
هۆشیاری عەبدولعەزیز
لەفەزای حوکمڕانی و دەوڵەتداریدا دەسەڵاتی سیاسی مانا و تێگەیشتنێکی قوڵ و جیاوازی هەیە و پەیوەستە بە فەلسەفەی سیاسی و ئەو ڕەهەندە یاسایانەی کەدواجار دەوڵەت لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا فۆرمەڵەی دەکات، واتا لە بنەڕەتدا دەسەڵات وەک سیستمێک بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و ئیدارەدانی دەوڵەت دروست بووە و میکانیزمێکی پارێزەرە بۆ مافە بنەڕەتییەکانی تاک و دابینکردنی ژیانێکی شایستە.
لە سیستمێکی تەندروست و دادپەروەردا، دەسەڵات وەک "گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی" کاریگەر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەبێتە فاکتەری بەرجەستە کردنی ئەو چوارچێوە یاساییەی کە تێیدا دەوڵەت ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی خۆی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا جێبەجێ دەکات و شکۆی مرۆڤ دەپارێزێت. بەڵام کاتێک ئەم فەلسەفەیە پێچەوانە دەبێتەوە، دەسەڵات لە میکانیزمی خزمەتگوزارەوە دەگۆڕێت بۆ هەژموونی هێزێکی داپڵۆسێنەری قەیراناوی و وایلێدێ نیشتمان نەک وەک ماڵ، بەڵکو وەک دەستکەوتێکی بازرگانی دەبینرێت و هەموو جۆرە سەودایەکی پێوە دەکرێ. ئیتر شتێک نامێنێتەوە بەناوی دەسەڵاتی حوکمڕانی و ئیدارەدانی نیشتمانی.
لەناو تێگەیشتنی ئەم پارەدایمەدا هەرێمی کوردستان باشترین نموونەی ئەو جۆرە دەسەڵاتە لە خۆدەگرێت و لە ئێستادا لە ناو چەقی قەیرانێکی کوشندەی جەردەیی و ڕاوڕووتی قووڵدایە و هەموو سنوورەکانی ئەخلاقی دەوڵەتداری و پاراستنی مافی هاوڵاتیبوون و خزمەتگوزاری گشتی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدای وا کە چیتر ئەمە تەنها دەزگایەکی یاسایی نییە و گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی توندوتۆڵ لە بەرژەوەندیی ئابووری و سەرمایەداریی حزبی، کە لە پشت پەردەی "پەیوەندیی خێڵەکی" و "سیستەمێکی ئەمنیی فراوان"ەوە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگای کۆنتڕۆڵ کردووە. ئەم دەسەڵاتە بۆ ماوەی سێ دەیە توانی شەرعییەتی خۆی لە ڕێگەی مێژووی شۆڕش و قوربانیدانی بێشووماری گەلەوە بپارێزێت، بەڵام ئەمڕۆ کە ئەو فۆڕمە بەهۆی گەندەڵیی بێوێنە و نادادییەوە لەرزۆک بووە، دەسەڵات دەمامکە نەتەوەییەکەی لادەبات و دەگەڕێتەوە بۆ شێوازە ڕاستەقینەکەی خۆی کە "تاڵانکاریی ئابووریی ڕەهایە".
دەرکەوتەی هەرە مەترسیداری ئەم دەسەڵاتەش لە هەوڵە چڕەکانیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگاو تاکەکانی ئەوەبوو کە بەچڕی کاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کەرتی گشتی و سپاردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەرتی تایبەت کرد و بووە مۆرانەی ڕووتاندنەوەی کایە گشتیەکە و وەک گۆڕانکاریەکی گرنگ وێنای کرد.
لەکاتێکدا و بەپێی هەموو پێوەرێکی لۆژیکی ئەم گۆڕانکارییە لە سێکتەرەکانی کارەبا و ئاو قوتابخانە و پەروەردە و تەندروستیدا ئەنجامی داوە تەنها "گواستنەوەی خاوەندارێتی دەوڵەت و سێستەمی حوکمڕانی نەبوو بەمانا گشتیەکەی ، بەڵکو پرۆسەیەکی "ڕووتانەوەی سیستماتیکە" کە تێیدا هاووڵاتی وەک "کڕیار" دەبینرێت نەک وەک "خاوەن ماف". گواستنەوەی کەرتە هەستیارەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە و بەتایبەتی کەرتی کارەباش بۆ کۆمپانیاکانی سێبەر، گەورەترین ناپاکی یە بەرانبەر بەو میللەتەی کە دنیایەک قوربانی بەخشیوە لە پێناو ژیانێکی نۆرماڵی بە کەرامەت.
گرانکردنی کوشندەی نرخی کارەبا لەژێر ناوی "ڕێکخستنەوە و پڕۆژەی ڕووناکیەوە نموونەیەکی زەقی ئەو جەردەیی و تاڵانچێتیەیە کە دەسەڵات لە دژی ژیان و گیرفانی هاووڵاتییان ڕایگەیاندووە. ئەم سیاسەتە ستراتیژییەکە بۆ پەراوێزخستنی زیاتری مرۆڤی کورد؛ دەسەڵات دەیەوێت مرۆڤ ئەوەندە ماندووی دەستەبەری نان و پێداویستیە ژیانیەکان بێت، کە کاتی بۆ بیرکردنەوە لە ئازادی و مافە سیاسییەکانی نەمێنێت.
خراپیی خزمەتگوزارییەکان لە بەرانبەر باج و سەرانە بەرزەکاندا، گەیشتووەتە ئاستێک کە دەوڵەت وەک دەزگایەکی "سەرانەگر" کار دەکات؛ لە لایەکەوە سەرچاوە نیشتمانییەکان تاڵان دەکرێن و لە لایەکی تریشەوە لە ڕێگەی پێوەری زیرەک و گرانکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە، بە بیانووی بەسیستماتیک کردنی پڕۆژەی دەوڵەتداری داروپەردووی ژیانی ئەو کۆمەڵگایە بەتاڵان دەبرێت.
بەفیعلیش ڕەهەندەکانی پشت ئەم پرۆسە مەترسیدارە کە دەسەڵات وەک چاکسازی و پەرپێدانی خزمەتگوزاری بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، بۆخۆی جۆرێکە لە گیرفانبڕینی سیستماتیک و لە پەنای کەرتی تایبەتدا مامەڵە و سەودای پێوە دەکەن و درێژکراوەی
دەمامکێکە بۆ ڕاکێشانی دوایین پارەیی گیرفانی خەڵک بۆ ناو خەزێنە حزبییەکان. واتا دەیانوێ لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکەن و هەژموونی کۆمپانیا حزبییەکانیان بکەنە چەترێک بۆ ڕاوڕووت و زیاتر چەوساندنەوەی هەژاران .
کاتێک کارەباش لەچوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا دەدرێتە ئەم کۆمپانیایانە، لە ڕاستیدا حزب دەچێتە ناو هەموو ماڵێکەوە و مەترسییەکی ئەمنیی گەورە بۆسەر کایەی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەکات و هیچ دەرچەیەک ناهێڵێتەوە بۆ ڕزگار بوون ، لەگەڵ ئەوەشدا حزب دەتوانێت ئەم پڕۆژەیه وەک چەکێکی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکاربهێنێت و هەر گەڕەکێک یان ناوچەیەک دەنگی ناڕەزایەتی بەرز کردەوە دەکرێت بە پاساوی تەکنیکی یان دارایی کارەبایان لێ ببڕدرێت. کاتێک ئەمەش ڕوویدا ئیتر سێستەمی سیاسی دەسەڵاتدار هیچ بەهایەکی نامێنێ و کۆمپانیا وحزب جێگەی دەوڵەت و دەزگا یاسایەکان دەگرێتەوە و چیتر ناتوانێت ئەو دادپەروەرییە کۆمەڵایەتییە دابین بکات، کە کۆمەڵگا خوازیارێتی. بەکورتی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، جەردەییەکی سیستماتیکی بێ چەندوچوونە و لە فۆڕمی حکومەت و کەرتی تایبەتدا خەریکی ڕووتاندنەوەی کۆمەڵگاو دانیشتوانەکەیەتی.