لەتیف فاتیح فەرەج 

مێژوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، رەنگە زۆر شوێنی دیكەش مێژوی نەك هەر بێدەنگیە بەرانبەر ستەمكاری ، بگرە مێژوی پیا هەڵدانی ستەمكاریە،ئەمەو جۆرێك بونەوەری دروستكردوە كەهەمیشە پێی وابێت ئەو دەمێك بوندارە كە لە ژێر سایەی ستەمكاریدا بێت " لە دادگای كردنی سەدامدا لە سەر پرسی دوجەیل ، هاوڵاتیەكی گەواهیدەر هێنرابوو بۆ ئەوەی گەواهی لە سەر تاوانەكانی سەدام و دارو دەستەكەی بدات ، ئەو كە برایەكیشی شەهیدی دەستی سەدام بوو پێداگر بوو لەسەر ئەوەی ئەو بوارە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی سڵاو بۆ سەدام بكوژەكانی بەعس بنێرێت ، هەرچی حاكم رەوئف رەشید پێی دەگوت باشە دوای سڵاوەكە هەر  سڵاوی دەنارد" سەدام وعەواد بەندەرو دارو دەستەكەی لە قەفەسدا بوون ، بابا عیراقیەكە هێشتا پێی وابوو ئەو لە سایەی ئەواندایە، من بەو گف ت و گۆو روداوە توشی شۆك نەبوم چونكە ئەم بونەوەرە خراوەتە ژێو مەنگەنەیەكی گشتیەوە تەنانەت كەبتەوێ‌ دەریشی بكەیت ئەو نایەوێت دەرچێت، وەك ئەو دەروێشەی پێیان وتبو بابە شێخ تۆی ناوێت و دەیەوێت لە كۆڵی بیتەوە ، ئەو بە پێداگریەوە وتبووی شێخ كێیە من خۆم بە دەروێشی ئەو دەزانم ئەو بیەوێت یان نا!!.

ئەو بونەوەرەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا دوای كەوتنی سەدام بەعسیش هێشتا جۆرێك لە نۆستا لۆژیای بۆ رابردوو هەیەئەم نۆستا لۆژیایە زۆر جا بەوە دادەپۆشرێت گوایە ئەو جۆرێك لەو دیسپیلینەی دوێنێی گەرەكە، " رەنگە باباكە بیەوێت بە سەدام بڵێت نەبوونی تۆ وێرانەی دروست كردوە، ئەوە بۆیە سەدام بە كامی دڵ بە قسەكانی پێدەخەنی " بۆ بابایەكیش كە بە هەر بیانویەك دێت ستایشی سەدام دەكات لە بەر ئەوەی گوایە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا ناجۆرن ، یان كێماسی هەیە ، یاخود ناتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن ، كەواتە ستەمكاریەكەی دوێنێ‌ شایانی ستایشەهەڵبەت ئەمە بە هیچ جۆرێك لە تەك ئاوەزدا نایەتەوەو بیانویەكی زۆر نائاكاریە،ناكرێت بەو جۆرە خوێندنەوە بۆ ستەمكاری بكەین ، ئەوەی لە ماوەی بەرێدا لە كوردستان لە لایەن خەڵكانێكەوە بۆ ستایشی ستەمكاری گوزارشتی لێكرا ، كە خۆیان بە خوێنەوارو دنیا دیتە دەبیننجۆرێك لە نائاگایی زیاتر نیە، بیرمان نەچێت هەندێكیان لە ئاكامی توڕەیی و دەردە دڵ و نەتوانینی دەربڕینی دروست ئەوەیان بە سەردا تێپەڕیوە ، ئەمەیان رەنگە نەیس بێت ، بەڵام ئەوانەی كە زۆر بە ئاگاییەوە ئەوە دەكەن و منەتیشیان نیەئەوانە دەبێت سزا بدرێن ، پێویستە یاسایەكی توند هەبێت ڕێگری بكات لەوەی ستایشی ستەمكاری بكرێت ، من پێشتر لە كۆرێكیشدا لە كەركوك زۆر لە سەر ئەو بابەتە دوام ، پێویستە تەنانەت ئەوانەش كە بە بیانوی لاسای كردنەوە هەمان پێكەنینی سەدام پێدەكەنن سزا بدرێن.

ئێستا لە ناو خودی ئەڵمانیا، تەنانەت لە ناو خانوەكەی هیتلەیش مرۆڤ بۆی نیە ستایشی ئەو ستەمكارە بكات ، ستەمكارێك بەرتاقای ئەوەی ئازاری جولەكەو خەڵكی تری دا ئازاری نەبڕاوەی ئەڵمانیەكانیشی دا ، لەوێ‌ مرۆڤ بۆی نیە لاسای هیچ كارێكی ئەو كەسە بكاتەوو، لەناو یاریگاشدا ئەگەر یاریزانێك بیەوێت سڵاوێكی هیتلەریانەبكات وەك ئەوەی پێشتر ئەمە ڕویداوە ، ئەوە ئەو یاریزانەبۆ هەتاهەتایە یاری لێقەدەغە دەكرێت و مافی یاری كردنەوەوی نیە، قوربانی دەبێت بەم شێوازەو بەو هۆشیاریە باڵایەوە سزای هەموو ئەوانە بدات كە بیانویەك دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی یادی ستەمكاری بكەنەوەو ستایشی بكەن، زندوێتی جولەكەو ئەرمەنی لەوەدایە كۆستەكەی خۆیان هەر بەوە لێنەگەڕاون كۆستی خۆیان بێت كردویانە بە كۆستێكی نێو دەوڵەتی یان جیهانی، كەچی كورد كە ساڵەها دوای ئەو دوو گەلە جینۆساید كراوە هێشتا ستایشی ئەو ستەمكاریە دەكات، من دەیان جارم گوێ‌ لێبووە  گوتراوە لە سەردەمی سەدام حوسێندا سیستم هەبووە ، سزا هەبووە ، گەندەڵی نەبووە ، سەدام خۆی سزای گەندەڵكارانی داوە ، زۆر جار بۆ نیشاندانی حوكمڕانی بەرپرسانەڤیدیۆو گرتەی سەدام بە شێوەیەكی فراوان بڵاو دەكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر بە جۆرێكی كەمیش بێت كاریگەری بە جێبهێڵێت ، هەڵبەت ئەو جۆرە كارە بەبەرنامەو بەورودی و بە پلان بەڕێوە دەچێت، بۆیە ناكرێت وەك بابەتێكی ئاسای سەیری بكەین و هەڵوەستەی لە سەر نەكەین .

من باوەڕم وایە ئەم بابەتە پێویستی بە پەروەردەیەكی گشتی و هەمەلایەنەیە ، پەروەردەی ئاینی، خێزانی ، فێرخوازی ، واتە ناوەندەكانی خوێندن ، هەروەها پەروەردەیی میدیای، دەبێت لە خواری خوارەوەی تەمەنەوە تا سەری سەرەوە مرۆڤ لەم جۆرە ستایش و پیا هەڵدانە دور بخرێتەوە، زۆر جار كەس و كاری قوربانی، بێئەوەی نا ئاگایە بدوێت دەكەوێتە پیاهەڵدانی سەدام و ستەمكاراندا، ئەمە لەو پەڕی گێلێتیەوەیە، مرۆڤ بیەوێت یان نەیەوێت بەو كارە ستەمكاری هەڵدەنێت ، لە كاتێكا ستەمكاری وێڕای نەهامەتی  هیچی تری بە مرۆڤایەتی نەبەخشیوە.

ستایشی ستەمكاری بە گژا چونەوەی مرۆژایەتی و ئاشتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو داد پەروەریە، پێش هەموو ئەوانەش دژایەتیەكی ئاشكراو سەرسەختانەی خودی قوربانیە بۆیە دەبێت هەمووان بە گژیدا بچینەوەو رێ‌ و شوێنی گونجاو بۆ لە قاو دانی دابنەین ، بە باوەڕی من ئەمە بەرلەوەی ئەركی گشتە خەڵك بێت ، كە من لاموایە ئەركی گشتیە، ئەركی دەستە بژێری بە ئاگاو ڕۆشنبیرانە بەو كارە هەستن ، هەروەك چۆن ئەركی دەسەڵاتی  دادوەری و داواكاری گشتیشە رێ‌ و شوێنی بە گژا چونەوەی یاسایی بۆ ئەو كارانە دابنات ، لەو شوێنەدا كە دكتۆر فەرهاد پیرباڵ هاتە سەر هێڵ و ئاگایانە لە بارەی دۆسیەیەكەوە كەستایشی سەدامی كردبوو " نامەوێت لێرەدا ناوی كەسەكە بێنم " داوەریەكەی فەرهاد پیرباڵ رۆشنبیرانە بوو ، بەڵام لە هەمان كاتا بانگەشەی جۆرێك لە تولەرانس و لێبوردەیشی تیا بوو بەرانبەر بگۆكە ، كە من پێموایە ئەمەیان دەبێت یاسا و قانون بڕیاری لێبدەن ,

لە راستیدا ئێمە دەبێت لە پیاهەڵدانی ستەمكاری بترسین ، لە بەر ئەوەی هەربێدەنگی دەربارەی ئەو پیاهەڵدانە بەشێكە لە بەشداری كردن لە كردەی ستەمكاریدا ، من ئێستاش توشی سەرسامی دەبم كە ڕۆژانێك رۆشنبیرە توركەكان بەبەر چاویانەوە لە دەرسیم كوشت و بڕی كورد كرا بێئەوەی قسە بكەن ، ئەوان بێدەنگ بوون ، خۆ ئەگەر گۆرانیشیان بە باڵای كەمال ئەتاتوركا نەوت بەڵام بێدەنگ بوون ئەوەش خزمەوت بوو بە ستەمكاری، شاعیرێكی وەك نازم حیكمەت كە من بیرمە لە وتارێكی تریشدا باسمكردوە لەناو یان لە نزیكی ئەو جینۆسایدەی دەرسیم بوو ، هیچی بۆ مناڵانی ئەوێ‌ نەوت ، كەچی بۆ مناڵانی هێرۆشیماو ناكازاكی شیعرو لاوانەوەی نوسی ، قسە لە سەر ئەوە نیە بۆ  بۆمناڵانی ژاپۆنی وت ، قسە لە سەر ئەوەیە ئەی مناڵانی دەرسیم چی ؟.

پیاهەڵدانی ستەمكاری یان بێدەنگ بوون لە ئاستی ستەمكاری هۆكارێكی مەترسیدارە بۆ ئەوەی دیكتاتۆریەت دروست بێت ، هەموو دیكتاتۆرەكانی دنیا لە بن پاڵتۆی پیاهەڵدان پێیاندا لە لایەك و بێدەەنگ بوون لە ئاستیاندا لە لایەكی تر دروست بوونە، ئەوەی لەماوەی رابردودا لە كوردستان  لە ستایشی ستەمكاری ڕابردودا گوترا ، پاڵنەرێكی باشە بۆ ئەوەی ستەمكاری بە هیچ جۆرێك سڵنەكاتەوە لەوەی دەیكات ، لە راستیدا ستەمكاری كە پیاهەڵدانی رابردوی ستەمیش دەبینێ‌ شاگەشكە دەبێت ، بۆیە ئەوە خزمەتێكی گەورەیە بە زەبرو زەنگ یان درێژە دان بە زەبرو زەنگ، بە باوەڕی من دەبێت  بە خێرایی یاسای لێپێچینەوە بە پیاهەڵدان بە ستەمكاریدا لە كوردستان دەربكرێت ، هەروەها بە سیاسەتی پێشتری لێبوردن لە بەشدارانی ستەمدا بچنەوەو جۆرێك لە دڵنیایی ئاكاری بدرێتە كەس و كاری قوربانی كە دادپەروەری  هەیەو لێپرسینەوە پەیڕەو دەكرێت .

ئەركی سەرەكی لایەنە جیاجیاكانی كۆمەڵًگەیە پەرە بە هۆشیاری بدەن لە بە گژا چونەوەی پیاهەڵدانی ستەمكاریدا، ناوەندەپەروەردەیە جیاجیاكانی كۆمەڵگە ، وەك پەروەردەی ئاینی و گوتاری هەفتانەی ئاینی ، پەروەردەی فێركردن و پێگەیاندن ناوەندەكانی خوێندن، پەروەردەی میدیایی دام و دەزگامیدیایە بینراو بیستراو نوسراوەكان ، هەروەها پەروەردەی خێزانی ن پەروەردەی ماڵەوە هەموو دەكرێت بەو جۆرە رەفتار بنوێن و هەست و كەوت بكەن كە پیاهەڵدان و ستایشی ستەمكاری وەكو تاوان لێی بڕوانرێت، ئەمەش لە دواجاردا رۆڵی گەورە لە مرۆڤسازی تەندروستا دەبینێت، بابەتی بە گژاچونەوەی ستایشی ستەمكاری بابەتێكی ئاكاری بەرپرسانەیە، بە سڵاوێكی هیتلەریانە نەنازیزم دەگەڕێتەوە نەهیچ خزمەتێك بە هیتلەر دەگات ، بەڵام ئەمە دەچێتە خانەی ستایش و لەلایەكی دیكەشەوە جۆرێكە لە سوكایەتی بە قوربانی ، یان راستترە بڵێین جۆرێكە لە سوكایەتی بە مرۆڤایەتی ، رەحمەت ناردن بۆ سەدامێك كە هەزاران  هەزار مرۆڤ لە سایەی ئەوو لە ژێر فەرمان و فەرمانڕەوای ئەودا لە ناودران و خرانە گۆڕی بە كۆمەڵەوە، دەبێت شەرم بێت و مرۆڤ پێی تەریق ببێتەوە نەك ئەوەی پێداگری بكات لە سەر ئەوەی " سوربێت لەسەر ئەو تاوانە" تاوان نەك هەڵە پێم سەیر بوو هەندێك ئەو جۆرە لە ستایش و پیا هەڵدان وەك هەڵە ناوبنێن لە كاتێكا جیاوازیەكی زۆر لە نێوان تاوان و هەڵەدا هەیە.

ئێمە بێئەوەی لە سەر ڕای یەك كەس هەڵوەستەبكەین و ڕەخنەی بكەین پێویستە كار بۆ ئەوە بكەین، كە ئەم شێوازی پیا هەڵدان و ستایشە لە قاو بدەین و ڕێگر بین لەوەی كە ببێتە دیاردەو بابەتی لاسایكردنەوە بۆ ئازاردان ، ئەمەش بە چەند رێگایەك دەكرێت ، لەوانە :

یەكەم : دەبێت یاسای تایبەت بە سزادانی ئەوانە دەرچێت كە ستایشی ستەمكاری دەكەن ، راستەلە عیراق و هەرێمیش بە پێی قانون ئەوە سزای خۆی هەیە ، بەڵام دەبێت ئەمە ڕونترو ڕەوانتر دەربكەوێت.

دوەم: رۆشنبیران ، وەك بونێكی بگۆی نێو كۆمەڵگە دەبێت بەردەوام كار لە سەر ئەوە بكەن مەترسیەكانی پیاهەڵدانی ستەمكاری بۆ كۆمەڵگە باس بكەن، ئەمەش دەبێت لە نێو كایەكانی كۆمەڵگەدا جێی خۆی بگرێت .

سێیەم : پێویستە ئەو راستیە بۆ خەڵك بە گشتی ڕونبكرێتەوە كە ئازادی كۆت و بەندی ئاكاری خۆی هەیە ، ناكرێت بە بیانوی ئازادیەوە ستایشی ستەمكاری وەك كەرەسەیەك بخرێتەوە نێو خەڵكەوەو ئیشی لە سەر بكرێت .

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە