لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان
فەرهاد مورتکە، مامۆستا و پێشمەرگە
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ وتەی بەرایی:
مامۆستا فەرهاد مورتکە، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەڵوێست نەگۆڕ و قسەخۆش و میوان دۆستە، پەروەردەکار و مامۆستا و پێشمەرگەی ڕۆژگارە سەختەکانە.
مامۆستا فەرهاد هەمیشە لەناو ململانێی چینایەتی و سیاسی و هزری و حزبیدا ژیاوە و بەردەوامیشە و کۆڵنادات!
مامۆستا ڕەخنەی خۆی دەگرێت، قسەی خۆی دەکات، گوێ لە بەرامبەریش دەگرێت و بەهیوای گۆڕانکاریی ئیجابی و چاکسازییە لە هەموو کایەکانی ژیاندا.
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا فەرهاد:
ــ ناوی تەواوی: (فەرهاد عەبدوڵلا شێخە عەبدوڵڵا)یە.
ــ باوکی: (عەبدوڵلا شێخە عەبدوڵڵا) لە هۆزی بڵباسە، لە ساڵی1924 لەدایکبووە و لە ساڵی1989 کۆچی دواییکردووە.
ــ دایکی (خەجێ خاڵانی محەمەد) ئەمیش لە هۆزی بڵباسە و لە ساڵی 1924 لەدایکبووە و لە ساڵی 2004 کۆچی دواییکردووە. یادیان بەخێر.
ــ مامۆستا فەرهاد لە ساڵی 1945 لە گوندی مورتکەی گەورە (مورتکەی عەلی مەحمودی) سەر بە ناحیەی قوشتەپە لەدایکبووە.
ــ لە ساڵی 1952 لە قوتابخانەی مورتکەی سەرەتایی دەستی بەخوێندن کردووە. تاکو پۆلی چوارەم لە گوندی مورتکە خوێندوویەتی، دوایی لە ساڵی1958 گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی ئەربیل ئولا لە ناو شاری هەولێر. لەم قوتابخانەیەدا قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە .
ــ لە ساڵی حوێندنی (1958-1959) لە قوتابخانەی ناوەندی (اربیل) وەرگیراوە و لە ساڵی 1962 تەواوی کردووە.
ــ لە ساڵی خوێندنی (1962-1963) بۆ تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی لە دواناوەندی هەولێر وەرگیراوە.
ــ لە پۆلی چوارەمی ئامادەیی بووە کە کودەتای قەومی و بەعسییەکان لە 8-2-1963 ڕوویداوە. فەرمانی گرتن لە لایەن حەرەس قەومی بۆ مامۆستا فەرهاد دەرچووە، بۆیە ناچار بووە دەست لە خوێندن هەڵبگرێت و لە تەک هاوڕێیانی پەیوەندی بەڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بکات.
ــ لە ساڵی (1967-1968) بە ئاگاداری حزبەکەی (حزبی شیوعی عێراق) بە (مامۆستای شۆڕش) لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی ئەیلول دامەزراوە و لە قوتابخانەی شیوەپیران لە سنووری قەزای کۆیە دەستی بە پیشەی مامۆستایی کردووە.
ــ لە ساڵی (1968-1969) لە (ناوپردان) لە خولی پێگەیاندنی مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلول وەرگیراوە. خولەکە شەش مانگ بەردەوامبووە. لە دوای تەواوکردنی خولەکە لەسەر پیشەی مامۆستایی بەردەوامبووە. مامۆستا فەرهاد دەڵێ: لە خولەکە ئەم بەڕێزانە وانەیان پێدەگوتین: (د.مەحمود عوسمان، مقدم عەزیز عەقراوی، هاشم عەقراوی، جەرجیس فەتحوڵلا، محەمەد عەلی ڕواندزی، شەکیب عەقراوی)..هتد.
ــ لە دوای تەواوکردنی خولەکە مامۆستا فەرهاد لە ساڵی خوێندنی (1968-1969) بۆ قوتابخانەی سکتان لە خۆشناوەتی گوازراوەتەوە.
ــ لە ساڵی1970 کە بەیاننامەی 11 ئادار دەرچووە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی مەسەلەی کورد، مامۆستا فەرهاد لە قوتابخانەی چارەگردەرە کە ئێستا لە سنووری ناحیەی قوشتەپەیە مامۆستا بووە.
ــ لە ساڵی خوێندنی 1970-1971) دوای ئەوەی ئیدارەی پەروەردەکانی کوردستان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی فەرمی حکومی بۆ مامۆستایانی شۆڕش دەرچوو وەکو مامۆستای سەرەتایی لە قوتابخانە سەرەتاییەکان جێگیرکران.
ــ لەدوای ئەم گۆڕانکارییە مامۆستا فەرهاد وەکو مامۆستا لە قوتابخانەی مورتکەی گەورەی سەرەتایی دەستبەکار بوو.
ــ لە ساڵی 1972 بۆ قوتابخانەی پۆڕیجە گوازراوەتەوە. لە دوای پۆڕیجە بۆ قوتابخانەی شێراوە گوازراوەتەوە. لە دوای شێراوە بۆ قوتابخانەی سابڵاغ گوازراوەتەوە. هەموو ئەم گوندانە ئێستا لە سنووری قەزای قوشتەپەن. ئەم گواستنەوانەشی بەهۆی چالاکی سیاسی و حزبی بووە لە ناوچەکەدا.
ــ لە ساڵی خوێندنی (1973-1974) دیسان بەهۆی چالاکی سیاسی و بە فەرمانی کارگێڕی عەبدولوەهاب ئەتروشی پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر بۆ قوتابخانەی باوەخەلانی ناوچەی زرارەتی ئەودیوی بەستۆڕە گوازراوەتەوە.
ئەوکات پەیوەندییەکانی نێوان حزبی شیوعی عیراق و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەواوی تێکچووە بۆیە لە13-11-1973 مامۆستا فەرهاد لە پیشەکەی دوورخراوەتەوە، چونکە بەڕێوەبەرێتی پەروەردە لەبندەستی پارتی بوو لە پارێزگای هەولێر.
ــ حزبی شیوعی عیراق لە بەغدا لە ڕێگای وەزارەت فەرمانی گەڕاندنەوەی بۆ مامۆستا فەرهاد دەرکردووە و وەکو نووسەر لە ناوەندی قوشتەپە دەستبەکار بووە. دوایی هەر بەپلەی وەزیفی نووسەر بۆ ناوەندی سەلاحەدین لە هەولێر گوازراوەتەوە.
ــ لە ساڵی (1974-1975) لەسەر داوای هاوڕێی شەهید عادل سەلیم مامۆستا فەرهاد ڕاژەکەی بەناونیشانی (یاریدەدەری تێبینەر) بۆ ئەنجومەنی یاسادانانی حوکمی زاتی گوازراوەتەوە.
ــ لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا، کە هەڵمەتی گرتنی شیوعییەکان لە لایەن ڕژێمی بەعس پەیڕەوکرا، مامۆستا فەرهاد (هەروەکو خۆی دەڵێ) لەگەل تێکۆشەران: (مامۆستا ناسح حەمەد ئەمین، مامۆستا کەریم ڕەئوف، محەمەد پیرداود مورتکەیی) لە ڕێکەوتی 19-4-1980 دەستگیر کرا.
ــ دوای دەوروبەری 6 مانگ گیران و ئەشکەنجەدان ئازاد کراوە و لە وەزیفە (سحب الید ) دوورخراوەتەوە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بە نیوەمووچە.
خەباتی سیاسی
٭ مامۆستا فەرهاد لە باوەشی خێزانێکی تێکۆشەر پەروەردەکراوە، باوکی (عەبدوڵڵا شێخە) لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو پەیوەندی لەگەڵ حزبی شیوعی عیراق هەبووە، وەکو جوتیارێکی چەوساوەی دەشتی هەولێر بەشداری لە ڕاپەڕینی جوتیاران لە ساڵی 1953 دژ بە دەرەبەگایەتی کردووە. سەرقافلەی جوتیارە بەشداربووەکانی ئەم ڕاپەڕینە لە گوندی مورتکەی گەورە حاجی حوسێن مەیاس و محەمەد میرخان و مام سلێمان مورتکە و محەمەد پیرداود و عەلی مستەفا و سەعید حاجی حەسەن و حاجی کاکە حەمە محەمەد شەریف، حوسێن حاجی حەمەشەریف، ڕەسوڵ حاجی شێخ محەمەد، حەمەد ئەمین مام شێخە بوون (یادیان بەخێر).
دایکی مامۆستا فەرهادیش (خەجێ خاڵانی محەمەد) لە ساڵی 1958 لە دوای شۆڕشی چواردەی تەممووز لەتەک ژنە تێکۆشەرەکانی هەولێر وەکو ڕابعە خان خێزانی تێکۆشەر مەحمود عەدۆ، فەتحیە خان خێزانی تێکۆشەر عادل سەلیم و هەیبەت خان خێزانی تێکۆشەر مەلا نەفتە، زبێدە خان خێزانی تێکۆشەر محەمەد میرخان، مامۆستا ساکنە سلێمان)..هتد لە تەک کۆمەڵەی ئافرەتان لەناو ڕیزەکانی ژنە تێکۆشەرەکانی هەولێر دژ بە چەوساندنەوە، خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەنجامداوە. ئەو کات بارەگای کۆمەڵەی ئافرەتان لە خانوێکی گەڕەکی سەیداوە بوو، د.نەزیهە دلێمی لە بەغداوە هاتووە سەرپەرشتی خەباتی کۆمەڵەی ئافرەتانی کردووە.
مامۆستا فەرهاد کوڕی ئەو دایک و باوکە تێکۆشەرەیە، بۆیە هەر زوو ڕێگای خەباتی پیشەیی و سیاسی گرتۆتەبەر. لەو کاتەی قوتابی قۆناغی ناوەندی بووە بۆتە ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابیيان. لە ساڵی1963 قوتابی چوارەمی ئامادەیی بووە شەڕەفی ئەندامێتی لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عیراق پێدراوە. بۆ یەکەمجار ئەندامی شانەیەکی حزبی بووە لە هەولێر لەگەل ئەم تێکۆشەرانە: (م.ئیسماعیل یونس، کەریم تۆفیق، شامل کەرکوکی، فەرهاد عەبدوڵڵا) هاوڕێ کەریم تۆفیق بەرپرسی شانەکە بووە.
لە دوای کودەتای 8ی شوباتی 1963 کە بەعس و حەرەس قەومی دەسەڵات دەگرنەدەست، فەرمانی دەستگیرکردن لە لایەن حەڕەس قەومی بۆ مامۆستا فەرهاد دەرچووە، پۆلی چوارەمی ئامادەیی بووە، خۆی نەداوەتەدەست و لەسەر دیواری قوتابخانە ڕایکردووە و ڕزگاری بووە. هەر لەو کات لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانی لە گەمارۆدانی بنکەی پۆلیسی سەیداوە بەشدار بووە، بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر بنکەکەدا. ئەو هاوڕێیانەی کە دەوری سەرەکیيان هەبوو لەم پرۆسەیەدا: (نەجمەدین مامۆ، حاجی جەمال دیبەگەیی، ئەحمەد جۆڵا، تاهیر حاجی عوسمان، عەبدوڵلا حەمە ساڵح، ئەحمەد شێروانی)..هتد زۆر بوون، (یادیان بەخێر). بەڵام هەوڵدانەکەیان شکستیهێناوە و هەموویان پاشەکشەیانکردووە بۆ گوندی مورتکەی گەورە، لەوێ مامۆستا کەریم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی (حشع) لەگەل هاوڕێیانی هەولێر و گوندی مورتکە کۆبۆتەوە و هەندێ ڕێنمایی پێڕاگەیاندوون و بڕیاردراوە بەرەو خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتی هەورازببنەوە. بەشێکیش لە کادیرەکانی حزب لە دەشتی هەولێر ماونەتەوە .
مامۆستا فەرهاد لە ساڵی1963 بەسەرەوە لە دەشتی هەولێر بەتایبەتی لە گوندەکانی پشت ڕێ (گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕێگای هەولێر- پردێ) لەگەڵ ئەم هاوڕێیانە لەناو جوتیاران درێژەی بە خەباتی سیاسی داوە: (محەمەد پیرداود، م. چەتۆ شێخە، حاجی کەریم خاڵانی مورتکە، حەمە حاجی شەریف، عەبدولقادر عەبدوڵڵا مورتکە، ئیسماعیل ئەحمەد شەهاب، محەمەد سەعدون باغەمرە، حاجی عەلی وسو باغەمرە، مام ناسڕ قەرەچناغە، علی خجۆل گردەڕەشەی گەورە).
لە هەمان ماوەی شەستەکاندا لەگەڵ مەفرەزەکانی حزبی شیوعی لەگەڵ ئەم هاوڕێیانەی ناویان لە خوارەوە نووسراوە جەولەی کردووە و پێشمەرگە بووە: (وەستا محەمەد، شەهید سەلیم ڕەسول، سەید زرار) ..
مامۆستا فەرهاد دەڵێ: لە شەستەکان ئەم هاوڕێیانە کادیری بەرپرس بوون لە ناوچەکەمان: (ئەبو سیروان، ئیسماعیل حاجی مەحمود، مەلا نەفتە، عەلی حاجی، ڕەحمان سەرخوری) ــ یادی هەموو ئەو تێکۆشەرانە بەخێر کە ناومان هێناون ــ ئەمانە هەموو لە بارودۆخێکی زۆر سەخت وەکو پێشمەرگە و کادیری حزبی دڵسۆزانە ئەرکەکانیان ئەنجامداوە. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەوانەی کۆچی دواییانکردووە، تەمەن درێژیش بۆ ئەوانەی لە ژیاندا ماون.
مامۆستا فەرهاد لە ساڵی (1967-1968) بەئاگاداری حزبی شیوعی لە خولی پێگەیاندنی مامۆستایانی شۆڕش لە ناوپردان قەزای چۆمان بەشدار بووە. خولەکە شەش مانگ بووە، دوای تەواوکردنی خولەکەش وەکو مامۆستای شۆڕش بەردەوامبووە لە وانەوتنەوە لە گوندە ڕزگارکراوەکاندا. (مامۆستایانی شۆڕش) دەستێکیان قەڵەم و تەباشیر بووە بە دەستەکەی تریش چەکی بەرگریان هەڵگرتووە، تاکو دەرچوونی بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 لە دوای ئەم ڕێکەوتە، قۆناغێکی نوێ لە باشووری کوردستان دەستپێدەکات. سەبارەت بە ژیانی مامۆستا فەرهادیش قۆناغکی نوێ دەستپێدەکات.
٭ ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی و باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا فەرهاد لە ساڵی 1974 لە لێژنەی جوتیارانی ناحیەی قوشتەپە کاری کردووە. هاوڕێ کەریم عەزیز (ئەبو دارا) بەرپرسی ناوچەی قوشتەپە و لێژنەکە بوو، ئەم تێکۆشەرانەش ئەندامی لێژنەکە بوون: (کوێخاعەلی گەڕەشێخانی، مەلا سابیر ئاودەلۆک، حەسەن حاجی عەلی، کاکەڕەش حەمەد).
دوایی لە هەولێر لە ڕێکخستنی کرێکاران لەگەڵ هاوڕێیان مەلا خدر، عەبدوڵڵا شێخ محەمەد و مەغدید باشە، خەباتی کردووە و هاوڕێ مامۆستا لەشکری یابە بەرپرسی لێژنەکە بوو. (یادی کۆچکردووان بەخێر).
کە ئیرهابی بەعس بۆ سەر (حشع) دەستیپێکرد، مامۆستا فەرهاد لە بەڕێوەبەرێتی ئەمنی هەولێر دەستگیرکراوە، دوای حەفتەیەک ئەشکەنجەدان ئیعترافی نەکردووە و ئازادکراوە. جارێکی دی لە 19-4-1980 دەستگیرکراوەتەوە، دەڵێ ئەمجارە لەگەڵ ئەم هاوڕێ تێکۆشەرانە دەستگیرکرام: (م.کەریم ڕەئوف، م.ناسح حەمەد ئەمین، محەمەد پیرداود)، ئەمجارە ماوەی دەوروبەری شەش مانگ لە هەیئەی تەحقیقی کەرکوک گیراوە و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دراوە، دوای ئەوەی سوودی لێوەرناگرن و ئیعتراف ناکات دەیگێڕنەوە بۆ ئەمنی هەولێر و ئازاد دەکرێت. دوای بەربوونی، بەهۆكاری سیاسی ماوەی ساڵ و نیوێک لە وەزیفە (سحب الید) دەکرێت بە نیوە مووچە. لە دواییدا دەستبەرداری وەزیفەکەی دەبێت و لە ساڵی1982 شار جێدێلێت و دەچێتە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حزبی شیوعی کوردستان.
لە ساڵی 1983 لە شاخی دەرەدار بەسووکی بریندار بووە. لە تشرینی دووەمی 1983دا حزب دەینێرێتەوە بۆ ناو شار بۆ کاری حزبی نهێنی .
لە کانوونی دووەمی1986 جارێکی دی دەستگیر کراوە، دیسان ماوەی شەش مانگ لە ئەمنی عامەی بەغدا بەجۆرەها شێوە ئەشکەنجەدراوە و بەهۆی خۆڕاگری و ئیعترافنەکردنی ئازادکراوە و دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و دوای ماوەیەک بەنهێنی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیانی گرێداوەتەوە و بەردەوامبووە تاکو ڕاپەڕینی بەهاری 1991.
لە دوای ڕاپەڕین لەگەڵ ڕێکخستنەکانی ناوشار کاردەکات و لە ناوەڕاستی نەوەتەکان لەسەر داوای (حشک) دەچێتە ڕیزی سەرکردایەتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و دەکرێتە بەرپرسی ڕێکخستن. تەنیا دوو ساڵ لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە ماوەتەوە.
لە نەوەتەکان و سەرەتای دووهەزارەکان لە ڕیزی کۆمیتەی پارێزگای هەولێری (حشک) دەستبەکار بووە، لە کۆنفرانسێک بە ئەندامی کۆمیتەی پارێزگا هەڵبژێردراوە، کراوە بە بەرپرسی لێژنەی قەزایەکی ناوشاری هەولێر. تاکو ئێستا مامۆستا فەرهاد ئەندامێکی دڵسۆزی حزبی شیوعی کوردستانە.
مامۆستا لەگەڵ ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانیش کاری کردووە، لە یەکێک لە کۆنفرانسەکانی ئەم ڕێکخراوەدا بە ئەندامی لێژنەی باڵا هەڵبژێردرا.
مامۆستا فەرهاد وەکو پێشمەرگەیەکی دێرین ئەندامی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستانە و لە دووەمین کۆنگرەی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە شاری سلێمانی گرێدرا بە ئەندامی لێژنەی باڵا هەڵبژێردراوە.
مامۆستا شیعر دەنووسێت بە شێوازە تایبەتییەکەی خۆی و لە فەیسبووک بڵاویاندەکاتەوە، دەڵێ هەزار هۆنراوەم نووسیوە و بەشێکیان لەگەڵ کورتەی ژیاننامەی خۆی لەم دواییە وەکو کتێب بڵاوکرایەوە.
چوار جار ڕێزلێنان پێشکەش بە مامۆستا فەرهاد کراوە:
1- ڕێزلێنانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە ساڵی 2019
2- ڕێزلێنانی ڕێکخراوی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان لە ساڵی 2023
3- ڕێزلێنانی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عیراق لە ساڵی 2024
4- ڕێزلێنانی کۆمەڵایەتی لە لایەن عەشیرەتی بڵباس لە ساڵی 2024.
٭ باری کۆمەڵایەتی خێزانی:
مامۆستا فەرهاد لە ساڵی 1968 هاوسەرگیری لەگەل خاتوو (سەبیحە پیرداود عەبدوڵڵا)کردووە خاوەن پێنج کچ و کوڕێکن (تەمەن درێژ بن):
1- نسار،1969، ئامادەیی بازرگانی تەواوکردووە.
2- سازگار،1976، کۆلێژی ئابووری و کارگێڕی تەواوکردووە.
3- سازان،1978، ئامۆژگای پێگەیاندنی مامۆستایانی تەواوکردووە.
4- ساکار،1980، ئامۆژگای پێگەیاندنی مامۆستایانی تەواوکردووە.
5- ڕۆژگار،1983، کۆلێژی مافی تەواوکردووە.
6- ڕەوەند، 1985، فەرمانبەرە لە گواستنەوە و گەیاندن.
هیوای سەرکەوتن و تەمەندرێژی بۆ بەڕێز مامۆستا فەرهاد و تەواوی ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەی دەخوازم.