بەشی دووەم

هۆشیاری عەبدولعەزیز

 

لەم پرۆسەیەشدا لەلایەك نەیارانی پاكتاودەكات لە لایەكی تریشەوە دۆخێكی مەترسیداری چاوشكێنێ دەخوڵقێنێ وەك ئەوەی سەدام و دارودەستەكەی لە هۆڵی خلود ئەنجامیاندا و هاوڕێ نەیارەكانی خۆیان  پاكتاوكرد، بەعس و سەدام ئەمەیان وەك پەیامێكی دوولایەنە ئاراستەكرد تا پێگەی دەسەڵاتی خۆیان و هێزەكانیان لە ئاستێكی فراوانتردا پتەوبكەن و بیسەلمێنن كە ئەوان مەترسیدارن و نابێ بەرهەڵستی بكرێن، كردنەدەرەوەی ئەو گرووپەی كە تۆمەتی خیانەت درابووە پاڵیان لە كۆبوونەوەكەدا، تەنها دەركردنێكی ڕۆتین نەبوو، بەڵكو سڕینەوەی جەستەیی و فیزیكیش بوو بەیەكجاری و هەوڵێك بوو بەئاراستەی شێواندنی كۆمەڵگا و تێكدانی دۆخی گشتی و دروستكردنی تایپێكی ستەمكارانەی وا، كە ئەوان یەك جۆر مرۆڤ و كۆمەڵگایان دەوێت و قبوڵی جیاوازی ناكەن.

ئەم پرۆژەیە لە دەمی بەعس و دوای بەعسیش وەك مەترسییەك درێژەی كێشا و بووە پرۆژەی نوێی حزبی دەسەڵاتدار و بێگەڕانەوە بۆ دیوە نەرمەكەی ژیانی مۆدێرنە، وەك پڕۆژەی سێستەمێكی مەترسیدار گوازرایەوە نێو كایەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و بووە بنەمای بەرهەمهێنانی عەقڵیەتێك كە جگە لە مەترسی و شێواندنی ڕەوشی گشتی هیچیتری پێنییە و نایەوێ سەقامگیری بە دیوە واقعیەكەیدا دەستەبەربێت.

ئەم جۆرە دەسەڵاتە لە كۆمەڵگای شێواودا و لەڕێگەی بەكارهێنانی جۆرەها دامودەزگای داپڵوسێنەر و لە پانتاییەكی فراواندا هەلومەرجێكی نەخوازراو و ناسەقامگیری قەیراناوی دەسەپێنێت، و ژیانی خەڵك دەخاتە مەترسییەوە و وادەكات كە تەواو نائومێدبن لە گۆڕانكاری وهەڵوەشاندنەوەی ئەو سێستەمەی كە كۆمەڵگای پێ لەقاڵبدراوە، دەسەڵات لەم كۆمەڵگایەدا قێزەوەنترین دۆخی مەترسی و دڵەڕاوكێی سیاسی و ئابووری دەخوڵقێنێ و قەبوڵكردنی هەژاری و برسیەتی دەكاتە دێفاكتۆ و حاڵەتێكی ئاسایی كۆمەڵایەتی و ئیدی كەس ئاوڕ لە چارەسەرناداتەوە وەك ئەوەی كە هاووڵاتی چاوەڕوانێتی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە خۆشدەكرێ بۆ تێكشكاندنی تەواوی بەها و نۆرم و ئەخلاقیاتی كۆمەڵگا و بەرهەمهێنانی ڕق و كینە و شەڕ و كوشتار

 

 

لەپەراوێزی ئەو دۆخە و تێگەیشتن لە خەسڵەتەكانی كۆمەڵگای شێواو دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە كۆمەڵگای كوردی خاوەنی چ كۆمەلگایەكە و چۆن خراوەتە ناو دۆخێكی شێواو و نەخوازراوی واوە، كە چارەسەركردنی گەلێك قورس و گرانبێت، چونكە جگە لەوەی كوردستان وەك بەشێك لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوكات نەتەوەیەكی بندەست لە ناوچەكەدا گیرساوەتەوە، بەدەرنییە لەو پۆخڵەواتەی كە شوناسی كۆمەڵگای شێواو دیاریدەكات، دۆخی سیاسی و ئابووری وكۆمەڵایەتی و ژینگەی كلتووری عێراقیش وەك دەوڵەتێكی ناهاوسەنگ كاریگەری تەواوی بەسەر كوردەوە هەیە و فاكتەرێكی ڕیشەییە لە قووڵكردنەوەی ئەو شێواویەدا، لەگەڵ ئەوەشدا كە كایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی دەخوێنیتەوە و ورد دەبیتەوە لە دۆخی ڕووداو و پێشهاتەكان و دەرهاوێشتەكانی هەڵدەسەنگێنی، تێدەگەی لەوەی كە ئەو بارودۆخە ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ڕابردووی كۆمەڵگای عێراقیەوە و درێژكراوەی هەمان دۆخی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعسە، كە حزب تێیدا حوكمڕانی دەكرد، بەڵام بەشێواز و فۆرمێكی تر. چونكە كورد لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا لەبەردەم دۆخێكی كراوەتر و نوێتردایە و فەزای گشتی فراوانترە لەفەزای گشتی سەردەمی بەعس و تاڕادەیەك جیاوازترە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە  مێژووییەش،  هێشتا نەتوانراوە دۆخی شێواوی كۆمەڵگا وەك یەكەیەكی هاوبەش و لەیەكگرێدراو تێپەڕێنین و بچینە دەرەوەی قۆناغی ستەمكاری و هەنگاونان بە ئاراستەی چەسپاندنی دیموكراسییەت و كۆمەڵگای مەدەنی، بەمەرجێ هەنگاوەكانی سەرەتای ڕاپەڕینی ئازاری 1991ی خەڵكی كوردستان كردارێكی جەماوەری ڕاستەوخۆ بوو دژی سێستەمی سیاسی ستەمكار و دۆخێكی نوێبوو، كە لەدەرئەنجامی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ستەم و چەوساندنەوەی كۆمەڵایەتی كورد و گەلانی كوردستانەوە سەریهەڵدا و بووە ڕووداوێكی مێژوویی نوێ لەخەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا.

 ئەم ڕابوون و ڕاپەڕینە جەماوەرییە لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا بەیەكەمین كاردانەوەی بزاوتی جەماوەری گشتگیر دێتە ئەژمار، كە توانی سەرجەم چین و توێژە جیاجیاكان لەخۆیدا كۆبكاتەوە دژی سێستەمێكی حزبی دەسەڵاتداری دڕندە و خوێنڕێژی ڕەگەزپەرستی عەرەبی كە هیچ مانایەكی نەهێشتبووەوە بۆ ژیان و بوونی سەقامگیری ئەو كۆمەڵگایەی كە پێكهاتەیەكی ناعەرەبی لە خۆگرتبوو، ڕاپەڕین و یاخیبوونی جەماوەری كوردستان دەرەنجامی كەڵەكەبوونی زوڵم و زۆر و ستەم و چەوساندنەوە و سووكایەتیكردن بوو بەشكۆی مرۆڤ و ئیرادەی كۆمەڵگایەك و لوتكەی هەڵگەڕانەوەیەكی گشتی بوو دژی ڕژێم و دەسەڵاتی هێزێكی ستەمكاری فاشی كە لە دۆخێكی ناهاوسەنگی سیاسی و ئابووری مەترسیداردا پەلاماری مرۆڤگەلێكی بێ دیفاعی دەدا و دەیویست بەیەكجاری كۆمەڵگای كوردی هەڵوەشێنێتەوە و ئاراستەی بكات بەرەو بێبەھاكردنی ژیان و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و هەنگاوی یەكەمی ئەم پرۆسەیەش لە شێواندنی دیموگرافیا و باری دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی كەركوك و دوزخورماتوو و دەشتی موسڵ و خانەقینەوە، سەرهەڵدەدات و دواجاریش جگە لە تەعریب و تەبعیسی خەڵكی سیڤیلی كورد، ئەنفال و پرۆسەی جینۆساید و بەكارهێنانی چەكی كۆكوژ و سڕینەوەی ئەتنی بەدوادادێت و پەل دەهاوێت بۆ دەستتێوەردان لە ورد و درشتی پاشماوەكانی ژیانی خەڵك و ئەو ڕووداوانەی كە دەبنە هۆكاری بەرجەستەكردنی كۆمەڵگایەكی شێواو.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا