گەشەی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی بەستەرەکانی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سۆشیال میدیا و هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی لەم پێشکەوتنەدا وایکردوە نەتوانرێت کۆمەڵگا و گەشەی تەکنەلۆژیا لەیەکتر جیا بکرێنەوە ، واتا ئەم بوارە بوەتە پێویستیەکی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤایەتی و لەتەواوی بوارەکانی پەیوەندیی کردن و بازرگانیی و ژیانی ئاسای تاکەکاندا کاریگەری هەیە و بەکار دەبرێ

لە ناو ئەم جەنجاڵیەی تەکنەلۆژیاشدا ڕاگەیاندنە ئەلکترۆنییەکانی وەک سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەورەترین پانتای پەیوەندیەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی داگیر کردوە و بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی دیدوتێڕوانین و لێکتێگەیشتنی تاکەکان و خەڵک لە چوارچێوەی پەیوەندییەکان بە هۆی مۆبایلەکانیانەوە دەتوانن هاوبەشیی لە بیرۆکە و گفتوگۆی سیاسیی بکەن،

لەگەڵ ئەوەشدا و سەرەڕای خەسڵەتە باشەکانی  وەک هەر بەشێکی تری تەکنەلۆژیا ، كاریگەریی و لێکەوتەکانى سۆشیال میدیاش بەدەرنییە لە هەڵە و کەمووکورتی و ئاراستەی  مەترسیدار و لە زۆر جێگە بۆ مەبەست و مەرامی تایبەت بەکاردەبرێت و کاریگەری نەرێنی دەبێ لە سەر کۆمەڵگا و تاک تووشى دەیان و سەدان ئاریشەى دەروونی و تەندروستی و پەروەردەیی دەکات و خێزان و کۆمەڵگەش لەبەریەک هەڵدەوشێنێتەوە، چونکە زۆرجار بەشێوەیەکی وا سۆشیال میدیا بەکار دەبرێ

کە ساختە ودرۆ شوێنی حەقیقەت دەگرێتەوەو

وەک هەر ڕاستیەکی تر دەستاودەستی پێدەکرێت و لەگەڵ لێشاوی بەردەوامی زانیاریە میدیایەکاندا تێکەڵ دەبن و دەکرێنە خۆراکی کۆمەڵگا وجەماوەریش بەخۆشحاڵیەوە وەریدەگرێت

ئەم وەرگرتنەش خۆی لە خۆیدا کاردەکاتە سەر تێکشکاندنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و تێکدانی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی ناڕاستی و شێواندنی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وبیرکردنەوەی بابەتیانە ، لەکاتێکدا سەرچاوەی تەمویل و بەڕێوەبردنیان نادیارە و کەس نازانێ بۆ چی مەبەستێک کۆمەڵگا ئاراستە دەکەن، هەرچەندە زۆربەیان سێبەری حزبن و مۆرکی حزبیان بەتەواوەتی پێوەدیارە ، بەڵام وریایانە کار لەسەر ئەم بەبازاڕكردنەی فكری خۆیان لە ڕێی تۆڕەكانی ئەنتەرنێت و ئامڕازە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەكانەوە دەکەن بۆ هەڵخەڵەتاندنی زۆرترین كەس و بەلاڕێدا بردنی ئاراستەی بیرکردنەوەی گشتی ، یەكەمین ئامڕازیشیان كۆنترۆڵكردنی هەست و سۆز گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤەكانە بەو شێوەیەی خۆیان ئامانجیانە، ئەویش لە ڕێی بەكارهێنانی ئامڕازەكانی بڵاوكردنەوە و ڕاگەیاندن ، بۆ ئەمەش بودجە و دارندەییەكی خەیاڵی خەرج دەكەن و تێچووەكەیشی لەسەر حیسابی میلەت و ئەو داهات و سەروەت و سامانە نیشتمانیە دزراوەیە کە ئەحزابی حوکمڕان بە دزی و فزی پێچی پێلێدەدەن و کۆمەڵگای پێ چەواشە دەکەن و مۆراڵی گشتی پێ دەشکێنن

هۆکاری بنەڕەتی پەرەپێدانی ئەم جۆرە لە ساختەچێتی میدیا و سۆشیال میدیاش بۆ ئەوەیە کە دڵنیان هەواڵی درۆ زۆر ئاسانتر بڵاو دەبیتەوە و خێراییەکەی لە بڵاوبونەوەی راستیەکان زیاترە و  دەزانن چۆن باری دەرونی خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن ، ئەمەش ڕێک وەک ئەوە دێتەوە کە سەوەداکەر، پێی گرنگ نییە، کە بە چ ڕێگا و ئامراز و شێوەیەک دەبێتە خاوەن گەورەترین سەرماییە ، گرنگ ئەوەیە سەرمایە کەڵەک بێ ، بۆیە زۆر ئاساییە کچە مۆدێڵیک شانازی بەوەوە بکات کە بەهۆی فڵانە مەسئولەوە گرانترین ئۆتۆمبیل و باڵەخانەی "بە ئاخ و ئۆفی شەوان" بۆ بەدیاری کراوە ، ئەم جۆرە لە تێکدانی کۆمەڵگا پەیوەستە بە چەمکی درۆ و نیفاق و دوڕووی ئەحزابی حوکمڕانەوە و هەر ئەوانن کۆمەڵگایان گەیاندۆتە ئەو ئاستەی کە درۆ و ساختە و نیفاق بۆتە دەسەڵات و ڕاستی هەڵدەتەکێنێت

بەکورتی سۆشیال میدیا لە ئێستای واقعی کۆمەڵگای کوردیدا ئامرازێکی زۆر باش و کاریگەرە بەدەستی ئەحزابی حوکمڕانەوە و باشترین چەکیشە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حوکمڕانی و قایمکردنی پێگەی خۆیان. ئەمەش بە دروستکردنی دەیان و سەدان پەیج و ئەکاوەنتی ساختە کە تەنها کار لەسەر لێکۆڵینەوەی وەهمی و بەلاڕیدابردنی خەڵک و یاریکردن بە گوتاری سیاسیی و شعوری کۆمەڵگا دەکەن و بەلاشیانەوە گرنگ نیە دەرهاوێشتە و کاریگەریەکانی چی دەبێ و کۆمەڵگا بە چی لاڕێیەکدا ئاراستە دەکات

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا