۆدێرنسازی نوێ و داهێنەرانەدا ڕێوشوێنی گونجاو و بابەتیيانە بگرێتەبەر و شێوازی نوێ بدۆزێتەوە بۆ كاركردن و زاڵبوون بەسەر ئەو شێوازە كۆنەی كە ڕابوردوو سەلماندوویەتی ھۆكاربوونە لە دواخستنی ڕێكخراوەكە و شكستپێھێنانی، بۆیە بەپرسیارێتی سەركردە لەوەدا دەردەكەوی بەپێی واقع كاربكات و ئەمەیش پێویستی بەوە ھەیە یاسای پلەبەندی بەپێی دۆخی قۆناغەکە پەیرەو بكات.

کاریگەری ڕۆڵی سەركردەی كارامە و خاوەن کارێزمای بەهێز لە دەستنیشانکردنی هەلومەرجی گونجاو و کاتی پێویستدا دەردەکەوێت و لە لێکدانەوەی خۆیدا قووڵدەبێتەوە لەو کێشە و گرفتانەی دێنە سەر ڕێی ئامانجەکان و جەوهەری ئەو پرسیارە شیدەکاتەوە کە وەک بابەتێکی ئانی خۆی قیتدەکاتەوە و دەپرسێ لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا چیمان پێویستە ؟ بۆ ئەمەش دەکرێ ئێمە لەم بابەتەدا پرسی هەڵبژاردن وەک نموونەی زیندووی کۆمەڵگا وەرگرین، دەگەینە ناواخنی ئەو پرسیارەی کە بەشداری هەر پرۆسەیەک بۆخۆی وەک جەنگێک پێویستی بەچەکی خۆی هەیە و  ناکرێ بەبێ خۆئامادەکردن و دەستنیشانکردنی میکانیزمەکان هیچ هەنگاوێک بنرێ ؟ لێرەدا پێویستە سەركردەكان لە ناوچەی ئاسوودەیی (ارتیاحات)ی کەسی خۆیان دەربچن و لە ناوچەی بەھێزی خۆیاندا بمێننەوە تا لە ململانێ و تاکتیکی جەنگەکەدا براوەبن.

لایەنێكی تری بەهێزی سەركردە پێشاندانی بەخشین و قوربانیدانە ، بەپێچەوانەی بیركردنەوی باو كە دەوترێ سەركرادیەتی پەیوەندی بە پلە و پۆست و بەدەسەڵات و ھێز پەیداكردنەوە ھەی، بۆیە دەڵێم جەوھەری سەركردەی باش قوربانێدانە، چونکە بەدرێژايی مێژوو ئەو سەركردانەی كە پلە و پۆستیان کردە ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندیيە تایبەتیيەکانی خۆیان تووشی شەرمەزاری و نابوودبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوويی بوون و دەرئەنجامیش ڕەوت و ڕێکخراوەکەیان تووشی داتەپین و نغرۆبوونی سیاسی و ئابووری کرد و بوونە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سەرکەوتنەکان و ئەو مێژووەی کە ئەمی گەیاندە ئەو ئاستەی سەرکردایەتی .

كەواتا جەوهەری سەرکردایەتی بریتییە لە بەرجەستەکردنی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە چەقبەستوويی ، ئەمەش بە ڕێژەیەکی بەرز پەیوەستە بە پەروەردەکردن و دروستکردنی سەرکردەی نوێ، کە بتوانێ هەمان ڕۆڵی کەسایەتی سەرکردەیەکی خاوەن ئەزموون بگێڕێ لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی ئەرکدا، ئەویش بە چەند هەنگاوێک دەکرێ وەک : ڕاهێنانی سەرکردەی نوێ لەسەر ئەزموونی سەرکردایەتی، هاندان بۆ سەرکەوتن لە پرۆسەی کاری ڕێکخراوەيی ، بەهێزکردنی توانای کاری ستراتیژی .

بەم چەند هەنگاوە دەگەینە ئەو ڕاستیيەی کە جەوهەری سەرکردایەتی ئەوەیە کە كار لەسەر  بەھێزكردنی پێگەی سەرکردەی نوێ لە چوارچێوەی تیمەكدا دەکات و ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوتی کارکردنی ڕێکخراوەکە، لەم ڕووەشەوە رالف والدوا میرسونی شاعیر و فەیلەسووف دەڵێ :- لەبەرامبەر ھەموو كارێ كە خەسارەتی تێدا بكەیت دەستكەوتێكی ترت دەبێت و بەرامبەر ھەموو دەستكەوتێك خەسارەتێكت بەردەكەوێت و ژیان پێكدێت لە زنجیرەیەك لە (مقایضە) و شتێك بەرامبەر شتێك ، لەبەر ئەوەیە کە پێویستە سەرکردە قوربانی بدات لەپێناو سەرکەوتن و دوورکەوتنەوە لە هەر بەرژەوەندیيەکی تایبەت کە وەک غەریزەیەکی مرۆيی لە بیر و لێکدانەوەی زۆر کەسدا دەبینرێ و تاڕادەیەک دەبێتە گرێیەکی دەروونی ئاڵۆز کە زۆرجار سەرکردەکان دەشکێنێ و نابوودیان دەکات.

بۆیە زۆربەی خەڵك لاسەنگن بەو ئاراستەیەدا کە دەبێ سەرکردە خاوەن کەسایەتی قوربانیبەخش بێت و نەکەوێتە ژێرکاریگەری هیچ دید و تێڕوانینێک کە پاشگەزبوونەوەی بۆ دەستەبەرکات ، ئەمەش هەوڵ و کۆششی جددی دەوێ و دەبێ ھەر لە سەرەتای تێكۆشانەوە بڕوا و متمانەی بەوە هەبێ کە قوربانی لە کاری سەرکردایەتیدا گرنگی خۆی ھەیە و نابێ بێبایەخبکرێ و نەبێتە ئامرازی بەرەوپێشەوەچوون و (الارتقا‌ء) لە کۆمەڵگا و کاری ڕێکخراوەیيدا، چونکە بەپێی تێڕوانینی کۆمەڵناسی هەر سەركردەیەکی پێشكەوتوو لەپرۆسەی کاری سەرکردایەتیدا قووڵنەبووبێتەوە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکەیدا و نەبووبێتە بەشێک لە فیکر و فەلسەفەی کارەکانی و قوربانی نەدابێ لەو پێناوەدا، ناتوانێ پەیوەستبێت بەگرنگی ئەرکەکەیەوە و لەهەر کاتێکدابێت ئامادەی جێهێشتنی ڕێكخراوەكەی دەبێ ،  بۆ ئەمەش دیمترۆف وەک کۆمۆنیستێکی بەئەزموون پرسی سەرکردە دابەش دەکاتە سەر دوو خاڵی ڕیشەیيدا و پێیوایە سەركردە و كادری شیوعی لە دوو حاڵەتدا دووردەكەونەوە لە حزب و فاسد دەبن :

یەكەم: سەرکردە وەک ئەزموون قاڵبووی ڕاپەڕاندنی ئەرکی سەرکردایەتی نەبێت و ئەو ئەرکەی پێسپیردرابێ .

دووەم: ڕێگریکردن لە کەسانێک کە لەڕووی کەسایەتی و تواناکانی پێگەیشتووبێت و ئەرکی سەرکردایەتی پێنەسپێردرێ و پەراوێزبخرێ .

لەم تێڕوانینەی دیمترۆفەوە دەگەینە ئەو ڕاستیيەی کە دەبێ ڕەچاوی ئەو بارودۆخ و ژینگەیە بکرێ کە کەسی سەرکردەی تێدا دەخەمڵێ و نابێ بەشێوەیەکی سەرپێيی و بەبێ وردبوونەوە لە داهاتوو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ ، چونکە ئەگەر سەرکردە قاڵبووی خەبات و تێکۆشانی ڕێڕەوی فیکری و سیاسی کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکەی نەبێ و بە پرۆسەی قوربانيداندا تێنەپەڕێ بۆ گەل و نیشتمان و ئەو ڕێكخراوەی كاری تێدا دەكات، سەرکەوتوو نابێت و ناتوانێ ئامانجەکانی بپێکێ ، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدانی لێبڕاوانە و قوڵبوونەوە لە ئەزموون و تێکۆشانی سەرکردەی گەلانی تر کە پرۆسەیەكی بەردەوامە لە ڕەوتی مێژووی تێکۆشاندا، خاڵی پلە یەکی سەرکەوتنی سەرکردەیە و پێویستە وەک زەخیرەی تێکۆشان هەمیشە لە ڕەوتی کارکردنی سەرکردەدا ڕەنگدانەوەی هەبێ و لەویشەوە شۆڕبێتەوە بۆ پێکهاتەی ڕێکخراو و ناوەندە حزبی و سیاسیيەکان و کاریگەری دروستبکات، وەک ئەو سەرکردانەی کە خۆیان و خێزانەکانیان لەپێشی پێشەوەی خەبات و تێكۆشان و ڕیزی پێشەوەی قوربانێداندا بوونە و ئازار و ئەشكەنجەیان بەركەتووە و چەندین شەھیدیان بەخشیوە لەپێناو ئەو ئامانجەی كە حزب و بزووتنەوەكەیان لەسەرجەم قۆناغەكانی تێكۆشاندا كاری بۆ كردووە.

ئەم قۆناغەی تێکۆشان لە ژیانی سەرکردەدا پێویستی بە قاڵبوون و ڕۆچوونی تەواو هەیە و دەبێ لە هەنگاوەکانیدا بۆ لوتکە بگەڕێتەوە سەر ئەزموونکردنی هونەری سەرکردایەتیکردن و شارەزای بوارەكانی كاری ڕێكخراوەیی و حزبی بێت و ئەركە جۆراوجۆرەكانی ڕاپەڕاندبێت تا بەڕێژەیەكی فراوانی هاوسەنگ پەسەندکراوی دەوروبەرەکەی و بە متمانەوە سەرکردە بێت و نەکەوێتە ژێرکاریگەری سازشکردن و پاڕانەوە و هەوڵنەدات بە لەقەلەق و تكاكردن و شێوازی ناڕەوا و لەسەر شانی خەڵكی تر بگاتە ئاستی سەركردایەتی ڕێكخراوەكەی.

  لە ڕاستیدا گەر دەتەوێ سەركردەیەكی دیار و كاریگەر بیت، دەبێت ئامادەییت ھەبێت بۆ قوربانيدان بەھەموو جۆرەكانییەوە، لە ماندووبوونەوە بەكاری ڕۆژانە تاكو بەرگەگرتنی ئازار و ئەشكەنجەدان و دواتریش بەخشینی ڕۆح و گیان، گەردەتەوێ سەركردەیەكی ڕاستگۆبیت پێویستە تەنازول لە مافەكانت بكەیت بۆ خەڵك و بەرژەوەندی ڕێكخراوەكەت بخەیتە سەرووی بەرژەوەندی خۆت، بۆیە دەگوترێ مارتن لوثر دەستبەردای چەندین ماف و ئازادی كەسی بوو تاكو ماف و ئازادی كەسانێكی تر بەدەستبێنێ.

بەکورتی یەكێك لە مەیلە دەرونییە خراپەكانی سەرکردەی ناپەسەند و ئەنانی (نەخۆشی بەئامانجگرتنی شوێنگە و بەرژەوەندی تایبەت)ـە وەک هەموو ئەو سەرکردانەی کە سەرەتا ئامانجیان سەرکەوتن بوو  دواجار بەدەردی ئەو نەخۆشیەوە توشی هەڵئاوسانی سیاسی و ئابوری بوون و ڕێڕەوی ستەمکاری و میلیتاریزمیان هەڵبژارد و بوونە مەترسی بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگا، گەر بەشی یەکەمی ئەو ئاراستەیەیشی وەرنەگرتبێ ئەوا وەک هەڵگری درمە پەتایەکی کوشندە دوای بەدەستھێنانی دەستكەوتە مەعنەویيەکانی لە کایەی سیاسی و ڕێکخراوەیيدا، پەلاماری بەرژەوەندیيە تایبەتیيەکانی خۆیان دەدەن و دواتر وەک ئەوەی پێویستیيە ماددی و مەعنەویيەکانیان پڕکردبێتەوە، دەستبەرداری تێکۆشان و مەکانەتی کەسایەتی خۆیان دەبن و دووردەكەونەوە لە كاركردن بۆ بەھێزبوونی ڕێكخراوەكانیان و دەستە باڵاكان کە هەڵگری هەمان فۆڕمی سەرکەوتنی ئەوان بووە لە ڕابردوودا ، ئەم دیاردەیەش زیاتر لە سەرکردە خۆپەسەند و ناکاراکاندا دەردەکەوێت و هەندێ جاریش کاریگەری نەرێنی دەبەخشێتە پێکهاتەی گشتی ڕێکخراو و حزبەکە و وەک جۆرێک لە ڤایرۆسی کوشندە پێویستی بە چارەسەرکردنی ڕیشەيی و بەپەلە هەیە و ناکرێ مەترسیيەکانی بەهەند وەرنەگیرێ .

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە