بەشی شەشەم و كۆتایی

هۆشیاری عەبدولعەزیز

 

یەكێك لە مەترسییە هەرە گەورەكانی شێواندنی كۆمەڵگە و تێكدانی پایەكانی كلتووری كۆمەڵایەتی و ئاراستەی پێشكەوتن و سەرخستنی دید و تێڕوانینی كۆمەڵگەی مەدەنی تێكدانی پەروەردەیە، لەوەش مەترسیدارتر تێكدانێكی  پرۆسێسكراوە كە دەسەڵات ڕاستەوخۆ و بەئەنقەست كاری لەسەربكات، واتا دەسەڵات خۆی بەرپرسیاربێت لە شێواندنی كۆمەڵگە، كە ئەمەش ڕوویدا ئەوە كۆمەڵگە بەرەو داڕمان و كاولبوونی زیاتر دەڕوات و هیچ پلانێك نامێنێ بۆ چاككردن و ڕێكخستنەوەی دۆخی گشتی، وەك ئەوەی كە ئێستا لە كوردستان ڕوودەدات.

 ئەم دۆخە وایكردووە هەر بەرپرس و بزنسمانێكی سیاسی دەسەڵاتدار لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی و حزبەكەیدا مامەڵە بە ژیانی خەڵكەوە دەكات و جگە لە هەوڵی خۆدەوڵەمەندكردن و خەستكردنەوەی دیاردەی گەندەڵی و تاڵانی و دزی و فزی و قاچاخچێتی و هاوردەكردنی خۆراك و داودەرمانی ئێكسپایەر هیچیتریان نەكردووە، لەولاشەوە نۆرینگە و نەخۆشخانە ئەهلییەكان، كە هی مافیاكانی حزب و بنەماڵە سیاسییەكانن، هێندەی تر بوونەتە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵك و كۆمەڵگە و تادێت وێرانتری دەكەن.

چەواشەكردنی كۆمەڵگە و تێنەگەیشتن لە راستییەكان و بڵاوكردنەوەی كلتووری روخان و بێهیوایی و شكاندنی كەسایەتی تاكی كورد لە رێگای روخانی ورە و نەمانی هیوا و ئومێدی تاكەكانی كۆمەڵگە بە دیموكراسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات و پێشكەوتنی پرسی بەمەدەنیبوون و دامەزراندنی حكومەتی دامەزراوەیی و بەیاساییكردنی شێوازی بەڕێوەبردن  و دروستكردنی گرێی دەروونی و بوغز و كینە لە كەسایەتی تاكدا لە رێگای سەپاندنی دەسەڵات و سەركوتكردنی رای بەرامبەر و نەخوێندنەوەی لایەنەكانی تر، گوێنەگرتن لە ناڕەزایەتییەكان و پەراوێزخستنی ماف و داخوازییە ڕەواكانی خەڵك و توندكردنەوەی ئامرازەكانی توندوتیژی و بەكارهێنانی زەبروزەنگ، دروستبوونی پەیوەندی كەسی و پێكهێنانی باند و گرووپی گەندەڵكاری و بەرزبوونەوەی ئاستی گەندەڵی لە ئەنجامی سوودوەرگرتنیان لەو رەوشەی كە تێیدا گەشەدەكەن وایكردووە ئێستا و ئایندەی  كۆمەڵگەی كوردی و پێكهاتەكانی بەتەواوەتی شێواندووە، شێواندنی كۆمەڵگەش لە هەموو قۆناغێكدا تەنها لە ئاستێكدا ناوەستێ و دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی دۆڕانێكی بەكۆمەڵی بەها و پایە گرنگەكانی تاكەكان و سەرجەم جوانییەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و لێكترازانێكی پێشوەختی ریزبەندی و هارمۆنییەتی ناو كۆمەڵگە.

بەداخەوە ئەوەی ئێستا لەم هەرێمە پیادەدەكرێت دوورە لە هەموو ئەو یاسایانەی كە بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵگە و پاراستنی مافی تاك دانراون. هیچ یاسایەك وەك خۆی جێبەجێناكرێت و بووەتە بابەتی حزب و دەسەڵات و ئەوەی دەسەڵاتبەدەست و خاوەن نفوزی خێڵگەری و سەربازی و دارایی دەیەوێت جێبەجێدەكرێت و كەچی لە بەرانبەریشدا ناڕەزایەتی و نیگەرانییە ڕەواكانی  هاووڵاتییان لە تەواوی پرسە سیاسی و ئابووری وكۆمەڵایەتییەكاندا هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر حكومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەكان نەبووە و نەیتوانیوە ئاراستەی ڕەوتی ڕووداواكان لە ئاستی گشتی بگۆڕێ و ببێتە فاكتەرێكی كاریگەر چ لەسەر هێزە ئۆپۆزسێۆنەكان و چ لەسەر ئاستی گشتی كۆمەڵگە و چ لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەكیدا، ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە و ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنێ كە ئەوان بێگوێدانە ئەخلاقی سیاسی و پێگەی كۆمەڵایەتییان و وەك دوو هێزی دەسەڵاتداری ستەمكار، پشتئەستوورن بە كۆمەڵێك فاكتەری دەرەكی و ناوخۆیی، كە هاووڵاتی ناتوانێت كاریگەرییان لەسەر دروستبكات و ببێتە ڕێگر لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە پەروەردەیەی، كە ئەم دەسەڵاتدارانە خەریكن سەودا و مامەڵەی پێوەدەكەن، لە كاتێكدا لە ساڵانی رابردوودا بەچەندین رێگە هەوڵی ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستان دراوە، لەوانە خۆپیشاندان، ناڕەزایەتی، مانگرتن، رێپێوان، پێكهێنان و دامەزراندنی چەندین حزب و رەوتی نوێ، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی كرداری گۆڕانكاری راستەقینە ئەنجامبدەن، چونكە هێز و پارەی زۆر لای حزبە دەسەڵاتدارەكانە و ئەوەش هۆكارێكی كاریگەرە لەسەر پەرتەوازەیی دەنگی ناڕازیی جەماوەری و دروستنەبوونی ناوەندێكی بەهێز لە دژی هەر جۆرە هەنگاوێك، كە ئەحزابی حوكمڕان گرتوویانەتەبەر و وایانكردووە هیچ ئاسۆیەكی گۆڕانكاری بەدیناكرێت و دیارنییە داهاتووی حوكمڕانیی كورد لە هەرێمی كوردستاندا چۆن دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا  هاوكێشەكە لەژێر كاریگەریی بوونی دەسەڵاتێكی وابەستەی وڵاتە هەرێمایەتییەكان و ئۆپۆزسیۆنێكی ساختەی پۆپۆلیست، ئاڵۆزتر بووە و لەو نێوانەشدا ئەوەی زیانی گەورەی بەركەوتووە تەنها هاووڵاتییە.

بەكورتی شێواوی و تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی گەیشتۆتە ئاستێك، كە ڕەنگە چارەسەركردن و ڕیشەكێشكردنی كەمێك قورس و ناهەمواربێت، چونكە بەشێك لەو تێكچوونە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییانە ڕاستەوخۆ دەسەڵات خۆی دروستیكردووە و مەبەستیش لە دروستكردنی تەنها بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵە و دەسەڵاتە و هۆكارەكان زیاتر خودین و پەیوەستن بە بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە و لەو پێناوەشدا بەردەوام لە هەوڵی تێكدانی شیرازەی گشتیدان و نایانەوێ دۆخێكی ئارام جێگیربێت.

بەگشتی كۆمەڵگەی كوردی لەمەترسیدارترین دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی شێواودایە و بووەتە ئاشێك نەزان دەیگێڕێ، كەس تاقەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەم شێواوییەی نییە و هەموو خۆی لەئەسڵی رووداو و دیاردە مەترسیدارەكان دەدزێتەوە و دادەماڵراوە لەروحی بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەی دژوارییەكان و گەیشتۆتە ئاستێك وەك ریمۆند كۆنترۆڵ یاری پێدەكرێ و لە سروشتی خۆیدا بووەتە كۆیلەیەكی دەست و پێ شەتەكدراوی بێئیرادە و هیچ پڕۆژەیەكی  گۆڕانكاری پێنییە و نایەوێ بچێتە نێو دیاردەیەكەوە، كە ئەڵتەرناتیڤی حوكمڕانی و ڕێفۆرم تەرحدەكات. 

قۆستنەوەی ئەم دیاردەیەش بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم و گۆڕانكاری پەیوەستە بە پەروەردەكردنی تاك و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و دەرخستنی ڕاستییەكانەوە كە وەك پرسیارێك ڕای گشتی بجووڵێنێ و كۆمەڵگە و پایەكانی بخاتەوە سەر سكەی ڕاستەقینەی خۆی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا