
(ستار ئەحمەد)
لێرەدا پێویستە پرسیارێکی جەوهەری بوروژێنین: ئایا ئەرکی نووسەر چییە لە ناو کۆمەڵگەیەکی وەهادا....؟
ئایا تەنها گوزارشتکردنە لەو واقیعەی کە هەیە، یان هەوڵدانە بۆ گۆڕینی ئەو ئەقڵییەتە نادادپەروەرییەی کە جیاکاری لە نێوان مرۆڤەکاندا دەکات....؟
کاتێک داهێنان دەبێتە بارمتەی دەستی ڕامیاری، نووسەرانی ڕاستەقینە دەکەونە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت. یان دەبێت بچنە ناو ڕیزەکانی ئەو سوپا بێدەنگەی کە تەنها بۆ بەرژەوەندی خەڵات و پلە دەنووسن، یان دەبێت ڕێگە سەختەکە هەڵبژێرن، کە ڕێگەی گۆشەگیری و پەراوێزخستن و بێبەشبوونە لە هەموو جۆرە ڕێزلێنانێکی فەرمی. داهێنان کاتێک لە دایک دەبێت کە ڕۆح ئازاد بێت، نەک کاتێک کە قەڵەم چاوەڕێی ئاماژەی دەسەڵات بێت بۆ جووڵان.
سەربەخۆیی فیکری، کۆڵەکەی سەرەکیی هەر داهێنانێکی مەزنە. نووسەرێک کە خاوەنی سەربەخۆیی نەبێت، ناتوانێت ڕاستییەکان وەک خۆیان ببینێت، چونکە چاویلکەیەک دەپۆشێت کە دەسەڵات بۆی دروست کردووە. ئەم سەربەخۆییە تەنها دوورکەوتنەوە نییە لە لایەنەکان، بەڵکو پاراستنی شکۆی بیرکردنەوەیە لە بەرامبەر هەر گوشار و تەماحێک. داهێنەر کاتێک دەبێتە خاوەن ناسنامە، کە بیروڕاکانی نەبنە کاڵایەک بۆ کڕین و فرۆشتن. مێژوو سەلماندوویەتی کە تەنها ئەو بیرمەندانە شوێن پەنجەیان دیارە، کە ئامادە نەبوون بۆ یەک چرکەش شکۆی فیکری خۆیان بخەنە ژێر پێی بەرژەوەندییە کاتییەکان.
لەلایەکی تریشەوە، داهێنانی ڕاستەقینە تاکە پارێزەری زمانی نەتەوەیە. زمان کاتێک دەبێتە ئامرازێک بۆ پیاهەڵدان و شاردنەوەی ڕاستییەکان، بەرەو داڕمان و بێمانایی دەچێت. بەڵام نووسەری ئازاد، بە داهێنانەکانی ڕۆحێکی نوێ بەبەر زماندا دەکات و دەیکاتە ئامرازێکی زیندوو کە توانای گوزارشتکردنی لە قووڵترین کێشە مرۆییەکان هەبێت. پاراستنی زمان لە ژەهری درۆ و ساختەکاری، گەورەترین خزمەتە ،کە داهێنەر پێشکەشی نەتەوەکەی دەکات. ئەگەر زمان لە دەستی پیاهەڵدەراندا ببێتە مومێک، لە دەستی داهێنەرە سەربەخۆکاندا دەبێتە شمشێریک بۆ بڕینی تەمومژی نادادی.
ئەم دۆخەی ئێستا، کە تێیدا خەڵات و ڕێزلێنان تەنها بۆ بازنەیەکی دیاریکراوی لایەنگرە، جۆرێکە لە تیرۆری مەعنەوی بەرامبەر بەو مێشکانەی کە نایانەوێت ببنە پاشکۆ. کاتێک ناوەندێکی زانستی یان بنکەیەکی ڕۆشنبیری، دەبێتە پاشکۆ و سێبەری بڕیارە دەسەڵاتدارییەکان، لە ڕاستیدا واتا و شکۆی زانست و مەعریفە لە ناو دەبات. زانکۆ دەبێت شوێنی پەروەردەکردنی مرۆڤی ئازاد بێت، نەک کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی پیاهەڵدەر و مۆرکردنی ناسنامەی تاقم و گروپەکان بەسەر داهێنەراندا. پشتگوێخستنی ئەو نووسەرانەی کە بەرهەمەکانیان لە ئاستێکی جیهانیدایە بەڵام لە ڕووی ڕامیارییەوە بێلایەنن، واتای ئەوەیە کە ئێمە وەک نەتەوە هێشتا لە مانا قووڵەکانی شارستانیەت تێنەگەیشتووین.
ناکرێت باس لە داهێنان بکەین و باس لەو نەوەیە نەکەین کە چاویان لە ئێمەیە. کاتێک گەنجێکی لێهاتوو دەبینێت، کە هەموو دەرگاکان بە ڕووی داهێنەرە سەربەخۆکاندا داخراون، تووشی جۆرێک لە نامۆبوون دەبێت بەرامبەر بە نیشتمانەکەی. ئەم نامۆبوونە وای لێدەکات یان بیر لە کۆچ بکاتەوە بۆ وڵاتێک کە ڕێز لە مێشک بگرن، یان ناچار بێت بەهرەکانی خۆی بکوژێت و ببێتە مۆرەیەکی ناو کایە دەسەڵاتخوازییەکان. ئەمە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر پاشەڕۆژی زمان و ئەدەبی ئێمە. ئەگەر ئەمڕۆ ڕێگری لەم دیاردەیە نەکەین، سبەی دەبینین کە مێژووی ئێمە تەنها پڕە لەو نووسینە بێ ناوەڕۆکانەی کە بۆ مەبەستی کاتی و بۆ ڕازیکردنی خاوەن دەسەڵاتەکان نووسراون.
لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی خوێنەری هۆشیار وەک دادوەرێکی بێلایەن دەردەکەوێت کە دەتوانێت داهێنانی ڕاستەقینە لە نووسینی ساختە جیا بکاتەوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە ڕێزلێنانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە ناو دڵ و بیری خوێنەراندا دەمێنێتەوە. داهێنان کاتێک دەبێتە ناسنامە، کە نووسەر لە جیاتی پیاهەڵدان، ببێتە ئاوێنەی دەرد و مەینەتییەکانی خەڵک. شکۆی وشە لەوەدایە کە کڕنووش بۆ هێز نەبات، بەڵکو هێز ناچار بکات کە گوێ لە ڕاستییەکان بگرێت.
داهێنان ناسنامەیەکی مرۆییە و مرۆڤیش کاتێک دەگاتە لوتکەی داهێنان، کە هیچ زنجیرێکی لە دەست و پێدا نەبێت. ڕێزلێنانی ڕاستەقینە لەوێوە دەست پێدەکات، کە ئێمە دان بە جیاوازییەکاندا بنێین. من لێرەوە، وەک نووسەرێک ،کە هەمیشە بڕوام بە هێزی وشە هەبووە نەک هێزی دەسەڵات، دەڵێم: با خەڵاتەکانتان بۆ خۆتان بێت، با کۆڕ و کۆبوونەوە ڕەنگاوڕەنگەکانتان بۆ پیاهەڵدەرەکانتان بێت؛ ئێمە خەڵاتی خۆمان لە نێوان دێڕی کتێبەکانماندا دەدۆزینەوە. ئێمە ڕێزلێنانی خۆمان لە دڵسۆزی خوێنەرەکانماندا دەبینینەوە. داهێنان ناسنامەی مرۆییە و ئەم ناسنامەیەش بە هیچ خەڵاتێکی ڕامیاری ناشێوێت. با مێژوو بڕیار بدات کێ خزمەتی بەم زمانە کردووە و کێش بووەتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان. ئێمە لە ڕێگەی خۆمان بەردەوام دەبین، بە قەڵەمێکی ئازاد و مێشکێکی بێترس، چونکە دەزانین ڕاستی هەمیشە لە کۆتاییدا سەردەکەوێت و داهێنانی ڕاستەقینەش تەنها ئەوەیە کە لە خزمەتی مرۆڤایەتی و ڕاستیدا بێت.