
نووسینی/زیرەک کەمال
ماوەی مانگێکە گەلی کورد لەهەموو دنیا لە ڕێگای یەکبوون و یەکسەنگەری، زیندوویەتی و گەورەیی خۆی گەیاندووە بە ئەوجی جوانی و درەوشانەوە. ماوەی مانگێکە باشوور لە هەموو ڕوویەکەوە، لە ڕێگای نووسین، ڕێپێوان، خۆپیشاندان، شیعر و شانامە، کۆمەک و هاوکاری ماددی و مەعنەوی بۆ خوشک و براکانی لە ڕۆژئاوای بریندارو زوڵم لێکراو دەنێرێت.
کۆست و ئاوارەیی و هەموو ئەو تراژیدیایانەی بەسەر گەلی کورد هاتووە لە (خۆرئاوا، باشوور، باکوور و ڕۆژهەڵات)، لە وێستگەی جیاواز، کوردی خستووەتە سەر ڕاستەڕێی بەرگریکردن لە شوناسی نیشتیمانی و نەتەوەیی.
ماوەی مانگێکە کورد وەک نەتەوەیەکی چەوساوە لەنێو هەناوی مێژوو، بەڵام گەورە لە ناو واقعدا، قارەمانیەتی و بەرگریەکانی خۆی مانیفێست دەکات.
ماوەی مانگێکە لە سەرجەم گوند و شار و شارۆچکەکانی کوردستان، کورد گۆڤەند، کەرنەڤاڵ و ڕابوونی نەتەوەیی دەست پێ کردووە و «ئەی ڕەقیب» سەرچۆپی گرتووە، نەورۆز هەلهەلە لێ دادات، ئاڵا تاجێکی زێڕینە و لەسەر سەری هەمووان دەدرەوشێتەوە.
ماوەیەکە دروشمی کورد یەکە، وێردی سەر زمانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە، چەپ و دیموکراسیخواز، نەتەوەیی و لیبڕاڵ، هەژار و دەوڵەمەند و پیاوی ئایینی و نووسەر و شاعیر، پزیشک و ئەندازیار، مامۆستا و جوتیار، کرێکار و پێشمەرگە، ژن و پیاو، گەورە و بچووک؛ هەموویان هاوار دەکەن بژی کورد، بژی کوردستان.
ڕاستە، ئاوارەیی و قوربانیەکانی خۆرئاوای کوردستان، دڵمانی لە بەرانبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شکاند. ڕاستە، ڕۆحمانیان بریندار کرد، بەڵام گەلی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە چوارچێوەی یەک ئاڵا و هاواری «ئەی ڕەقیب» و شوناسی کوردستانیبوون، یەکخست.
ئەگەر یەکڕیزی گەلی کوردستان لە ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا، شوناسی نیشتیمانی و نەتەوەیبوونی گەیاندبێت بە ئەوجی تەحەدا و تۆمارکردنی داستانی نەتەوەیی، ئەوا یەکبوونی کورد لە پاڵپشتیکردن و بەهانەوەچوونی خۆرئاوای کوردستان، درێژەپێدانی هەمان ئەو ڕاپەڕینە بوو؛ ڕاپەڕینێک کە ساڵی ١٩٩١دا ڕژێمی بەعسی لە کوردستان وەدەرنا.
ئەو سەردەمەشمان بیر نەچووە، بە داخەوە، شەڕی ناوخۆ، نادادپەروەری، لێکترازان و سەنگەر لە یەکتر گرتنی حزبەکان، وای کرد پیرەمێرد بە تەنیا ئاگری نەورۆز بکاتەوە. دڵدار «ئەی ڕەقیب» تەنها بۆ خۆی بڵێت. بەدرخانیەکان ڕۆژنامەی کوردستانیان تەنها بۆ خۆیان دەربکەن. هەر لەو سەردەم، ئاڵاش مانی لە شەکانەوە گرتبوو. ئێمە دەزانین سیاسەتی ناحەکیمانە و خواستی «هەموو شتێک بۆ من» شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە. شەڕی ناوخۆ دڵی نیشتیمانی شکاند و نەوەیەکی ناچار کرد ڕووە و هەندەران کۆچ بکات.
ئەو مانگەی ڕابردوو، ئەگەرچی بۆ گەلی کورد لە خۆرئاوای کوردستان مانگی خەم، شەهیدبوون و ئاوارەبوون بوو لە پێناوی نیشتیمان، بەڵام وەک باسم کرد، کوردی لە هەموو جیهان خستە یەک سەنگەر و وەک نەتەوەیەک لەسەر یەک ئیقاع، وەک یەک کۆرس، ئاڵای کوردستانی ڕادەوەشاند و هاواری «ئەی ڕەقیب»ی گەیاند. تکایەک لە سیاسیەکانی کوردستان: وەک چۆن لە شەڕی ناوخۆ پەشیمان بوونەوە لە ڕاپەڕین، ئەمجارەش لە ڕێگای دەستپێکردنەوەی دووبارە یەکترشکاندن، هەستوسۆزی هاوبەش و ڕاچەنیوی نەتەوەیی کورد لەبار مەبەن و پەشیمان مەبنەوە لە پاڵپشتیکردنی خۆرئاوای کوردستان.
من ترسێکی قووڵم هەیە لە وەی بەشێک لەنوخبەی سیاسی ، ئەو هەست و ڕابوونە نەتەوەییە لەبار ببەن، کە کورد لە ڕێگای پاڵپشتی کردنی خۆرئاوا دروستی کردووە و بەدەستی هێناوە.