بەشی سێهەم

هۆشیاری عەبدولعەزیز

لەسەردەمی تۆتالیتاریزەكردنی عێراقدا، بەعس وەك هێزێكی شێوێنەری پرۆسەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و لەژێركاریگەری هزری شۆڤێنیەتی عەرەبیدا ژینگەی تەواوی كۆمەڵگا و  پێكهاتەكانی شێواند و بەئیرادەیەكی ستەمكارانەی توندەوە وایكرد هیچ هێزێكی ناوەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی نەتوانێ خاوەنی شوناسێكی تایبەت و ئەكتیڤ بێت لە ئاست پرۆسەی حوكمڕانیدا و تەواوی پانتایيەكانی گۆڕانكاری ناوخۆی داگیركرد و بووە هۆكاری داتەپینی هەموو بەها و نۆرمە گرنگەكان و تەنها دیدوتێڕوانینی بەعس لەڕەوتی ڕوانینی گشتیدا دەیخوارد و عێراق بووە ئەشكەوتێكی مەترسیداری داخراو و هیچ دەروازەیەك نەمابوو بۆ تێگەیشتن لە جیهان و گۆڕانكاری و وەرچەرخانە كلتووری و كۆمەڵایەتی و سیاسيیەكان و بەمەش كۆمەڵگای عێراق كەوتە پەراوێزی ئەو ڕووداوانەوە كە لە دونیای مۆدێرنەدا ڕوویدەدا  .

دەسەڵاتەكانی بەعس لە پرۆسەی حوكمڕانیدا جۆرە دەسەڵاتێكی تێكدەرانەی شێوێنەربوون، كە بەهەموو توانایەكەوە كۆمەڵگای تێكشكاند و تەواوی هاووڵاتیيانیان ناچار بە سەركزی و بێ ئیرادەيی كردبوو، دەرچوون لە و بازنەیەش بۆخۆی جۆرێك لە ناپاكی و هەڵگەڕانەوە (ارتداد) بوو لە ئاست حزبی دەسەڵاتدار و مەحكوم بوو بە سڕینەوە و لە نێوبردن و دەبووایە بكوژرێ، لە ناو كایەی حوكمڕانی ئەم جۆرە ڕژێمانەدا دەزگای تێكشكاندنی تاك و شێواندنی شیرازەی مرۆیی گەورەترین مەترسی دەبەخشێ و هەوڵدەدا كۆمەڵگایەكی دەستەمۆی ئیفلیج بەرهەمبێنێ، كە بتوانرێ بەئاسانی كۆنترۆڵبكرێ، لەڕووی سیاسیشەوە بووە هۆی ئەوەی هاووڵاتیيان هیچ متمانەیەكیان بەڕەوتی ڕووداو و پێشهاتەكان نەمێنێ و كەس زاتی ئەوە نەكات لەناو وەهمی گۆڕانكاریيە ناوخۆيی و دەرەكیيەكاندا بخولێتەوە.

ئەم ڕژێمانە تەنیا كاریان بۆ دروستكردنی لەشكرێكی گەورە و جبەخانەیەكی سامناك لە چەكی كوشندەی كۆمەڵكوژی و دووستكردنی دەستگای هەواڵگری و بەرهەمهێنانی كەسایەتی دووڕوو، و شێواو دەكرد ئەویش لە بازنە و چوارچێوەی كۆمەڵگایەكی دیسپلینكراوی داخراودا، كە دواجار هەموو هەوڵیان بۆ لەنێوبردنی هەستی مرۆڤگەری و ڕووحی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا و تێكشكاندنی وشیاری كۆمەڵایەتی بوو بە ماناگشتیەكەی و لەمەشدا بەعس و دەسەڵاتەكەی مەترسیدارترین ڕێگەیان گرتەبەر و سوپایەكیان لە كەسایەتی شێواو و ناسروشتی دروستكرد و بوونە هۆی تێكدان و شێواندنی تەواوی سەرخان و ژێرخانی كۆمەڵایەتی و مۆرانەی لەنێوبردنی تەواوی بەها و نۆرمە كلتووریەكان، ئەم تێكدانە كۆمەڵایەتیيەش لەدرێژەی خۆیدا بووە هۆكاری ئەوەی كە ڕاپەڕینیش نەتوانێ كاریگەریيە نەرێنیيەكانی ئەو شێواندنە بسڕێتەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی كە تەواوی ڕووداوەكانی سەردەمی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینیش پێچەوانە بەخواستی خەڵك و ئەو ڕێژە زۆرەی قوربانیدان لەپێناو ئاسایش و ئارامی و ڕزگاربوون لە چەوساندنەوە و ستەمكاری شكستبێنێت و نەتوانرێ سەركەوتنی ڕاپەڕین بكرێتە بنەمایەك بۆ بەرجەستەكردنی گۆڕانكاری ڕیشەيی لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردیدا، چونكە بەشێكی گەورە لە هێزە سیاسیيە بەشدارەكانی ڕاپەڕین و ئەوانەی ڕۆژانێك بانگەشەی شۆڕش و ڕاپەڕینیان دەكرد و خۆیان بەبەشێك لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دەزانی، هەر لە چركەساتی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە، وەك سيستەمێكی سیاسی ناهاوسەنگی ناوچەی و ناوخۆيی دۆخێكیان دروستكرد، كە جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ دۆخی بەر لە ڕاپەڕین و بگرە ئەمان مەترسیدارتر لەوان هاتنە ناو پرۆسەی حوكمڕانی و وەك گەورە بازرگانی سیاسی بوونە خۆركەی نیشتمان و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی وڵاتیشیان خوارد .

ئەم سێستمە سیاسیيە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بەشێوازێكی شێواو و نەوەكام لەدایكبوو، كە تێكەڵەیەك بوو لە سێستمێكی حزبی بنەماڵەی باڵادەست و لەپێناو كورسی و دەسەڵات و بەشبەشێنەی حوكمڕانی و قایمكردنی جێنفوزی خۆیان، كەوتنە دژایەتی و ململانێی یەكتر و شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند و دواتر دوو زۆنی دەسەڵاتدارێتیيان بۆ خۆیان جیاكردەوە و لەوێشەوە سیستمی حزبایەتی وایلێهات كە تێكڕای ئیدارەدانی كۆمەڵگا لەو دوو زۆنە - زەرد و سەوز - ببێتە ئیدارەی حزب و حزب خاوەنی هەموو شتێك بێت.

ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارە وەك دوو قەوارەی سیاسی ناكۆك هەر لەدوای راپەڕینەوە سەلماندیان كە ئەوان ئامانجیان خزمەتكردن و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و خولقاندنی گۆڕانكاری نیيە و، بەڵكو تەنها ئامانجیان داسەپاندنی دەسەڵات و ئیحتكاركردنی سوڵتە و دەسكەوتە حزبی و كەسیيەكان و خۆدەوڵەمەندكردن و بازرگانیيە لەسەر حیسابی خەڵك و ئەو ئایدیا و تێڕوانینە گشتیيەی كە بنەمایەك بوون بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینی گەل، واتە ئەحزابی حوكمڕان لەم بەشە جوگرافیيەی كوردستاندا بوونە خاوەنی جۆرێك لە دەسەڵاتێكی ڕەخساوی نێودەوڵەتی و كوردستان بۆ ئەوان بووە بازاڕێك بۆ تاڵانی و هەر لەسەرەتای راپەڕینیشەوە نییەت و نیازی گەندەڵی و راوڕووتیان بەئاشكرا دەركەوت، بەوەی هەرچی پارەی بكردایە و دەستیان پێداڕابگەشتایە ئاودیویان دەكرد، بەمەرجێك  هەموو ئەو كەرەستە تاڵانكراوانە بۆ ئاوەدانكردنەوە و بونیادنانی دەوڵەت و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری لەو قۆناغ و هەلومەرجەدا گرنگترین كەرەستەی پێویستبوون و دەكرا سوودی زۆری لێببینرێ، بۆیە لە خوێندنەوە و تێگەیشتن لەو سەرەتا ناشرین و مەترسیدارەی دەسەڵاتی ئەحزابی حوكمڕانەوە تێدەگەین كە فاشلترین دەسەڵات لەڕووی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبردنەوە ئەم دەسەڵاتە بوو، كە لەبری دروستكردنی ژینگەیەكی لەبار و هاوسەنگ بۆ كۆمەڵگای كوردی، بوونە جۆرە ڤایرۆسێكی مەترسیدار و كۆمەڵگایان زیاتر شێواند و ئێستاشی پێوەبێ نەیانتوانیوە ئەو دۆخە ئاڵۆز و تێكچڕژاوە ئاسایيکەنەوە كە هەرخۆیان بەرپرسیارن لە دروستكردنی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە