سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕاگەیاندن بەگشتی لە سەردەمی ئێستاماندا، بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە سەردەمی خێرایی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ڕووداوەکانە. بۆئەوەی مرۆڤیش دانەبڕێت لەو سەردەمە، دەبێت هەمیشە پەیوەندی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان هەبێت و ئاگاداری ڕووداوەکان بێت. پێویستە زەمینەیان بۆ بڕەخسێنین کە چاودێری و بەدواداچوون بۆ کار و کەم‌وکوڕییەکان بکەن، بەتایبەتیش لە سەردەمێکدا کە سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری و خێرایی گەیاندن و کرانەوەیە بە ڕووی دنیادا.
لەم سۆنگەیەوە، بەشی ڕاگەیاندن لە هەموو نێوەندە حکومییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا گرنگیی خۆی هەیە، چونکە ئەم بەشە دەبێتە ئەڵقەی پەیوەندی و گواستنەوەی هەواڵ و چالاکییەکان و گۆڕینەوەی زانیاری و داتا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بوونی ئەم بەشە لە هەر فەرمانگەیەکدا، نیشانەی کرانەوە و ڕوونییە لە کارکردن و ڕاشکاوییە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەتیش لە بواری دارایی و خەرجی و ئامار و ڕاسپاردەکاندا.
بۆیە، هەر فەرمانگەیەک کە پەیوەندی زیاتری لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان هەبێت و زەمینەی کارکردنیان بۆ بڕەخسێنێت، ئەوەندە زیاتر دەبێتە جێی ڕەزامەندی و دەڕەوێنێتەوەی هەموو گومان و لێکدانەوەیەکی هەڵە. بە پێچەوانەشەوە، چەندە ڕاگەیاندن پەراوێز بخرێت و دەرگای لێ دابخرێت، ئەوەندەش گومان لە چۆنییەتی کارکردن و نیازپاکی ئەو فەرمانگەیە و بەڕێوەبەرەکەی دروست دەبێت. چونکە ئەو بەڕێوەبەرەی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان کار بکات، ترسی لە ڕاگەیاندن نابێت، هەروەک پیرەمێردی نەمر دەڵێت: "ئەوەی حیسابی پاکە، لە محاسەبە بێباکە."
لە ڕاستیدا، لە فەرمانگە حکومییەکاندا بە گشتی، بەداخەوە بایەخێکی ئەوتۆ بە ڕاگەیاندن نادرێت و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان نایانەوێت پەیوەندییەکی ئەرێنی و کراوە و ڕوونیان لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان هەبێت، تا ئەو ئاستەی کە هەر زانیارییەکی یاسایی و گونجاو هەیە پێیان بدەن. ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان، لە لایەکەوە پەیوەندی بە نەبوونی کولتووری ڕەخنە و ڕەخنەگرتنەوە هەیە، و لە لایەکی دیکەشەوە، ئاماژەیە بۆ گومان و داخراوی ئەو فەرمانگەیە لە ڕووی کارکردن و کرانەوە بە ڕووی شەقام و میدیادا.
بەڵام لێرەدا ڕاستییەک هەیە کە دەبێت هەمووان بیزانن، ئەویش ئەوەیە کە هیچ دامودەزگایەک ناتوانێت لە سەردەمی ئەم هەموو پێشکەوتن و تەکنەلۆژیای گەیاندن و هەزاران سەرچاوەی هەواڵەدا، زانیاری لە ڕاگەیاندنەکان بشارێتەوە، چونکە ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە و وەک چاودێر بەسەر کۆمەڵگاوەیە. هەرچەندە ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان ڕێژەییە و مەرج نییە لە هەموو دامودەزگا و فەرمانگەیەک بەم شێوەیە بێت، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان بەم شێوەیەن.
بگرە هەندێک لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان هەر باوەڕیان بە ڕاگەیاندن و کاری ڕاگەیاندن نییە، تا بگاتە ئەوەی هاوکار و هەماهەنگ بن. بەڕێوەبەری فەرمانگەکان تا ئەو ئاست و سنوورە هەماهەنگ و هاوکاری ڕاگەیاندنن، کە زوومی کامێراکانیان دەچێتە سەر و لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکاندا لە ڕیزی پێشەوە دەردەکەون و وێنەیان بڵاودەکرێتەوە. ئەگەر کارەکە پەیوەندی بەمەوە هەبێت، ئەوا ڕاگەیاندن لای ئەوان گرنگە. بەڵام هەر کاتێک ڕاگەیاندنکارێک بیەوێت دەستی بە زانیارییەک بگات، یاخود سەبارەت بە پرسێک و هاتنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پرسیاریان لێ بکات، ئەوا ئەوان دەرگا بە ڕووی ڕاگەیاندندا دادەخەن.
سەرەڕای ئەمەش، چونکە ئەم بەشە وەک بەشێکی ناپێویست سەیر دەکرێت، لە فەرمانگە حکومییەکاندا دەدرێتە دەست کەسانێک کە هیچ شارەزاییەکیان لە کاری ڕاگەیاندندا نییە و پاشخانێکی ڕۆشنبیری و زمانییان نییە تا لە ڕووی بەڕێوەبردنی ئەو بەشەوە کارامەییان تێدا هەبێت. دیارە ئەمەش بە ئەنقەستە و بۆ ئەوەیە کە پەیوەندییەکی کراوە لە نێوان دەسەڵاتی چوارەم و دەزگاکاندا نەبێت و جۆرێک لە داخراوی لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا پەیڕەو بکرێت، تاوەکو نەزانرێت چی دەگوزەرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا