بەهاوبەشی نووسراوە

د.محی الدین حسن  -  هەندرێن ئەحمەد

پاسپۆرتی عێراقی سێیەم خراپترین و بێ باوەڕترین پاسپۆرتە لەجیهاندا، بەوە نییە كە چاپێكی جوانی هەیە، بەڵكو ، پاسپۆرتەكە دەربڕی ، بارودۆخی خراپی دەوڵەتداری و تەنگژە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق پیشان دەدات، دەوڵەتێكی شكستخواردوو، حكومەتی شكستخواردووی تایفی، دەیان تەنگژەی ناوخۆیی و هەرێمی دیكە، بۆیە بەكورتی و بەكوردی ، ئەوەی پێی دەگوترێت هاونیشتمانی عێراق، بەخراپترین دیكۆمێنت، بۆیان هەیە گەشت بكەن و لەهەموو شوێنێكیش ، ئەو دیكۆمێنتەی كە ناوی پاسپۆرتە، نایپارێزێت و بەردەوام وەكو تۆمەتبار سەیر دەكرێت.

ئەم جارە لەسەروبەندی، ئامادەكاری بۆ گەشتی فەرەنسا و هەندێك كاری حزبی ، هەر لەهەولێرەوە، دووچاری كێشە هاتین لەگەڵ هێلی ئاسمانی قەتەرییە و گوایە زانیاری هەڵە لەگرتنی بلیتی گەشتەكەماندا هەیە و نەمانتوانی گەشت بكەین ، دوای دوو رۆژ ململانێ و سەردان، جارێكی دیكە هەوڵمانداوە ، چونكە نەدەكرا وەها بەئاسانی واز لەتێچووی گرتنی بلیتەكان بهێنین، بۆیە هەریەكەمان بەتەنیا كورسییان بۆ دابینكردین، ئینجا هەمان كێشە دروست بوو كە لەجاری پێشوودا هەبوو، بەڵام ئەمجارە ستافی قەتەرییە خۆیان چارەسەریان كرد،

لە فڕۆكەخانەی حەمەد لەدەوحەی پایتەختی قەتەر، لەكاتی چوونە دەرگەی سەركەوتن، هەركە پاسپۆرتی عێراقیان بەدەستەوە دیتین ، وەریان گرت و گوتیان ببوورن دەبێت  لەرووی ئەمنییەوە وردبینی لە دیكۆمێنتەكانتان بكەین، ئێمەش بەدڵێكی پڕەوە گوتمان چارمان چییە ، هەر ئەوەمان پێیە، با چاوەڕێ بكەین، كەچی خەڵكانی دیكە بێ منەت، پاسپۆرتەكانیان نیشان دەداو دەچوونە هۆڵی چاوەڕێی سەركەوتن و فڕین(گەیت).

ئێمە ماوەیەكی باش چاوەڕێمان كرد، تا كەسێك لەئەمنی فڕۆكەخانە هات، پاسپۆرتەكانی وەرگرت، بێگومان ئەوەمان لەبیر نەچێت، نەك لەنۆرەی چوونە ژوورەوە بەڵكو لەرێرەوی هاتوچۆی گشتی، هەرچی بەلاماندا تێپەڕدەبوو، سەیرێكی دەكرین وەكو ئەوەی شتێكمان كردبێت.

دوای چەند پرسیار و داواكردنی چەند بەڵگەننامەی دیكە، پاسپۆرتەكانیان بەئامێری تایبەت ، پشكنی ، ئینجا ناوە ناوەش سەری بڵند دەكرد و لایەنی دەروونی و هەڵسوكەوتی ئێمەی هەڵدەسەنگاند، دواجار ، كە هەموو شتەكانمان تەواو فەرمی بوو، بەنادڵی گوتییە ستافی فڕۆكەخانە، ئەوانە كێشەیان نییە، دەتوانن رێیان پێ بدەن ‌و بڕۆن. كە گەیشتینە فەرەنساش، دیسان كۆنترۆل وەستابوو، ئەوانەی پاسپۆرتی وڵاتانی دیكەیان پێ بوو، تەنها سەیری ناوی وڵاتی پاسپۆرتی دەكرد، ئەوەی ئێمە لێكی كردەوە و سەیری ستیكەری ڤیزا و پێناسێكیشی كرد. بەهەر حاڵ ئەوەش تێپەری.

ئەم بابەتە، لەزۆربەی جارەكان دووبارە دەبێتەوە، بۆ زۆربەی كەسەكانیش، بەڵام ئەوەی جیاوازی دروست دەكات، ئەوەیە كە تۆ پاسپۆرتی عێراقیت پێ بێت ، لەهەموو شوێنێك دەبێ  زۆر هێمن و لەسەر خۆ بیت و ناتوانی قسەیەك بكەیت بەپێچەوانەی پاسپۆرتی وڵاتێكی پێشكەوتوو كە لەسەر بچووكترین شت ، بێ دەنگ نابێت.

لەبابەتێكی هاوشێوەدا، ماوەی رابردوو ، ئۆڵمپیادی پاریس سازكرا، براوەی هەر یارییەك كە خەڵاتی دەبردەوە بەتایبەتی خەڵاتی زێڕ، ئاڵای وڵاتەكەی لەگەڵ مارشی نیشتمانییەكەی بەرز دەكرایەوە، زۆرێك لەگەنج و توانادارانی وەرزشی كوردستان لەم هەلە جیهانییەدا بێ بەشن چونكە ئەگەر خەڵاتێكیش بەدەستبهێنن، ئەوا دەبێت لەژێر ناوی عێراق یان ئێران یان سوریا یاخود توركیا و هەندێك وڵاتی دیكەدا بن، بەشداری بكەن و سڵاو بۆ ئاڵای ئەو وڵاتە بكەن.

بەڵام سەیر لەوەدایە، ئەگەر ئەم سەردەمە كەشێكی وەها دروستكراوە، باسكردن و داكۆكی لەسەربەخۆیی ، وەكو عەیبەی لێكراوە نازانێ ئەگەر وڵاتی خۆی هەبێت هەندێك لەكێشەكانیان كەمتر دەبێتەوە، نەیاران لەوەدا سەركەوتووبوون و حكومدارانی كوردستانیش بەخراپ حكومكڕانی و حزب حزبێنە لەبری نیشتمانپارێزی، رێگایان بۆ ئاسان كردن.

لەكۆتاییدا، ئەگەر پێمان بكرێ ، واز لەم پاسپۆرت ‌و كارتی نیشتمانی عێراقییە دەهێنین بەڵام هیچ رێگا و چارەیەكمان بۆ جێگرەوەی نییە، بۆیە هەر ئەوەندە دەڵێین ، ئەو كەسە كەسە ئەلفێكی بەسە!!

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە