هۆشیاری عەبدولعەزیز

                                                                  

ڕەنگە یەكێك لەنەخۆشیە هەرە مەترسیدارەكانی سیستەمی سیاسی و پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی ، خۆسەپاندن و هەنگاونانبێت بە ئاراستەی ئیحتكاركردنی سوڵتەو دەستبەسەرداگرتنی سێكتەرە جیاجیكانی دەوڵەتداری ، چونكە لە زۆر لە دەوڵەتە دیكتاتۆری و نیمچە داسەپاوەكاندا ئەم بابەتە سەنتراڵی بیركردنەوەی كۆنترۆڵكردنی سوڵتەیە و پێكهاتوە لە چەندین سوژەی جیاجیای ناو بیرولێكدانەوەی دەسەڵات و قورخكردنی دەسەلات و مانەوە بۆ درێژترین حوكمڕانی ، هەڵبەتە لەگەڵ بانگەشەی ئەوەدا كە ئەمە سیاسەتە و سیاسەت بەرژەوەندییە و پەیوەستە بە مۆڕاڵی گشتی و  هونەری مومكینیاتەوە بە دورە لە فۆڕمە باوەكەی كە فڕوفێڵ و تەڵەكەبازی و بردنەوە و سەركەوتنە بە هەر نرخێك بێت لە چوارچێوە و بازنەی دەسەڵاتدا  ، هەرچەندە ئەمە لە بنەڕەتدا حەقیقەتی پرۆسەی حوكمڕانیە و لە هیچ كوێی دنیادا نیە سیستەمی سیاسی كارلەسەر ئەو بابەتە نەكات و خۆی بەدور بگرێ لە سیاسەتخستن و كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگا ، بەتایبەت لەو كۆمەڵگا و پێكهاتە كۆمەڵایەتیانەی كە دیموكراسی و ئازادی بیروڕا هیچ نرخ و بەهایەكی نیە و نەبوەتە بنەمایەكی گرنگ بۆ ئاگای كۆمەڵگا بەتایبەت لە وڵاتانی دەرەوەی خۆرئاوا ،  ڕوونترلەوەش ، ئەوەیە كە بەگشتی سیاسەت و دەسەڵات لەڕۆژهەڵات دا دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی نا دیموكراسیە و پتر لەم بازنەیەدا دەخولێتەوەو ناتوانێ لە گەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و گۆڕانكاریە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی خۆرئاوادا هەنگاو بنێ و زیاتر لە دۆخێكی وەستاودا چەقی بەستوە 

لەم جۆرە حوكمڕانیەدا زۆر جار پەنا دەبرێتە بەر چەواشەكاری و بڵاوكردنەوەی دوفاقی و بۆ ئەمەش زیاتر پشت بە چەند میكانیزمێكی نەخشە بۆ كێشراوی وەك ( بڵاوكردنەوەی ئاین و هاندانی خەڵك بۆ دوركەوتنەوە لە خوێندەواری و بڵاوكردنەوەی ھەژاری ) دەبەستن بۆ كۆنتڕۆڵكردن و دەست بەسەرداگرتنی تاكەكانی كۆمەڵگا و دەسەڵات ، ئەم جۆرە دەسەڵاتە بەردەوام لە هەوڵی دوورخستنەوەی خەڵكدان لە بیركردنەوە، خوێندنەوە، بەدواداچوونی زانست و سیاسی و  هەوڵدەدەن خۆمەڵگا ڕووبەڕووی دۆخی تەمەڵی و كات بەفیڕۆدان بكەن و تاك دوورخەنەوە لە هەر جۆرە وشیاریەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دیارە بەرھەمی ئەم جۆرە سیاسەتەش گەلێكی ترسنۆك و كۆمەڵگایەكی داڕووخاو بێ بەرھەمە وەك ئەوەی ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی  ڕۆژهەڵاتدا دەبینرێ بە عێراق و كوردستانیشەوە 

گەر ئەم بابەتە بە ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان تەرجەمەكەین دەبینین ئەوەی ئێمە ناومان لێناوە پرۆسەی حوكمڕانی ڕێك لەو ئاستەدایە كە ئاماژەم بۆ كرد و تا ساتەوەختی ئێستایش دانەبڕاوین لەو ژینگە ڕۆژهەڵاتیەی كە هەمان ئەقڵیەت بەڕێوەی دەبات و پڕین لە ویستی گەیشتن بەدەسەڵات و مۆنۆپۆڵكردنی حوكمڕانی و نەتوانراوە خۆ بەدور بگرن لەو نەخۆشیە كوشندەیەی كە هیچ مەهارەتێكی ئەرێنی تێدا نابینرێ و پێچەوانە بوونەتە ڕایەڵەی گواستنەوەی قێزەوەنترین ئەو ڕێكارانەی كە خزمەت بە دەسەڵات و كورسیەكانیان دەكات و  لە پێناو  مانەوەی خۆیان و دەسەڵات و بەرژەوەندیە حزبی و بنەماڵەیەكانیشیاندا ئامادەن سازش لە سەر تەواوی بەها نەتەوەی و نیشتمانیەكان بكەن 

ئەم جۆرە دەسەلاتدارە  ستەمكارە كە لە شۆڕشەوە هاتن و بەناوی گەلەوە كەوتنە حوكمڕانی ، لە بری بەرجەستە كردنی خۆشگوزەرانی و چەسپاندنی دادوەری كۆمەڵایەتی  كۆمەڵگای كوردیان كردە كۆمەڵگایەكی شكستخواردووی دابڕاوو لێكترازاوی نەشاز و خۆشیان بوونە كۆمەڵێك دەزگای مافیای بوونە ئەلتەرناتیڤی پرۆسەی گۆڕانكاریەكان و، ئەم وڵاتەیان غەرق كرد لە فەوزا و وەك لاكێكی تۆپیوی لێهاتوە و هەموو ئەوانەی هەڵپەی دەسەڵات و كورسی و پارە و كۆكردنەوەی سەروەت و سامانیانە سەریان تێكردوە و بۆن و بەرامە پیس و بۆگەنەكەشی  كۆمەڵگای لە خۆیدا خنكاندوە و هیچ دەرەچەیەكی نەهێشتۆتەوە  بۆ دەربازبوون و جگە لە گۆڕنانی خۆیان ، لە گەڵ ئەوەشدا ، بە دڕندەترین شێوەش ڕووبەڕووی هەر جۆرە جوڵەیەكی خەڵك دەبنەوە كە لە پێناو ماف و داخوازیەكانی خۆیاندا پەنای بۆبەرن و بێ گوێدانە هیچ دەرهاوێشتەیەكی خراپ و مەترسیدار دەكەونە تێهەڵدان و ئەشكەنجەدان و ڕاودوونان و گرتنی خەڵك و سوكایەتیپێكردنیان و تەنها خۆیان بەشایستەی حوكمڕانی و دەسەڵاتی باڵا و بەڕێوەبردنی نیشتمان دەزانن و دەیانەوێ بۆ هەمیشە ئەوان بن و هەر بۆ ئەوانیش بمێنێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا