بۆ ئەوەی چارەسەری هەر نەخۆشییەک بکرێت، بێگومان پێویسته سەرەتا دەستنیشان بکرێت، ئەم حاڵەتە نەک تەنها بۆ نەخۆشی دەرونی و جەستەیی مرۆڤ، بگرە بۆ چارەسەری هەر کێشەیەکی بونیادی حوکمرانیش پێویستە.

سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم خۆی باش‌ دەزانێت لە چ قەیرانێکی قوڵدایەو نەخۆشیەکەی ئەوەندە کوشندەیە خەریکە توشی لاڕەشەی دەکات و بەرە لێواری مەرگی دەبات، بەڵام دەسەڵاتداران ئەوەندە خۆ بەزلزانن، فۆبیایان بە بیستنی ناوی نەخۆشیەکەیان و چارەسەری هەیە!

حکومەتە پێشکەوتووەکانی دنیا بە پێچەوانەی دەسەڵاتی هەرێم، خۆپیشاندان و ناڕەزایی و داخوازیەکانی خەڵک ( وەکو ئاوێنەیەک تەماشا دەکەن بۆ بینینی سەر و شکڵی خۆیان تیایدا) بۆ ئەوەی ئەگەر لە شوێنێک ئاڵۆزی و قەیران هەبێت چارەسەری بکەن و ڕێکیبخەنەوە، بەم میکانیزمەش سەرکەوتوو بوون، کەچی دەسەڵاتی هەرێم لە جیاتی سوود وەرگرتن لەو نموونە حوکمرانیەی ئاماژەمان پێدا،  بەداخەوە چەندین ساڵە هەوڵی شکاندنی ئاوێنەکە دەدەن!

یەکێک لە نموونەکان، خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیانەی ٥ /۲ی  مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان بوو ، کە بڕیار بوو هاوڕێیانمان  بە مەبەستی پێشکەشکردنی یاداشتنامەیەک لە داخوازیەکانی خەڵک، لە بەردەم مەڵبەندی هەولێری حزبمانەوە، بەرەو ئەنجومەنی وەزیران بەڕێکەون.

بەڵام  وەک بینیمان،  چواردەوریان  بە ئاسایش‌ و پۆلیس گەمارۆ درا..!

سەرەڕای ئەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان خۆیان باش دەزانن،  مێژووی چەندین ساڵەی حزبی شیوعی تژیە لە خەمخۆری و قوربانیدان بۆ گەل و نیشتمان و داستانی قارەمانانە، ئەو حزبە تێکۆشەرە بە درێژایی مێژوو لە ریزی پێشەوەی داکۆکیکردن لە مافی خەڵک و خاک بووە، لەو پێناوەش سەدان و هەزاران شەهیدیان داوە و شانازی ئەوەیان بەرکەوتوە بە حزبی تێکۆشەران و شەهیدان بناسرێن.

 هاوکات کاریگەرییان هەبووە لە پاراستنی ئاشتی‌ و  ئازادی‌ لە کوردستان و عێراق و ناوچەکانی تریشدا، تا ئێستاش حزبی شیوعی پێی وایە باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێکۆشانی مەدەنی و ڕێگای ئاشتیانەیە.

ئەو ترسەی دەسەڵات لە جوڵانەوەی  شیوعیەکان و ئازادیخوازان بۆ؟

بێگومان لە مێژووی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان ترس لە فراوان بوونی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و رێگاچارەی دیموکراسیانە هەبووە.

ئاشکرایە دەسەڵاتی خۆسەپێنەری هەرێم بە میکانیزمی چەوت و  سیاسەتی پاوانخوازیی، دژی پرنسیپی دیموکراتی و پەروەردەی هۆشیاری وەستاوەتەوە.

بە مێتودی ترس و تۆقاندن و کوشتن و گرتن و نان بڕین و ڕاوەدونان و نەهێشتنەوەی هیچ زەمینەیەک بۆ خۆشگوزەرانی، هەوڵیانداوە ئازادی و  ئازادی  ڕادەربڕین بەرتەسک بکەنەوە!

بەڵام لە گەڵ ئەوشدا ، نەیانتوانیوە و ناتوانن دەنگی ئازادیخواز و عەدالەتخوازان کپ بکەنەوە.

نمونەش  پوچەڵ کردنەوەی هەوڵ و فشاری  ترسنۆکانەی دەسەڵات بوو، لە لایەن هاوڕێیانمان بە ئەنجامدانی گردبونەوەکە و  گەیاندنی یاداشتنامەکەمان  لە ڕێگای مایک و زوومی کامێراکانەوە بۆ ڕای گشتی.

ئەو مێتودەی دەسەڵات  زەنگێکی مەترسیدارە و  ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئێستاش بە هەمان عەقڵیەتی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی پێشووی عێراق و دەسەڵاتە دواکەوتووەکانی ئێستای ناوچەکە بیر دەکاتەوەو هەنگاو دەنێت.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم

ئایا دەسەڵاتێک کە  بە هەموو هێزی  ڕێگە لە ئازادیەکان  بگرێت، چاوەڕێی چی لێ دەکرێت؟

ئایا هێز‌ و لایەنە کوردستانیەکان لە سەر چ بنەمایەک بتوانن لە  بەرەیەکدا لە گەڵیاندا کۆببنەوەو یەک ڕیز بن؟

 ئایا  تروسکاییەک ماوە بۆ چارەسەری نەهامەتیەکان و چارەنوسی نادیاری خەڵک،  لە ڕێگەی بیرۆکەی هاوپەیمانی و لیستێکی هاوبەش لە گەڵ ئەو دەسەڵاتەی  لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و بەرژەوەندی  تاکلایەنەی خۆیان، هەموو بەرژەوەندی گشتیان وەلانا و بە ئاشکرا هاوپەیمانی نەیارانی گەلی کوردستانن و پشتیان لە بەرەی دڵسۆزانی ناوخۆیی کردووە؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا