کاتێک باس لە ماف، مرۆڤ بوون و دادپەروەری دەکرێت، زۆرجار چەمکەکان بە تەسکترین شێوە و تەنیا لە یەك لایەنی دراوسێیەتیی کۆمەڵایەتیدا دەخوێنرێنەوە. لە جیهانی هاوچەرخدا، بزووتنەوە و ئاراستە جۆراوجۆرەکان بۆ داواکردنی ماف سەریان هەڵداوە، بەڵام بۆ من لە پێش هەموو ناو و پێناسەیەکەوە، بنەمایەکی سەرەکی لە پێشترە ئەویش باوەڕی ڕه‌ها و بێگەردە بە "مرۆڤ بوون" من خۆم بە فێمینیست نازانم چونکە باوەڕی قووڵم بە هەردوو ڕەگەز هەیە و پێموایە ژن و پیاو لە ناوەرۆك و پێگەی مرۆڤایەتیدا یەکسانن و جیاکاریی ڕەگەزی ناتوانێت پێناسەی ڕاستیی مرۆڤ بکات.
ئەوەی لەم مێژووەدا جێگەی نیگەرانی و هەڵوەستەیە، ئەوەیە کە غەدر، زوڵم و بێ لێپرسراوێتی کراونەتە کەرەستەی دابەش کاریی مرۆڤەکان. لە کاتێکدا هەموومان دەزانین چەندین جار ژنان قوربانیی نەریتە کۆنەکان یان ستەمی کۆمەڵایەتی بوون بەڵام ناتوانین ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەش بشارینەوە کە بە هەزاران پیاویش هەن بە دەست هەڵسوکەوتی نادروست، خراپە و بێ بەرپرسیارێتی هەندێك ژنەوە دەچەوسێنەوە و ژیانیان دەبێتە دۆزەخێکی شاراوە.
زۆڵم و ستەم ڕەگەزی نییە چەوساندنەوە چ لە لایەن ژنەوە بێت بەرانبەر بە پیاو، چ لە لایەن پیاوەوە بێت بەرانبەر بە ژن، لە هەردووك بارەکەدا کارەساتە و پێشێلکردنی ڕوونی کەرامتە مرۆییەکەیە. کاتێك کەسێك بێ بەرپرسیار دەبێت، کاتێك بنەماکانی هاوبەشی، ڕێزگرتن و ئارامی لە ژینگەی خێزاندا دەڕووخێنێت، زیانەکە تەنیا تاکی بەرانبەر ناگرێتەوە، بەڵکو و کۆمەڵگە بە تەواوی باجی ئەو فەرامۆشکردنە ئەخلاقییە دەدات.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، پیاو زۆرجار بە ناوی هێز یان تەمسیلی کۆمەڵایەتییەوە ناچار دەکرێت بێدەنگ بێت لە ئاست ئازار و ستەمدا، پێی وایە گلەیی کردن کەرامەتی دەشکێنێت. ئەمە هەڵەیەکی مەزنە،  ئازار، تێکشکانی دەروونی و ستەم و پێگە و ڕەگەز ناسراون. چۆن جێگەی پەسەندکردن نییە ژنێك بکەوێتە بەر زۆڵمی ماڵبات و هاوسەرێکی نەگونجاو، بە هەمان شێوەش مایەی قبووڵکردن نییە پیاوێك لە بڕی ژیانێکی ئارام و پڕ لە متمانە، بکەوێتە ژێر باری بێڕێزی و سارد و سڕی و بێ مەسئوولیەتییەوە کە ژیان و داهاتووی وێران بکات.
پەیامی من بۆ کۆمەڵگە لەم گۆتارەدا ئەوەیە : با دەست بەرداری پۆلێنکردنی دڕندانەی ئازار ببین. غەدر غەدرە، جا کام ڕەگەز بکاتە ئامانج. پێویستە چاوەکانمان لە ئاست ڕاستییەکاندا کراوە بن و لە پەروەردە و تێگەیشتنماندا، مرۆڤ بوون بکەینە پێوەری سەرەکی خێزانی تەندروست، پەناگەی ئارامییە بۆ هەردوو لا، نەك گۆڕەپانی ململانێ و فێڵ کردن و تێکشکاندنی یەکتر. با ڕێز لە کەرامەتی یەکتر بگرین، چونکە هیچ مرۆڤێك، بە ژن و پیاوەوە، شایستەی ئەوە نییە ببێتە قوربانیی نەبوونی بەرپرسیارێتی و ئەخلاق لەلای کەسێکی ترەوە....

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا