هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەكێك لە هۆكارە هەرە كاریگەرەكانی داڕووخانی كۆمەڵگا و تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵایەتی و نەمانی ئینتيمای نیشتمانی، بێئومێدیيە لە دەسەڵات و پرۆسەی حوكمڕانی و ئەو ستراكچەرانەی كە پایەكانی دەوڵەت ڕادەگرن، لە زۆر لە كۆمەڵگا دواكەوتوو داسەپاوەكاندا دەسەڵات لە پرۆسەی بەردەوامی خۆیدا و لە دەرئەنجامی ئیحتكاركردنی جومگە گرنگەكانی ئیدارەدانی دەوڵەتدا دەبێتە هۆكاری دروستبوونی حاڵەتێكی مەترسیداری دەروونی وا، كە مرۆڤ لە بازنەی سیاسەتی ئەو دەسەڵاتەدا توشی جۆرێك لە داڕمانی قووڵی دەروونی دەبێت و ناتوانێ بەشێوەیەكی كرداری داكۆكی لە بەها كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پێشێلكردنی ماف و داخوازیيە ڕەواكانی خۆی و كۆمەڵگا بكات، كە كراونەتە قوربانی بەرژەوەنديیە تایبەتەكانی حزب و جەمسەرە دەسەڵاتدارەكان.
زۆرجار ئەم جەمسەرانە كە لە پرۆسەی ئیدارەدانی كۆمەڵگادا خاوەن پایەی بەهێز و بڕیاردەرن، دەبنە هۆكاری دروستكردنی بۆشایيەكی گەورە لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا و هەوڵدەدەن لەو ڕێگایەوە چاوەڕوانی جەماوەر و بێباكی و بێخەمی دەسەڵات دروستبكەن، كە لە ڕووكاری یەكەمدا قازانجەكەی بۆخۆیانە و لە پشتیشەوە حزب و بنەماڵە دەبنە ئامێری ئاراستەكردن و جووڵاندنی خەڵك تا ئەو ئاستەی كە جۆرێك لە نائومێدی چێدەبێ و بەدروستبوونی نائومێدیش دەسەڵات بۆخودی خۆی دەبێتە خاوەنی سەرەتا و كۆتايی پرۆسەی حوكمڕانی و كەس ئومێدی بەگۆڕانكاری و هیچ جۆرە چاكسازیيەك نامێنێ و ڕاستەوخۆ دەبێتە گرێیەكی دەروونی مەترسیدار و كاردەكاتە سەر تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی دەیان جۆر لە قەیران و تەنگوچەڵەمەی ئابووری و ژیاری كۆمەڵگا و دەبێتە هۆكاری دروستكردنی بۆشاییەكی گەورە لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدا، ئەم بۆشایيەش هێندەی تر كاریگەری دەكاتە سەر جۆری بیركردنەوە و تێڕامانی خەڵك لە سیاسەت و حوكمڕانی و بێئومێدی بەتەواوەتی باڵدەكێشێت بەسەر كۆمەڵگادا و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەوەی كە ئایە لەو دۆخە بێئومێدیيەدا كاردانەوەكان چی دەبن و تاك دەكەوێتە كوێی ئەو بۆشایيەوە كە لە نێوان پرۆسەی ئیدارەدانی كۆمەڵگا و خەڵكدا دێتە بەرهەم و كەی ئاراستە ڕاستەقینەكەی سیاسەت و دەسەڵاتدارێتی دادپەروەرانە دەدۆزرێتەوە كە بنەمایەكی بەهێزە لە ڕاگرتنی باڵانسی گشتی كۆمەڵگادا، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەدەستی كۆمەڵێك دەسەڵاتداری مافیای فاشیل و ستەمکارەوە بووەتە هۆکاری شکاندنی كەرامەتی مرۆڤ و وای کردووە مرۆڤبوون هیچ جۆرە ئەرزشێكی نیيە و نەبووەتە بابەتێکی کاریگەر لە نێو پانتايی دونیای سیاسیدا، هەرچەندە شێواوی بارودۆخی كۆمەڵگا و ململانێ و كێشمەكێشە سیاسی و ئابووریيەكان بەدەستی گرووپگەلێکی چەتەی دەسەڵاتداری مافیای فاشیل و ستەمکارەوە بووەتە مەترسی بەسەر کۆی کایەی گشتییەوە، پەیوەستە بە سیستەمی سەرمایەداری و ئەو قەیران و تەنگوچەڵەمانەوە كە ئەم سێستەمە بەرهەمهێنەرێتی، بووەتە هۆی زیاتر گەشەكردنی هەژاری و بێكاری و كوێرەوەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئامرازێكی باشیشە بۆ ڕەواجدان بە نەزانی و خورافە و دواكەوتوویی كۆمەڵگا و چەواشەكردنی خەڵك و برەودان بە كەلتووری ژێردەستەيی و تێكدانی دۆخی سیاسی و ئابووری، كە دەسەڵات ڕاستەوخۆ لێی بەرپرسیارە و دەیەوێ بەو گەمژەيی و بێئومێدیيە كەس بیری لای گۆڕانكاری و لەگۆڕنانی ئەو سێستەم و دەسەڵاتە نەبێ، كە سەرچاوەی هەژاری و برسێتی، بێكاری كۆمەڵگایە و بووەتە مایەی بەرهەمهێنانی سەدان جۆر قەیران و كێشمەكێشی جیاجیا .
ئەم پرۆسە مەترسیدارە كە پشت ئەستوورە بە پڕۆژە و نەخشەی سیاسی و ئابووری نیولیبرالیزم و سيستەمی سەرمایەداری وایكردووە كۆمەڵگای عێراقی و بەتایبەت كوردستان بكەوێتە بەر پەلامارێكی مەترسیداری ڕووتاندنەوەی خەڵك و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی و شێواندنی بازاڕ و هەموو ئەو بەهایانەی كە لە دۆخی ئاسایيدا خزمەت بە خودی هاووڵاتی دەكەن، لەكاتێكدا خۆشیان باش دەزانن كە دەسەڵات بەرپرسیارە لەدروستكردنی خۆشگوزەرانی هاووڵاتیيان و فەراهەمكردنی دۆخێكی گونجاو بۆ ژیان و ناكرێ بێ ئومێدی ببێتە شوێنگرەوەی راگرتنی ئەو هاوسەنگیيەی كە لە ژینگەی سیاسی و ئابووری كۆمەڵگادا پێویستە و میكانیزمی بەرجەستەكردنی خۆشگوزەرانی خەڵكە، چونكە ئەگەر دیقەت بدەین دەبینین یەكێك لە درووشمە سەرەكیيەكانی بانگەشەكانی زۆرینەی ئەحزابی سیاسی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و كاری ڕێكخراوەيیدا، دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی و خزمەتی خەڵكە و بەردەوامیش لەو ڕێگایەوە گرەو لەسەر سەركەوتنیان دەكەن و هەوڵدەدەن بەو ئاراستەیە متمانەی دەنگدەر و جەماوەر بەدەستبێنن، كەچی پێچەوانە بەو بانگەشە و هاتوهاوارە، ئەحزابی حوكمڕانی ئەم كۆمەڵگایە بێ جیاوازی زمان و كلتوور و ڕەگەز و ئایين، هەڵگری یەك عەقڵیەتی دەوڵەتدارین و بێشەرمانە و بەدوور لە هەموو بەهایەكی ئەخلاقی، كۆمەڵگا دەگەمژێنن و گرەو لەسەر ساختەچێتی و پێچ و پەنا دەكەن و بوونەتە مۆرانەی كلۆركردنی پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن و ئەیانەوێت ئیرادە و شكۆی هاووڵاتی و كۆمەڵگا بەیەكجاری بشكێنن و تەواوی خەڵك كۆیلە و بەردەی ژێردەستی ئەوان بێت و نەتوانێ هیچ هەنگاوێكی جیاواز بهاوێ لەپێناو گۆڕانكاری ڕیشەيیدا.
ئەم جۆرە دەسەڵاتە كە لە مناڵدانی نیولیبرالیزمدا گەشەی كردووە و گەورەبووە، لە یەكەمین هەنگاوی پرۆسەی حوكمڕانیدا كار لەسەر بێبەهاكردنی ئینسان دەكات و هەموو جۆرە ڕەخنە و هەوڵێك بەئاراستەی دروستكردنی فەزایەكی تر ڕەتدەكاتەوە و دەبێتە ڤایرۆسی ژیان و قێزەوەنترین جۆری بێئومێدی بەرجەستە دەكات و كۆمەڵگا دەكاتە كۆمەڵگایەكی مشەخۆری بێ مۆراڵ و هیچ بەهایەك نامێنێتەوە مرۆڤ لە پێناو گۆڕانكاری دەستی بۆبەرێت. واتا لەم جۆرە سیستەمەدا كە نەوەیەك لە كەپیتاڵیزم و نیولیبرلیزمی جیهانی بەڕێوەیدەبات، ئەوەندەی كار لەسەر شێواندنی ڕوئیای تاك و بێئومێدی گشتی و چەواشەكاری و هەڵڕشتنی هەواڵی درۆ و دروستكردنی سەدان ڕووداوی نەخوازراو و بڵاوكردنەوەی ناشرینترین دیاردە و كارەساتەكان و خولقاندنی فەزایەكی مەترسیداری پڕ لە دڵەڕاوكێ دەكات ، چارەكی ئەوە كۆمەڵگا بەئاراستەی دەوڵەتداری یاسايی و خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی نەبراوە و نەبووەتە ناوەند و سەنتراڵێكی گرنگ بۆ دەستەبەركردنی پاراستنی مافی هەمووان لەناو سیستمێكی دادپەروەرانەدا، كە شایستەی خودی مرۆڤ بێت وەك ئەوەی كە ماركسیزم لە شیكردنەوەی كەپیتالیزمدا ئاماژەی پێدەكات.