هۆشیاری عەبدولعەزیز 

لە دۆخی ئێستای دنیا و ئاڵۆزی ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتیدا میدیا و ئامرازەكانی گەیاندن یەكێكە لە گرنگترین ئەو دیاردە و ڕووداوانەی كە مرۆڤ لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی خۆیدا بەرهەمی هێناوە واتا میدیا لە دەمی ئێستادا كاریگەری تەواوی  لەسەر زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤ هەیە، دەتوانێت بریتی بێت لە چەواشەكاری یان گۆڕینی ئاراستەی بیكردنەوەی تاك یان تەنانەت دەتوانێ زانیاری هەڵە ببەخشێت وكۆمەڵگا بەلاڕێدا بەرێ و زانیاریی مرۆڤ لەسەر بابەتێكی دیاریكراو بشێوێنێت ،هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە میدیا لە دۆخی گەشەی خۆیدا بوارێكی هەمیشە لە گۆڕاندایە و بەگشتی دەروازەیەكی گرنگ و كاریگەرە و مرۆڤ دەتوانێ لە ڕێگەی میدیاوە بگاتە زۆرێك لە زانیارییە جۆراوجۆرەكان و ئاگاداری ڕووداو و پێشهاتەكانی كۆمەڵگا و دەرەوەی كۆمەڵگاش ببن، واتا لە بازنەی ئەو شەپۆلە بەرفراوانەی میدیای بینراوبیستراوی ئەلكترۆنی و سایتەكانی هەواڵ، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە گشتی و فەیسبووك و توویتەر بە تایبەتی دا دەخولێنەوە و بوەتە بەشێك لە میدیای تاك ، هەموو ئەمانە كاریگەری بەرچاویان هەیە لەسەر پێكهێنانی پێكهاتەی مەعریفی تاك یان كۆمەڵگا و بەشداری لە پێكهێنانی دیدی تاك و كۆمەڵگا دەكەن بەرامبەر ڕووداو پێشهاتەكان و دەتوانرێ لە ڕێگەی ئەم ئامڕازانەوە بیركردنەوەی تاك و كۆمەڵ بگۆڕێ بەو شێوەیەی كە دەیەوێت

كاریگەری شەپۆلی میدیای نوێ و تۆڕەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی یان ڕاستر بڵێم فیسبوك و تویتەر و تیكتۆك ئەو ڕاستیە دووپات دەكەنەوە كە زۆر لە ڕژێمە سیاسیەكان و بەتایبەت ئەوانەی دەكەونە چوارچێوەی ئیستبداد و ستەمكاریەوە بەردەوام لە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ڕایگشتین و دەیانەوێ لە ڕێگەی زاڵكردنی میدیای تاكەوە  سواری ئەو شەپۆلە بەربڵاوەی میدیابن كە ئێستا دنیای داگیركردوە ، تا  تاك بەتەواوی لە ژێر كاریگەری میدیا و ئەجێندای خۆیاندا بمێنێتەوە و خۆی خاوەنی فكر و بیر و ڕای خۆی نەبێت و بۆ وەرگرتنی هەموو زانیاری و شیكردنەوەیەك ڕوو لە میدیای زاڵبكات و لە ژێركاریگەری ئەودا بمێنێتەوە ، مانەوەی تاك لە ژێر كاریگەری ئەو جۆرە میدیایەشدا بەپلەی یەكەم لە قازانج و بەرژەوەندی دەسەڵاتدایە و ئەو دەتوانێ میدیای تاك ئاراستە بكات ، چونكە لەم دۆخەدا دەسەڵات دەیەوێت ئاڕاستەی بیركردنەوەی تاك بگۆڕێ بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت یان لایەنێكی سیاسی دیاری كراو، وەك ئەوەی كە ئێستا لە كوردستان دەبینرێ  و ڕووماڵكردنی زۆر پرسی گرنگ و گەرم لە بازنەی میدیای تاك و سۆشیال میدیادا قەتیس دەكرێ و دەبێتە بابەتێكی لاوەكی و بێتێفكرین لە مەغزای پرسەكە دەستاودەستی پێدەكرێ و بە ئەنقەست و لە ڕێگەی میدیای زاڵەوە فەرامۆش دەكرێت ، ئەمە لە كاتێكدا دەسەڵات زۆر باش لەوەش تێدەگات ئەگەر میدیا بەشێوەیەكی وردبینانە گوزارشت لە واقعی بابەتەكان بكات و لە كێشە و ئاریشەی كۆمەڵگا وردبێتەوە و نوخبەی سیاسی بخاتە بەر نەشتەری ڕەخنە ئەوە ئەو میدیایە دەبێتە موڵكی خەڵك و هیچ پاساوێك نامێنێ بۆ حزب و دەسەڵات و ئەو گروپ و دەستە و تاقم و بازرگانانەی كە هەرجارە و بەیایەك شەندەكەن ، جەوهەری گرفتەكەش لێرەدایە كە ئەگەر لەمیدیای كوردی و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڕوانین، دەبینین چ پاشاگەردانییە، و دەسەڵات و حزبەكانی بە شێوەیەكی زۆر وریایانە و بێ خۆتێكدان ئەو دۆخەیان دروست كردوە و دەیانەوێ لەو ڕێگایەوە میدیای تاك بەشێوەیەكی شاراوە بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیان و  بەهەرجۆرێك ویستیان كۆمەڵ بەو ئاراستەیە بەرن 

بەكورتی كاریگەری میدیای تاك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كۆنترۆڵكردنی لە لایەن ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە بەئاشكرا هەستی پێ دەكرێت و گەیشتۆتە ڕادەیەك خودی خەڵك خۆی هەستی پێدەكات وگاڵتە بەهەموو شتێك دەكەن و هیچ بەهایەك نەماوەتەوە بۆ میدیای تاك و ئازادی لە نووسین و دەنگ هەڵبڕین ، بۆیە پێموایە كۆی هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوڕاستیەن كە حزب و حكومەت بە ئاشكراو لە ڕێگەی میدیای زاڵەوە خەریكی چەواشەكاری و شێواندنی كۆمەڵگان و توانیوویشیانە ئاسایشی دەروونی تاك تێكدەن و جۆرێك لە پەشێوی بەرهەم بێنن تا تاك بخەنە قاڵبێكەوە كە نەتوانێ‌ بە هاوبەشی بیرلە گۆڕانكاری و پرسە چارەنووسازەكان بكاتەوە 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە