فەرەیدوون سامان


1 لە 2

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە ڕاستەوخۆ لە سەنتەری کۆمەڵایەتی کۆییانی شاری سلێمانی لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٦/٦/٢٠٢٦ پێشکەشکرا.
 دەتوانین ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی دژبەرەکانی زمانی کوردی بکەین، یەکەمیان هۆکارەکانی دەرەوە کە بریتین لە هۆکاری سرووستی- جوگرافی، هۆکاری سیاسی و ئایدۆلۆلۆژی، هەروەها هۆکارە یاسایی و دەستوورییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکاری دیمۆگرافی و جینۆسایدی کەلتووری ناسنامەو زمانی کوردیدا هەبووە.
هۆکارە ناوخۆییەکانیش بریتین لە نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و هەبوونی فرە زار و فرە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان و هەروەها دژەگوتاری ئایینی و مەزهەبی، خەمساردی دەزگە کولتوورییەکانی حکومەت و نزمی ئاستی زانستی بەشە کوردییەکانی زانکۆیەکانی هەرێمی کوردستان.
بە ڕای زمانناسی کوردی سۆڤیەتی جاران (زارا یوسوبۆڤ ئەلینۆڤا) زمانی کوردی لەسەر بنەمای ئیتنیکی لە دوو زاری سەرەکی(کورمانجی و گۆران) پێکهاتووە، واتە کرمانجی ژوورو و کرمانجی ژێری بە بنزارەکانیانەوە، زاری گۆران(زازاکی- ھەورامی، بە بنزارەکانی  شەبەک و باجەلان و زەنگنە..تد)، بەڵام بە ڕای زانایەکی کوردی فەیلی وەک د.ئیسماعیل قەمەندار کە ئەندامی ئەکادیمیای زانستی فرەنسایە، نووسەری کتێبی(زارە کوردییەکانی خوارین- اللهجات الکوردیە الجنوبیە)ە، ئەو زارەکانی(لەک و لوڕ و کەڵھور و گەرووسی..تد)، بە کۆمەڵەی سێیەمی زارە کوردییەکان دەناسێنێت، مخابن ئەو زارە ڕەسەنە کوردییانە لە بەشەکانی کوردستاندا، سەبارەت بە زۆر ھۆکاری ئایدۆلۆژی و سیاسی کە پێشتر ئاماژەم پێکردوون، دووچاری نکۆڵی لێکردن و هەڵمەتی جینۆسایدی کەلتووری ھاتوون، ئەویش لە ڕێی قەدەغەکردنی قسەپێکردن و نەخوێندنی لە بوارەیلی پەروەردە و فێرکردندا، لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، ساڵانەش بوودجەیەکی قەبەیان بە پلان و بەرنامەڕێژی کردنی ئاسمیلەکردنی ئەو زارە کوردییانە تەرخان کردووە، تەنانەت چەندان نووسەر و زمانناسی ئەکادیمی لە خودی ئەو خەڵکانەیان ھانداوە بۆ ئەوەی توێژینەوەو کتیبەکانیان لەسەر جیاوازی و سەربەخۆیی ئەو زارانە بە چاپ بگەیەنن و بانگەشەی ئەوەش بکەن کە زارەکانیان زمانی سەربەخۆن و کوردی نین.
 کاتێک کۆمەڵگەیەک پێدەزانێ ‌زمانەکەی لە مەترسی لەناوچووندایە، دەتوانێ تێکۆشانەکانی بەدەر لە ئایدۆژیای سیاسی و حیزبایەتی و ناوچەگەرێنی بکاتە یەک و ھەنگاوی ئەوتۆ ھەڵبێنێت کە بە ڕاستی بکرێ زمانەکەی ببۆژێنێتەوە، بۆ سەرکەوتن لەو کارەشدا ھەڵبەت ھەموو خەباتێک دەبێ بە ئاوایەکی نەتەوەپەروەرانە دروست بکرێ، واتە تاک و کۆی کۆمەڵگەکە خۆی دەبێت ویستی ڕزگارکردنی زمانەکەی ھەبێت، واتە ئەو کولتوورەی کە پارچەیەک پێویستی بەوە ھەیە کە ڕێزی زمانەکەی خۆی بگرێت، ئەو کارەش دەرفەت و دەرەتانی مادی  و مەعنەوی و میدیایی پێویستە، دیارە پێویستی بە ھەبوونی زمانناسانیش ھەیە، کە بە ئەرکی سەرەتایی گردەوەکۆیی و بە بەڵگەیی کردنی زمانانەوە خەریک بن.
د.فوئاد حەمە خورشید لە پێشەکی کتێبی(زمان و زارە کوردییەکان)یدا دەڵێت: لەم سەردەمەدا زمانی کوردی لە نێو باھۆزی بە جیھانیبوون و سەدەی مردنی زمانەکان و باڵادەستی زمانی ئینگلیزیدا، بە ڕێرەوێکی سەخت و پڕ لە کەند و ھەڵەت تێدەپەڕێت. ئەم زمانە بە درێژایی مێژوو ھەر بە زیندوویی ماوەتەوە، ئەمە ھەر چەندە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکانی تورکیا و ئێران و عیراق و سووریاوە زۆر بە توندی نکۆلی لێ کراوە و بە زۆر شێواز ھەوڵی لەناوبردنی دراوە، مەگەر تەنھا لە بەشێکی کوردستاندا کە باشووری کوردستانە، دوای خەباتێکی بێوچان و قوربانییەکی زۆر، ئازادیی بەکارھێنانی بۆ ڕەخساو ھەتا ڕادەیەکی بەرچاویش گەشەی کردووە.
لە کوردستاندا کە پتر لە سی و چوار ساڵە خاوەنی حکومەت و دەیان دەزگەی توێژنەوەو ناوەندی کەلتوورین، تا ئێستا وەکو پێویست بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوە لەسەر ئەم زارە کوردییانە نەکراوە، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی ئەدەبی زارەکییش لە نێو زارەکاندا ھەیە و بە میتۆدێکی زانستی کۆنەکراوەتەوە، ئەمڕۆ ئەم گەنجینە ئەدەبییە لەبەردەم مەترسی لەناوچووندایە، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە لە سەردەمی کۆکردنەوەی زانیاریداین و تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی تۆمارکردن و نەخشەسازیمان لەبەردەستدایە، کەچی تا ئێستا ئەتڵەسی زارەکانمان نییەو ناشزانین ژمارەی ئاخێوەری زارەکانیشمان چەندن، نەک ھەر زارەکان، بەڵکو ھەتا ئێستا نازانین لەسەر نەخشە جوگرافیای زمانی کوردی لە کوێوە ھەتا کوێ درێژ دەبێتەوە، ھەندێک توێژەری کورد بە کاریگەری ھەندێک لە ڕۆژھەڵاتناس و کوردناسە ئەوروپییەکان گومان لە ناسنامەی کوردبوونی زمان و ناسنامەی لوڕ و لەک و زازا و ھەورامییەکان دەکەن، چاوەڕێ دەکەن ئەوان بە ئێمە بڵێن ئەم زارە کوردییە و ئەو شێوەزارە کوردی نییە، ئەوان بە ئێمە بڵێن کە زمانی کوردی چەندان زاری ھەیە، ئەوسا ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بڵێین ئەدی ئەوە نییە ئەوروپییەکان دەڵێن ئەوانە کوردن، کەواتە ئەوانە زاری کوردیین، ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە کە ئێمە بە خۆمان لە زارەکانی کوردی بکۆڵینەوە و لەسەر بنەڕەتی مێژووی گەشەکردنی زمانی کوردی و بنەماکانی زمانەوانی نوێ ناسنامەیان دیار بکەین، ھەروەھا دابەشکردنێکی سەردەمییانە بۆ زارەکان بکەین و نەخشەی ورد و زانستییانەیان بۆ بکێشین.
ئایا زمانی کوردی ھێشتا لە سنووری مان و نەمان ‌دایە؟
ئەمڕۆ زمانی کوردی ئەو سنوورەی بەرەو پانتاییەکانی ژیانی ھەمیشەیی بەزاندووە و مەترسییە سەرەکییەکانی سەر ئەم زمانە لە سەردەمی گلۆباڵ و تەکنەلۆژیای زانیاریدا کامانەن، چۆن دەتوانین زمانی کوردی لەم مەترسییانە دوور بخەینەوە و ھاوکاتیش بەرە و گەشەکردن و بەخشینی توانای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەکانی سەردەمی ببەین و لە باری فورم و ناوەڕۆکەوە دەوڵەمەندتری بکەین، چۆن دەتوانین بارودۆخ و توانستەکانی ئەم زمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زانست و دیاردە مودێرنەکاندا فراوانتر بکەین، بێ گومان چ زمان بە خانەی ھەستیی بزانین یان بە ئامرازی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان، چ بە دیاردەیەکی مێژوویی دابنێین یان وەکوو سیستەمێک لە نیشانەکان بیبینین و بە شێوەیەکی ھەنووکەیی سەیری بکەین، ناتوانین خۆمان لەم ڕاستییە بشارینەوە کە زمان و هزری مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی یەکترن، بە واتایەکی‌ دیکە زمان ئامرازی هزرکردنە و هزریش بنەمای زمانە.
 زمانی کوردی و گوتاری ناسیۆنالیزم
هزری نەتەوەیی، کۆڵەکەی سەرەکی ڕزگارکردنی ئەم زمانەیە، کە لە ژێر پەنجە نەگریسەکانی سڕینەوەی کولتووریی ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازانەی کە سەردەمانێک خەونیان بە درووستکردنی یەک نەتەوە و یەکزمان دەبینی. بەڵام ئێستاکە بە ئاشکرا و بە تەواوی پەیکەری ئەم ئاواتە نامرۆڤانەیان ڕووخاوە، ئەم حکومەتانە بە ناچاری ئاراستەی سیاسەتەکەیان گۆڕیوە بۆ سیاسەتی برایەتی ڕواڵەتیی و ڕازی کردنی ڕووکەشییانە، پێیان خۆش بێت یان نا، ئێستە زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانە زیندووانەی کە تەنانەت لە غیابی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیشدا ڕووبەرێکی سیاسی و کولتووریی بەرین و بەرفراوانی ھەیە. 
ئەوەی لێرەدا جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە دەرکەوتە ئایدیۆلۆژیکەکەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، ھێشتا قەناعەتی بەم وەرچەرخانە مێژووییە نەھێناوە و ھەر لە ڕەھەندی دووانەی مەرگ و ژیانەوە مێزەی زمانی کوردی دەکات، بەم پێیەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەگەر و دۆخەکانی گەشەی زانستیی لێوەر‌گرتۆتەوە و ڕێگەی بۆ ھەر چەشنە دەستێوەردانێکی نازانستیی خۆش کردووە؛ ئەو دەستێوەردانانەی کە بە دروشمی ڕەسەنایەتی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمان و کتێبخانەی کوردی پاساو دەدرێن، بە گشتیی دوو گرووپ خاوەندارێتی ئەم دەستیێوەردانە ئایدیۆلۆژیک و نازانستییە دەکەن: 
یەکەم- ئەوانەی تا ئێستەش ئاگاداری ئەم ڕاستییە نین و بە شێوازەکانی ڕابردوو ھێشتا ھەر پاراستنی زمان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
 دووەم- ئەوانەی بە تەواوی ئاگادارن، بەڵام ئەم دۆخەیان پێخۆشترە و شکۆی دەستکرد و نانی خۆ ھەڵواسین بەم زمانەدا بە ئاسانی ڕادەستی پرۆسەی بە پسپۆڕیی بوون و زانستیی کردنەوەی زمانی کوردی ناکەن، بە داخەوە نموونەیان کەم نییە ئەوانەی کە هەرچەند توانستی وەزیفی و داراییان قۆرخکردووە، ھێشتا گرفتی سەرەکییان لە نووسینی کوردیدا ھەیە، کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بڵاودەکەنەوە. 
 بە ئایدیۆلۆژیی کردن یەکێکە لەو مەترسییانەی دەتوانێت پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان زمان و هزر تووشی دابڕان بکات، ئایدیۆلۆژی وەکوو دەزگەیەکی هزریی سیاسیی پێشتر داڕێژراو و بە پیرۆزکراو، ئاراستەی گەشەی زانستیی زمان دەگۆڕێت و سیستەمێکی چەقبەستوو لە نیشانەکان بەرھەم دەھێنێت، کە دەروازەکانی زمان لەسەر گەشەکردن و نوێبوونەوە دادەخات، لە ساتەوەختێکدا بە دووپات بوونەوەی دروشمگەلی وەکوو "ھەرچی بێت ھەر کوردی بێت" زمان دەبێتە بەستێنی تەراتێنی ناشارەزایی و لە ئەنجامدا دەقی لاواز و نەزۆک بەرھەم دەھێنێت. بۆ نموونە دوای ڕاپەڕین و لە ژێر کاریگەریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فەرھەنگیی نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستاندا کە بوو بە ھۆی ھەڵتۆقانی دەیان زانکۆی ئەهلی و بەخشینی سەدان بڕوانامەی باڵاو دامەزراندنی دەیان مامۆستای زانکۆی بێ بەهرە و بوونی چەندان دەزگە و ڕێکخراو بۆ زمان و کەلتووری کوردی، دیاردەی وەرگێڕانێکی بە لێشاو ھەموو ڕووبەری زمان و هزری داگیر کرد، کە بە داخەوە لە غیابی میکانیزمی زانستیی و چاودێریی پێویستدا تا ئێستەش بەردەوامە و خراپترین شێوە تەنیوەتەوە. ڕاستییەکی تاڵ کە بووەتە ھۆی زمان‌بێزیی بەشێکی بەرچاو لە خوێنەران و ھۆگرانی زمانی کوردی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا