دیواری گەڕۆک

"خۆت بە پارە هەڵمەکێشە، کورتانی زێڕ کەر ناکات بە ئەسپ!".

(ئەلقەی چوارەم)

١.

نووسینی سەر دیوارەکان و نووسینی سەر ئۆتۆمبێل و بەگشتی (ئامێرەکانی بارهەڵگر و گواستنەوە)، لەڕووی ناوەڕۆک، نێرەرە و وەرگرەوە، هەم هاوبەشی و هەم جیاوازییان هەن.

٢.

ئۆتۆمبێلەکان وەک (دیواری گەڕۆک) ناودەبەم. تەنیا جیاوازییەکە ئەوەیە، دیوارەکە خۆی، جێگیرە و توانای جووڵەی نییە، بەڵام دیوارە گەڕۆکەکە، گەڕۆکە ئیدی!

٣.

ئەگەر (نێرەر) لە نووسینی سەر دیوارەکاندا ناناسرێتەوە (لانیکەم بۆ هەمووان ئاشکرا نییە)، ئەوە (نێرەر) لە نووسینی سەر دیواری گەڕۆک (ئۆتۆمبێل) ناسراوە و دەناسرێتەوە. شوفێر و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە، خاوەندارێتی لە نووسینەکە دەکات. ئەوە یەکەم جیاوازییە لە نێوان (نێرەر)ی سەر دیوارە جێگیرەکان و (نێرەر)ی سەر دیوارە گەڕۆکەکان.

٤.

پێوەست بە نووسینی سەر دیوارە گەڕۆکەکان، یەکێک لە تێبینییە گرنگەکان ئەوەیە، کە بەزۆری نووسین لەسەر ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانە دەبینرێت کە بۆ (کرێ) بەکاردەهێندرێن یان ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن و کەم-نرخن. لە کۆتاییشدا زۆرجار نووسین لەسەر ئەو جۆرە ماتۆڕسکیلەی بە زمانی میللیی (ماتۆڕسکیلی سێ تایە)ی پێدەڵێن. ئەوە ئامێرێکی بچووک و کەم-نرخی کرێ و گواستنەوەیە.

٥.

لە یەکەم ئەلقەی ئەو زنجیرە نووسینەدا، ئاماژەم بە پێوەندی نێوان نووسینی سەر دیوارەکان/ئۆتۆمبێلەکان و پێگەی چینایەتی یان باری ئابووری خەڵکەکە کرد. تێگەیشتنەکە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە هەم نووسینی سەر دیوارەکان لە گەڕەکە میللی و هەژارنشینەکاندا باوە و هەم نووسینی سەر ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی بار و گواستنەوە، بەزۆری لەسەر ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلی کەم-نرخ دەبیندرێن و ئۆتۆمبێلەکانی کرێ-یش، وەک بارهەڵگرەکان(تڕێلەکان و تانکەرەکانی گواستنەوەی ئاو و سووتەمەنی)، لە هەمان بازنەدا دەخولێنەوە.

٦. وێنەی هاوپێچکراو، لانیکەم لەناو ئەو دەیان وێنەیەی پێوەست بە نووسینی سەر ئۆتۆمبێلەکان تۆمارم کردووە، تاکە وێنەیە کە بەدەست و خەتێکی ئاسایی نووسراوە. نووسینی سەر ئۆتۆمبێلەکان بە نزیکەی تێکڕا یان بە بەشێوەی (لەزگە) لەسەر ئۆتۆمبێلەکان جێگیر کراوە یان لەلایەن خۆشنووسەوە نووسراوە. بەو جۆرەیش وەک پێشتر گوتم، ئەو شێوە نووسینە، بەراورد بە نزیکەی تێکڕای نووسینی سەر دیوارەکان، کە بە هەڵەی ڕێنووس و زمانەوانی دەناسرێنەوە، کەمترین هەڵەی ڕێنووس و زمانەوانی لەخۆدەگرن.

٧.

وێنەی هاوپێچکراو، هەڵوەستەکردنە لەسەر (پارە)، ئەوە پرسێکی ئابوورییە. ئەوە تاکە نموونە نییە، بەڵکوو لە نووسینی سەر دیوارە گەڕۆکەکاندا(ئۆتۆمبێل)، زۆرجار پەیامەکانی پێوەست بە (پارە) و (سامانی ماددی) پاتە دەبنەوە.

٨.

لە نووسینی هاوپێچکراودا، هەروا بەسادەیی باس لە پارە و سامانی ماددی نەکراوە، بەڵکوو هەڵوەستەکردنە لەسەر جۆرێک لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی گرێدراو بە سامانی ماددی. لێرە، پرسێکی کۆمەڵایەتی هەیە. سامانی ماددی لەتوانادایە ڕەفتاری کەسەکان و شێوازی پێوەندییان لەگەڵ ئەوانی دی بگۆڕێت، پارە لەتوانادایە پێگەی کۆمەڵایەتی دروست بکات، هەرچەندیش ئەوانی دی، ڕەتی بکەنەوە یان نکوڵی لێ بکەن، هاوشێوەی ئەو پەیامەی لەسەر دیوارە گەڕۆکەکەدا هەیە.

٩.

پەیامەکە، دەڵێ سامانی ماددی توانای گۆڕینی (جۆر)ی مرۆڤەکانی نییە، یان ئەوەی سامانی ماددی ناتوانێت بەهایەکی بەرز بە مرۆڤ بدات، یان بەسادەیی بەهای پارە، نزمترە لە بەهاگەلی دیکەی مرۆیی و ... هتد. ڕاستییەکەی، ئەوە تێگەیشتنی ئەو مرۆڤە پاک و خاکەڕایانەیە، کە هێشتا خۆیان ڕادەستی هێزی پارە نەکردووە. لە دۆخێکدا کە پارە دەتوانێت زۆر شت یەکلا بکاتەوە! پەیامەکە هیی مرۆڤی ناخپاکی ئێمەیە، هۆشیاری و تێگەیشتنەکەیشی ڕیشەی هەیە. هەبوونی ئەو ڕیشەیە، دەتوانین بدۆزینەوە، تەنانەت لەو ناو و وشانەی بۆ گوزارشتکردن لە پەیامەکەی بەکاریهێناوە. ئەوە، دەربڕینێکی ڕیشەدارە لەڕابردووی کۆمەڵگەی ئێمەدا.

١٠.

دەتوانین شیکردنەوەکەمان قووڵتر و درێژتر بکەینەوە و بڵێین نووسینەکە، ئاماژە بە بەریەککەوتنێک لە نێوان دوو جیهان و دونیابینی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەکات، جیهانێک کە پارە ئەو حاکمە نییە و جیهانێکی نوێ کە تیایدا پارە دەیەوێ ببێت بە حاکمی موتڵەق.

 

…………..

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە