وەڵام بۆ کتێبی بیرەوەرییەکانی فارس کورەمارکی

 مەغدید حاجی

 بەشی دووەم و کۆتایی

 هەڤاڵ فارس ڕاستدەکات کە دەڵێ :  " شەڕی هەندرێن یەک لە دیارترین شەڕەکانی شۆڕشی ئەیلول بوو " .. هەروەها ڕاستە کە کاک ئیدریس بارزانی سەرپەرشتی دەکردە سەر هەردوو بەرەی هەندرێن و زۆزک (ل 108 )، بەڵام پلانی شەڕی هەندرێن کاک ئیدریس داینەناوە، بەڵکو پلانی شەڕەکە (12-5-1966) و ڕزگارکردنی چیای هەندرێن، لە لایەن ڕەئیس کەمال نعمان بەرپرسی سیاسی و سەربازی هێزی حزبی شیوعی (لێژنەی ئازادی ) دانراوە،بە هاوکاری لەگەل ئەندامانی لێژنەی ئازادی ( فاخیر مێرگەسۆری، ملازم خدر، منیر یەعقوب، حاجی مەلا سەعید) لەگەل عزەت سلێمان بەگی دەرگەڵە. ( چاوپێکەوتنی تۆمارکراومان لەگەل فەریق نعمان علوان، ناسراو بە ملازم خدر، لە 16-1-2022 بارەگای کومەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عیراق لە هەولێر)

 ڕاستە  فاخر مێرگەسۆری کە ئەندامی حزبی شیوعی بوو، فەرماندەی مەیدانی یەکەمی داستانی هەندرێن بوو، بەو پەڕی ئازایەتی شەڕی کردووە، لەوەشیاندا کاک فارس ڕاستی نووسیوە کە دەڵێ، پێشمەرگە شیوعییەکان ڕۆڵێکی دیاریان بینی، لە ناویاندا چەندین ئەفسەری عەرەب هەبوون کە پەیوەندییان بە شۆڕش کردبوو، ڕۆڵیان هەبوو لە یەکلاکردنەوەی شەڕەکە..

 نووسەری بیرەوەری (فارس کورەمارکی) لە لایەک ستایشی شەڕی هەندرێن و ڕۆڵی شیوعییەکان دەکات، بەڵام دوای چەند دێرێک بە ناڕەوا دەیەوێ لە گرنگی داستانی هەندرێن کەمبکاتەوەو دەڵێ :  " ئەگەر ئێمە لە هەردوو بەرەی زۆزک و گەرووی عومەراغا، خۆڕاگر نەبووینایە سەرکەوتن بەدەست نەدەهات "!!

 دەڵێ، وەکو گریمانە، ئەگەر سوپا دەستی بەسەر چیای هندرێن دابگرتایە ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەیان جێبەجێ نەدەبوو(ل 108) بە بێ کۆنترۆڵی چیای زۆزک و گەرووی عومەراغا، سوپا نەیدەتوانی ڕێگای هامڵتۆن کۆنترۆڵ بکات" .. نووسەر دەڵێ ، دەبوو لەجیاتی ناونانی (شەڕی هەندرێن) ناوبنرایە شەڕی (حەوزی ڕواندز) یان (باڵەک) !نووسەر دەڵێ ، من نکووڵی لە کاریگەریی شیوعییەکان، بە سەرکردایەتی فاخر مێرگەسۆری ناکەم لە شەڕی حەوزی ڕواندز، بەڵام سەرکەوتنەکە لە هەرسێ بەرەی شەڕەکەدابوو (ل 109)..

 ئێمەش لە وەڵامیدا دەڵێین، نکوڵی لە قارەمانێتی و بەرگریی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی پارتی لە هەردوو بەرەی چیای زۆزک و گەرووی عومەراغا ناکەین، کە فشاری زۆری جاش و سوپایان لەسەر بوو، شەڕو بەرگریی جوامێرانەیان کردو شەهیدو برینداریشیان زۆر بوو.. بەڵام نەک تەنیا شیوعییەکان گرنگی شەڕی هەندرێنیان وەکو شەڕێکی یەکلاکەرەوە و شکستپێهێنان بە پلانی دوژمن ( توكلت علی الله) باسکردووە، بەڵکو بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی پارتیش نەیان توانیوە دان بەو ڕاستییەدا نەنێن.. کاک مەسعود بارزانی لە ڕۆژی 12-5-2023دا، لە مەڕاسیمی کردنەوەی مۆنۆمێنتی بارزان، یادی داستانی هەندرێنی کردەوەو ڕاستگۆیانە، دەقاودەق ووتی:" ئیمڕۆ ڕۆژی سەرکەوتنی داستانی هەندرێنە لە 12-5-1966 کە بە تەمابوون، بەرنامەیەکیان دانابوو، بێن بە خیلالی دوو هەفتە بگەنە حاجی ئۆمەران ، بەڵام پلانەکەیان سەری نەگرت... لە هەندرێن وەکو ئەمڕۆ سعات چوار هجومی مقابل دەستی پێکرد ، بە ڕاستی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دەورێکی زۆر زۆر گەورەیان بینی لەگەل پێشمەرگەکانی تری شۆڕش. بەڵام مێژوو حەقیقەت چۆنە  دەبێ بیڵێ ،دەوری پێشمەرگەکانی شیوعی زۆر گەورە بوو، بە تایبەتی کەمال نعمان، ملازم خدر کە ئێستا فەریقیشە ئێمە هەر پێی دەڵێین ملازم خدر .. لیوای چوار هەر تەفروتوونابوو، ئەوەبوو مفاوەزات دەستی پێکردو هودنەی حوزەیران پەیدابوو".

 دەتوانین بڵێین ئەم قسانەی کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامە بۆ هەموو ئەوانەی نەیانویستووە ڕۆڵی ڕاستەقینەی فەرماندەو پێشمەرگە شیوعییەکان لە داستانی هەندرێن و کاریگەریی ئەم داستانە بخەنە ڕوو.

 دووپاتی دەکەینەوە سەبارەت بە دانانی پلانی ڕزگارکردنی هەندرێن، لە سەرەوە بە پشت بەستن بە چاوپێکەوتنی تۆمارکراومان لەگەل ملازم خدر ڕوونمان کردەوە. سەبارەت بە بۆچوونی دیکەی کاک فارس کە جەبهەی شەڕی هەندرێن بەرانبەر بە شەڕی زۆزک و گەرووی عومەراغا بە لاوەکی دادەنێت!!

 بێگومان ئەم بۆچوونەش دوورە لە ڕاستی،با ئەوجارەش بەڵگەکەم یان سەرچاوەکەم، لایەنی حیزبی شیوعی نەبێت،بەڵکو فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە مەلامستەفا بارزانی بێت،لەدوای سەرکەوتن لە شەڕی هەندرێن مەلا مستەفا بارزانی یەکسەر برووسکەی پیرۆزبایی بۆ هێزی باڵەک و هەموو فەرماندەکان ناردووەو دەڵێ: " سوپاسی هەڵمەتتان دەکەین ئەی قارەمانانی کوردستان لە چیای هەندرێن، هەوڵ و ماندوبوونتان بەرز دەنرخێنین و پیرۆزباییتان لێدەکەین،بەرامبەر بەو قارەمانێتییە کەم وێنەیەتان، لە بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان" .. بڕوانە : ( شانێک بە بن باری نیشتمانەوە، ژینواری عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی ، ل 173)

 لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی بەمجۆرە لە چیای زۆزک و گەرووی عومەراغا بەدەستنەهات، تاکو بارزانی برووسکەی پیرۆزباییان بۆ بنێریت. بەڵکو لەو کاتدا بارودۆخی سەربازی لە زۆزک زۆر ئاڵۆز بوو..  بڕوانە : ( مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد،بەرگی سێیەم، شۆڕشی ئەیلول ( 1961 - 1975 ) ل 381 -383 )

 هەروەها کاک مەسعود بارزانی نووسیویەتی و دەڵێ: " ڕۆژی 12 ی ئایار پێشمەرگە داستانێکیان لە نازدارترین داستانەکانی گەلی کورد لە هەموو مێژوویدا تۆمارکرد..هەندرێن بارودۆخی سیاسی و سوپایی سەروبن کردەوەو کارێکی بەو کۆمەڵە دڵ لە کورد پڕ لە کینەیەی ناو دەسەڵات بە دەستان کرد، کە لە شەرمەزارییاندا سەریان شۆڕ کەن ، ئیتر لەوە پاش ورتەیان نە دەبیسترا.." بڕوانە : ( مەسعود بارزانی، سەرچاوەی پێشوو ،ل 221 ).

 عزەت سلێمان بەگ، یەک لە فەرماندەکانی سەر بە بارەگای بارزانی لە بارەی گرنگی شەڕی هەندرێن نووسیویەتی و دەڵێ: " .. گەورەترین ئەگەر بڵێم لە هەموو کوردستانا ،شەڕی هەندرێن بوو، شەڕی وا سەرکەوتوو بەناوبانگ کەم بووە..( ژیان و بەرخودان عزەت سلێمان بەگ.. ئامادەکردنی شێرزاد عەبدولرەحمان، 1995 ،ل 45 ).

 لە کتێبی ( بیرەوەریەکانی فارس کۆرەمارکی ،ل 111 ) پەراوێز ژمارە (6)  دا هاتووە، " هەندێ لە شیوعییەکان زێدە ڕۆیی دەکەن کە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە هەندرێن بۆ خۆیان دادەنێن"!!!  دوایی نووسویەتی و دەڵێ : " ئایا ئەوان یەک بریندار یان یەک شەهیدیان لە شەڕی هەندرێن تۆمارکردووە؟ " !! 

 لە ڕاستیدا حەزم نەدەکرد وەڵامی ئەم کاک فارسە بدەمەوە، چونکە نەماوە کۆچی دوایی کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کتێبی نووسیوەو کتێبەکە چاپکراوەو خەڵکانێک وەکو سەرچاوە لەوانەیە پشتیان پێی بەستابێت یان پشتی پێ ببەستن،جا لە پێناوی ڕاستی مێژوویی بە چاکم زانی وەڵامی بدەمەوە، کتێبەکەشی لەم دواییە بەدەست من گەیشت.

 بۆ ڕۆڵ و قوربانی دانی شیوعییەکان ئەگەر خوێنەر، نەشگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە شیوعییەکان، بەڵکو بگەڕێتەوە بۆ هەندێ سەرچاوە کە من لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کردن دەتوانێ لە حەقیقەت بگات..

 سەبارەت بە شەهیدو بریندارەکان لە داستانی هەندرێندا،هەموو ئەوانەی لەم شەڕەدا بەشداربووینە و باسیان کردووەو دەیان سەرچاوەش لەبەردەستە، لە داستانی هەندرێن  ڕۆژی 12-5-1966 تەنیا سێ پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون ، دوانیان پێشمەرگەو ئەندامی حیزبی شیوعی بوون: ( شەهید عەریف یونس سەرلق و بەرپرسی فیدائیە شیوعیەکان بوو، شەهید ساڵح مام ئەلیاس ڕواندزی کوڕی مام ئەلیاس کە سەرپەل و لەگەل کوڕی فیدائی بوون لە شەڕەکە ، سێەم شەهید خدر عەوڵابەگ بەرپرسی یەک لە گرووپەکانی فیدائی لقی عزەت سلێمان بەگ بوو، ئەوانیش دۆستی حزبی شیوعی بوون )

 سەبارەت بە بریندارەکانیش : ( مستەفا چاوڕەش ، ڕەئوف ئەڵلا کەرەمی هەڵەبجەیی، حەسەن قەرەچەتانی، حەسەن عەوڵا حوسێن، حوسێن مەولود، سەعید ڕەزاق دەرگەڵەیی، حوسێن مەولود کەڵێتەیی، عومەر قەرەچەتانی، ئیسماعیل نەسڕوڵلا، سەعید حەمەد ئاغا) زرار سلێمان بەگیش پێی وەرگەڕابوو. بەڵام خۆی باسی برینداربوونی خۆی نەکردووە،بەڵکو مستەفا چاوڕەش ناوی وەکو بریندار تۆمارکردووە، بڕوانه :

( بیرەوەریەکانم، زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، 2007؛ یادەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش، چاپی یەکەم، ل48؛ عزەت سلێمان بەگ، ڕۆژنامەی برایەتی 13-5-1993 ؛ مەحمود دکتاریۆف، گۆڤاری هەندرێن، ژمارە سفر، 1998 ).

 عزەت سلێمان بەگ دووپاتی کردۆتەوە کەتەنیا ئەوان و  هێزی حیزبی شیوعی لە داستانی هەندرێن ڕۆژی 12-5-1966 بەشدار بوون.

 بەشێکیش لە پێشمەرگەکانی کاک عزەت یان شیوعی بوون یان دۆستی حزبی شیوعی بوون.. بارزانیش پاراستنی هەندرێنی بە پلەی یەکەم بە حزبی شیوعی سپاردبوو، کاک مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا ئەمەی چەسپاندووەو دەڵێ : " ئەرکی هەرە گەورە لە داکۆکی کردن لە هەندرێن لە ئەستۆی یەکە لەشکرییەکانی حزبی شیوعیدا بوو" بڕوانە: مەسعود بارزانی سەرچاوەی پێشوو ، ل 217.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا