هۆشیاری عەبدولعەزیز

 

یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی کۆمەڵگای دۆڕاو لە ئەدەبیاتی سیاسی و کومەڵناسیدا، شوناسی کۆمەڵگایەکە سەرلەبەری ئاڵۆز و ناهاوسەنگە و زیاتر لەسەر بنەمای بەدەستەوەدانی خود و شکاندنی شکۆی کۆمەڵایەتی و دەرھاوێشتە نەرێنی و خراپەکان بونیادنراوە و خەڵک بەهۆی نەبوونی پاڵنەر و ترس لە دەرئەنجامەکان، یان نەبوونی متمانە بە دامەزراوەکانی دەسەڵات بەشداری لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕەتدەکەنەوە و ناتوانن پەیوەستبن بەو ئاراستە هزرییەوە، کە دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێ لە بەرجەستەکردنی گۆڕانکاری و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا، چونکە لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان، دەسەڵاتدارانی سیاسی و نوخبەی حوکمڕان و تەواوی سێکتەرە بازرگانی و دامەزراوە حکومییەکان لە گێژاوی قەیرانە قووڵ و دەرھاوێشتە نەرێنییە درێژخایەنەکاندا تووشی جۆرێک لە دۆڕان و داهزرانی هزری و سیاسی و ئابووری دەبنەوە و ناتوانن بەکۆمەڵێک ڕێووشوێنی تایبەت و داڕشتنی ستراتیژێکی تۆکمە و پێشتر دیراسەکراوەوە، چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان بکەن وەک ئەوەی کە کۆمەڵگا وەک یەکەیەکی گشتی پێویستی پێیەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بزانین کە کۆمەڵگای دۆڕاو وەک کۆمەڵگایەکی داپۆشراو بە قەیرانی جواراوجۆری دروستکراو، خاوەنی مێژووی خۆی نییە و بەم هۆیەشەوە زۆرجار ناتوانێت تەعبیر لە فەزای تایبەتی خۆی بکات و ئەلتەرناتیڤی نوێ و کاریگەر بخاتەڕوو، کە ئەمەش ڕووینەدا، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە مەحکوم دەبێ بە دۆڕان و پەرتەوازەیی و ناتوانێ سەرکەوێ لە ئایندەدا، لەبەرانبەریشدا سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدار لەپێناو مانەوەی خۆی و لەچوارچێوەی  پرۆسەیەکی درێژمەودادا هەوڵی دروستکردنی دەیان جۆر گوشاری خەسێنەر دەدات بۆسەر کۆمەڵگا و دەیهەوێ کۆمەڵگا لەسەر کۆمەڵێک کۆتوبەندی شاراوە و ناڕوون و ئاڵۆز ڕابێنێت، کە لە هەموو حاڵەتێکدا گونجاوبێ لەگەڵ ئەو قۆناغ و هەل و مەرجەی کە خۆی پێشتر بە پلانێکی تایبەت دروستیکردووە، ئەمەش لە زانستی سیاسیدا بەجێکەوتەی مەترسییەکی گەورەی سیاسی و حوکمڕانی ئەژماردەکرێت و هەنگاوێکە بەئاراستەی ستەمکاری و ئیحتکارکردنی سوڵتە و مەیلێکیشە بۆ چەواشەکاری و خوڵقاندنی جۆرێک لە ڕازیکردنی بەزۆرەملێی خەڵک، کە دەسەڵات لەپەنای بەکارهێنانی هەموو ڕێگایەکی ناشەرعی لەپێناو بردنەوەدا بەکاریدێنێ و خەڵک تووشی جۆرێک لە سەرلێشوان و چەواشەکاری دەکریت و ئیتر ئاراستە ڕاستەقینەکە دەگۆڕێ بۆ مەترسی و گەمژاندنی  کۆمەڵگا و ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە لە واقعی ئێستای کۆمەڵگای کوردیدا دەبینرێ. 

ئەوەی لێرە ڕوودەدا بەشێکە لەو هزرە دۆڕاوەی کە بەناوی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، هۆکاری برەودان بەم تێڕوانین و کردە مەترسیدارەش هزر و جووڵەی کارەکتەری دۆڕاوە، کە بەناوی پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئاسایش و ئارامییەوە خۆیان سەپاندۆتە سەر کۆی کایەی گشتی کۆمەڵگادا و جگە لە دۆڕان و بەرهەمهێنانی شکست و چەوساندنەوەی کۆمەڵگا و دزینی سەروەت و سامانی نیشتمانی و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی گەندەڵی و بڕینی نەفەسی ئازادی و خەفەکردنی دەنگی دلێر و کوژاندنەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و شێواندنی دیموکراسی و تێکدانی شیرازەی خێزانی و بە کلتوورکردنی کۆیلایەتی و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی نەزان زیاتر، هیچیتریان کەسک نەکرد و نەیانتوانی کۆمەڵگا لەو زۆنگاوە دەربێنن، کە بەعس لە دەمی خۆیدا بەرجەستەی کردبوو، بەوەشەوە نەوەستان و هەنگاوبەهەنگاو بوونە تاغوت و دەستیان دایە بڕینی مووچە و قووتی خەڵک و هەڕاجکردنی نەوت و گرانکردنی نرخی سووتەمەنی و بەتایبەتکردنی کارەبا و پەروەردە و تەندروستی و دەستبردن بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی تری ژیانی هاووڵاتییان، هەموو ئەمانەش جیا لەوەی دیاردە و حاڵەتی مەترسیدار و کوشندەن،  کۆمەڵگایان تووشی جۆرێک لە دۆڕان و خەفەکردن و سەرکزی کردووە تا ئەو ئاستەی کە ئێستا لێرە لەم کۆمەڵگایەدا تاکێکی سەرلێشواو و کۆیلە دەبینرێت، کە هیچ هیوایەکی بەئایندە نییە .

بەکوردی و بەکورتی ئەو دەسەڵاتەی کەئەمڕۆ لەکوردستاندا حوکم دەکات و پڕاوپڕە لە گەندەڵی و بەرهەمهێنانی سیاسەتی شێواندنی خاڵک و تاڵانکردنی کۆمەڵگا، نەک هەر ناتوانێ نوێنەرایەتیی خەڵک و کۆمەڵگا بکات، بەڵکوو بەردەوام لە هەوڵی شکاندنی شکۆی تاک و کۆمەڵدایە و هەموو گۆڕانکارییەکانی لە شەقام و باڵەخانە و سەنتەر و بەرزەپرد و رێستۆرانت و بابەتە ڕووکەشەکاندا چڕکردۆتەوە و بێدەنگی خەڵکی پێداپۆشیوە و دەوروبەری پێ چەواشە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە موهیمەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئەحزابی حوکمڕان، بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسایی و سۆشیال میدیا و تێکدانی کەرتی پەروەردەیە، چونکە ئەو سێ سێکتەرە کاریگەری تەواویان لەسەر کۆی گۆڕانکارییەکانی کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا هەیە و دەتوانێ ڕەفتار و کرداری خەڵک  کۆنتڕۆڵ بکات تا لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگایەکی دۆڕاو و سەرکز بەرهەمبێنێ وەک ئەوەی کە ئێستا لە کوردستاندا دەبینرێ.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا