هۆشیاری عەبدولعەزیز

بەشی پێنجەم

ئەحزابی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان هێندە كاڵفامانە ئیدارەی ڕەوتی ململانێ و كێشمەكێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیان داوە، پرۆسەی سیاسی و جۆری بەڕێوەبردنەكەیان كردۆتە ئەو دێوزمە نەخوازراو و ناشرینەی، كە بێز لە ناو و ناوەڕۆكی دەكرێتەوە و بووەتە جۆرێك لە سەرچاوەی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی  و كەس متمانەی بە دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی و هەنگاوەكانی گۆڕانكاری و بەشداری سیاسی نەماوە و پێیانوایە ستەمكاری و پاوانخوازی و قۆرخكردنی تەواوی جومگەكانی دەسەڵات و دەوڵەتداری بەتەواوەتی بەحزبی كراوە و ئافاقێك نییە بۆ گۆڕانكاری، ئەم تێگەیشتنە گشتییە كە سەراپای كۆمەڵگای كوردی داپۆشیوە سەرچاوەكەی ئەو هەنگاوە مەترسیدارانەن كە ئەحزابی دەسەڵاتدار لە ماوەی حوكمڕانی خۆیاندا وەك پرۆسەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو كاریان لەسەركردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژینگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردستانیان پێ تێكداوە و وایانكردووە هاووڵاتی نەتوانێت بەشێوەیەكی بابەتییانە و ورد بیركاتەوە و وەك كارەكتەرێكی گرنگ بەشداربێت لە پرۆسەی گۆڕانكارییەكاندا و ببێتە فاكتەری چاكە بۆ دۆخی گشتی، ئەم تەرزە كاركردنە كە بەرهەمی دەسەڵاتێكی شكستخواردووی سیاسی و حزبی نا عەقڵانییە لە قاڵبی حزبدا نەوەستاوە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو دڵی كۆمەڵگا و هەنگاوبەهەنگاو تاكی پێ دەشێوێنرێ و خەریكە دەبێتە بنەمایەكی ناشیرین لە جۆری پەروەردەی كۆمەڵایەتیدا و لە تەواوی سێكتەرەكانی ژیانی ئاسایی كۆمەڵگە و پەروەردەی تایبەت (خێزان، حزب، رێكخراو)ەكاندا و بەشێوەیەكی زۆر نا لۆژیكییانە و بەدوور لە هەموو پێوەرێكی زانستی ڕەنگیداوەتەوە و بووەتە مەترسی لەسەر هاووڵاتی و تاكی كۆمەڵگە.

ئەم جۆرە پەروەردە ناشیرین و بازاڕییانە كە پشتئەستوورە بە دیدێكی كوێرانەی تێفكرینی ڕۆژهەڵاتییانە، زۆرجار  وادەكات كە تاك تووشی ڕەشبینی و ناهاوسەنگی دەروونی دەكات و  نەتوانێت لە فەزای گشتی و پەروەردەی گشتیدا هەڵبكات یاخود خۆی بگونجێنێ و بەمەش تووشی شێواوی و جۆرێك لە خۆپەرستی دەبێت و دەرئەنجام دەبێتە تاكێكی بەدڕەفتار و نەك هەر زیان بەخۆی دەگەیەنێ بەڵكو دەبێتە مەترسیش بۆ سەر كۆمەڵگا و بایەخ بەهیچ بەهایەكی مرۆیی و ئەخلاقی نادات و تەنها خۆی و بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆی بەلاوە گرنگ دەبێ و وەك كۆیلەیەكی سەردەمی تەكنەلۆژیای نوێ مامەڵەی پێدەكرێ، وەك ئەوەی ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردیدا ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبینەوە.

هۆكاری سەركێشانی ئەم حاڵەتەش دەگەڕێتەوە بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و تێكچوونی شیرازەی خێزان و كۆمەڵگە و پەرتەوازبوونی میللەت و دابەشبوونی شەقامی كوردی بەسەر دوو بەرەی هەمیشەیی دژبەیەك و سڕینەوەی كلتوور و تەواوی بەها مرۆییەكانی ناو كایەی كۆمەڵایەتی و شێواندنی مۆراڵی گشتی كە ئەحزابی دەسەڵاتدار بە مەبەست دەستیان بۆ برد و وەك پرۆسەی شێواندنی كۆمەڵگە كاریان لەسەر كرد، چونكە وەك چۆن دەوترێ لە سایەی سیستمێكی دیموكراتی ڕاستەقینەی هاووڵاتیبوونەوە مرۆڤەكانی دروست و ئارام و هاوسەنگ و ناتوندوتیژ دەردەچن، ئاواش لە سایەی سیستمێكی  دیكتاتۆری پڕترس و دژەمرۆییدا زۆرێك لە تاكەكانی نادروست و پڕ فرت و فێڵ و ناهاوسەنگ و توندوتیژ و چەواشەكراو دەردەچن و دەبنە موسیبەت بەسەر كۆمەڵگەوە. بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتی ئەم حاڵەتەش گەر تەنها چاوێك بە سۆشیال میدیا و بێسەروبەری میدیای كوردیدا بخشێنین تێدەگەین ئێمە لە چی دۆخێكی شێواوداین و چ كۆمەڵگەیەكی پەرتەوازە و ناسروشتیمان پێكهێناوە كە خەریكە هیچ بەهایێك نامێنێت و هەمووان خەریكی جنێو و سووكایەتین بەیەكتر، هەر لە لایڤكردنەوه و دەرهاویشتە خراپەكانێوە بگرە تا فراوانبوونی كێشەكان و جنێو و تەشهیر و سووكایەتی و ناوزڕاندن و بوختانكردن، چەندین كردەوەی ناشیرینی هێنایەئاراوە، ڕق و كینەی نێو تاكەكانی قووڵتركردۆتەوە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و وشیاری كۆمەڵایەتی بەرەو لەنێوچوون ڕۆیشتوون و هیچ بەهایەك نەماوەتەوە،ئەمە جگە لەوەی كە دەرهاویشتەكانی ئەم شێواوییەش بووەتە هۆكاری سەرهەڵدانی چەندین دیاردەی قێزەون و مەترسیداری وەك توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی جنسی و دزی و فزی و ڕەشەكوژی و دروستكردنی گرووپی لەشفرۆشی و

ڕێگەدان بە قووڵكردنەوەی ڕق و كینه و هاندانی تاك بۆ تەكفیركردن و تەوهینی دەوروبەر و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەلایەن جۆرە بانگخواز و دیندارێكەوە كە بە عەقڵیەت و تێفكرینی سەردەمی جاهلی تەنها تاریكی دەبینن و چاویان بە ژیان و خۆشییەكانیدا هەڵنایە و بوونەتە مەترسی بەسەر كۆمەڵگەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین كەناڵی میدیایی بینراو و بیستراو و  ماڵپەڕی فەیك و سێبەر وەك توڕێكی گەورە و بەشێوازێكی بەرنامەڕێژكراو كار لەسەر شێواندنی كۆمەڵگە و ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەكەن و ڕۆڵی نەرێنی و كاریگەریان هەیە لەسەر تێكدانی باری دەروونی و ڕاگرتنی هاوسەنگی كۆمەڵایەتی و بوونەتە مەترسی لەسەر كلتوور و ئامرازەكانی پاراستنی ژینگەی هاوبەش لە كۆمەڵگەی كوردیدا و بەمەبەست كار لەسەر قووڵتركردنەوەی قەیرانی داڕمانی بەها كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە دەكەن تا ئاستی تێكدانی شیرازەی خێزان و بڵاوكردنەوەی پەروەردەی سەقەت و پێشاندانی سەدان فیلمی خراپ و كاركردن لەسەر ناشیرینكردنی دۆخی گشتی، شێواوی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی گەیشتۆتە ئاستێك كە ئیتر بێ بیركردنەوە و تێگەیشتن لە توانای خود، هەمووان خەریكی شیكاری سیاسەت و ئابووری و زانستی  پزیشكی و  یاسا و پرسە دیپلۆماسییەكان و بابەتی سەربازی و بازاڕ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سەرچاوە یاساییەكان و بزنس و پێوەرە بازرگانییەكان و هاوردەكردن و ساغكردنەوەی كاڵای بیانین.

لە ئەدەب و وێژەدا خاوەنی زۆرترین شاعیر و هۆزانڤان و نووسەر و ڕۆماننووس، ڕۆژنامەنووسی فەیسبوكەوان، بەندبێژین و شرۆڤەكاری هونەر و مۆزیكین و لە مەجلیساندا شەرحی دمبك لێدان دەكەین، لەولاشەوە هەموو وەك هاوەڵان لەبری خودا،  خەڵك تەكفیردەكەین و بووینەتە موفتی ، بۆیە زۆرترین جوێن و قسەی سووك و بێبەها دەبەخشینەوە بە كەسانێك كە بیانەوێ ئازادانە ڕاوسەرنجی خۆیان لەسەر پرس و بابەتێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئایینی بدەن و یەكسەر دەكرێتە مورتەد و هەموو هەوڵی ناشیرینکردنی دەدرێت تا ئاستی بەردەبارانکردن و سڕینەوەی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە