بە ڕوونی
كاوە مەحموود
لێكدانەوە و شیكردنەوەی قورسایی و بوونی فشار لەسەر ڕەوشی سیاسی و هاوسەنگی هێزی سیاسی و ڕەوتی هزری لە پرۆسەی گۆڕانكاریەكاندا، كە چەندین ساڵە لە ئاستی جیهانیدا لە بەرژەوەندی هێزی چەپدا نییە، لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا ئەرك و لێپرسراوی مێژوویی بەردەوام دەخاتە بەردەم ڕەواببونی بوون و بەردەوامبوونی هێزی چەپ لە تێكۆشان و پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی. ئەم ڕەوشە و ئەم لێپرسراوییە دانەبڕاوە لە پێداویستی كاركردن بۆ زیادكردنی قورسایی و كارتێكردنی هێزی چەپ و پێشكەوتنخواز لە ئاستی تێكۆشانی نیشتمانی هێزی چەپ لە ئاستێكی ناوخۆییدا، بەڵام لەهەمان كاتدا دیوێكی دی بریتییە لە تێڕوانین بۆ ڕەوشی ئەمڕۆی جیهان، كە پێداویستییەكی بابەتی گرنگ بۆ خستنەڕووی پرۆژەیەكی سەرانسەری نێونەتەوەیی چەپ لە جیهانی ئەمڕۆدا دەخاتەڕوو.
ئەم پێداویستییە لە ناكۆكی و ململانییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و گۆڕانكارییە خێراكانی بواری ئابووری و پرۆسەكانی جیهانگیری و فراوانبوونی بازرگانی نێودەوڵەتی و نزیكبوون و چڕبوونەوەی پەیوەندییەكان و جیهانیبوونی كێشەكانی بواری ئاسایشی جیهان، كە بواری بەردەوامبوونی چاوگەكانی بارگرژی و چەنگ و شەڕە هەڕێمایەتییەكان و شەڕ نێوان دەوڵەتان و تاوانی گروپە چەكدارەكان و زیادبوونی دیاردەكانی دەمارگیری و توندڕەویی و تیرۆر دەگرێتەوە، جگە لە بێكاری و هەژاری و قەیرانی ژینگە و گرفتەكانی بواری گەشەپێدان، كە تێكڕای ئەم بابەتانە هاوكات لەگەڵ ڕەهەندی نیشتمانی و لۆكاڵی كۆمەڵگاكان، ڕەهەندی گرفت و كێشەی جیهانی و نێودەڵەتیی هەیە و ئاستەنگ و ئاڵانگارییەكی دژوارە و دووچاری مرۆڤایەتی دەبێتەوە.
كڕۆكی هۆكاری ئەم كێشانە بۆ سیستمی نێودەوڵەتی ئەمڕۆی جیهان و بابەتی تاكەجەمسەری دەگەرێتەوە، بەڵام ئەم هۆكارەش بەندە بە قەیرانی سەرمایەداری هاوچەرخ و ئاراستەی نیولیبڕاڵ ، كە نموونەیەكی بەسەر دەوڵەتاندا سەپاندووە ئاكامەكەی هێشتنەوەی وابەستەییە بە ناوەندەكانی سەرمایەداری هاوچەرخەوە و، گرفت و قەیرانە سەرانسەرییەكان بۆ دەوڵەتانی سەرمایەداری وابەست لە بواری شكستی گەشەپێدان و دوواكەوتووی و ململانێی ناوخۆیی و دەرەكی درووست دەكات و، بە شێوەیەكی گشتگیر دەبێتە شوناسی سەرانسەری ناوچە و هەرێمی بەرفراوانی جیهان و، لە كۆتاییشدا كێشەی بواری ئاسایشی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و تەواوی جیهان شوناسێكی جیهانگیری وەردەگرێت.
بەم جۆرە جیهان لە بەردەم دوو شێوازی جیهانگیری واتە گڵۆبالیزمدایە: جیهانێك كە بە هۆی پەیوەندی و بازرگانی و جوڵەی ئازادانەی سەرمایە و وەبەرهێنانی كۆمپانیا فرەڕگەزە مۆنۆپۆلەكان، بۆتە یەك گوند و سامان لە ناوەندێكی تەسكی ئۆلیگارشی دارایی كەڵەكە دەبێت. لەبەرامبەریشدا جیهانێك بە هۆی نەبوونی ئاسایشی جیهانی و گرفتەكانی بواری ژینگە و زیادبوونی دیاردە و شێوازەكانی تیرۆر و توندوتیژی و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و بێكاری بە هەمان شێوە بۆتە یەك گوند.
خوێندنەوەی هەمەلایەن بۆ ئەم تابلۆیە لە بواری نیشتمانی و نێودەوڵەتی، جگە لەوەی ئەركی نیشتمانی لە چوراچێوەی هەر نیشتمان و هەر كۆمەڵگایەكی لۆكاڵی بەسەر هێزی چەپدا وەك پێداویستییەكی بابەتی دەسەپێنێت، لە هەمان كاتدا ئەركێكی هاوبەشی نێونەتەوەیی سەبارەت بەو بابەتانە لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ ئەجیندەی هێزی چەپی جیهانی دەخوازێت، كە ئەم بوارانە دەگرێتەوە:
1ـ پاراستنی ئاسایشی گشتی جیهان، بەتایبەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كە پێویستییان بە هەماهەنگی نێوان دەوڵەتاندا هەیە و، هۆكارەكانی نەبوونی ئاسایش و مەترسییەكان لەسەر ئاشتی جیهان بۆ ناكۆكی و ململانێی هێزە سەرمایەدارەكان دەگەڕێتەوە و، لەمەشدا چەندین ئەركی سەرەكی نیشتمانی و نێونەتەوەیی ڕووبەڕووی هێزی چەپ دەبێتەوە، لەوانە:
ـ تێكۆشان بۆ كەمكردنەوەی خەرجی سەربازی و چەك داماڵین، بەتایبەتی چەكی ئەتۆمی بە مەبەستی كەمكردنەوەی بارگرژی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و كاركردن بۆ ئاشتی.
ـ جەختكردن لەسەر ڕێوشوێنی دیبلۆماسی و گرتنەبەری ڕێگای دانوستان و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مافی چارەنووسی گەلانەوە هەیە، لە جیاتی ڕێگای هەڕەشە و بەركارهێنانی هێز و ڕێگای سەربازی.
ـ جەختكردنەوە لەسەر بەهاكانی مافی مرۆڤ و یەكسانی و دۆزینەوەی ڕایەڵەی پێویست بۆ هەماهەنگی و هاوسەنگی، بۆ دابینكردنی سەقامگیری ناوخۆیی و كەمكردنەوە هەڵگیرسانی پێكدادانی سەربازی.
2ـ كاركردن بۆ گەشەپێدانی هاوبەشی جیهانی بە ئاراستەی یەكخستن و هەماهەنگی هەوڵەكانی سەرجەم كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ وەدیهێنان و چەسپاندنی گەشە و بوژانەوەی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە سەرجەم جیهاندا بە شێوازێكی بەردەوامی عادیلانە، لەم ڕێگایانەوە:
ـ كاركردن بۆ عەدالەتی ئابووری لە ڕێگای كەمكردنەوە كەلێن و بۆشایی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران بە گرتنەبەری سیاسەتی دابەشكردنەوەی عادیلانەی داهات و بەرزكردنەوەی باج بە پێی بەرزبوونی داهات و كۆمكی چینی كرێكار.
ـ كاركردن بۆ كەمكردنەوەی كەلین نێوان وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و وڵاتانی پێشكەوتوو لە ڕێگای هاوكاری و كاری پشتگیریكردن لە بواری گۆڕینەوەی زانیاری و تەكنۆلۆجیا و هاوكاری دارایی و هونەری.
ـ جەختكردن لەسەر چەمكی بەردەوامبوونی گەشەپێدان لە چوراچێوەی گونجاندنی لەگەڵ پاراستنی ژینگە و داهات و سەرچاوەكان بۆ نەوەی ئایندە.
ـ پاراستنی بابەتی گشتگیری لە بواری گەشەپێدان بە جۆرێك ئەم پرۆسەیە توێژە هەژار و پەراوێزخراوەكان بگرێتەوە.
ـ ئاراستەكردنی گەشەپێدان بەرەوە وەبەرهێنان لە بواری خوێندن و فێربوون و تەندروستی.
3ـ نەهێشتنی هەژاری و ئەم ئەركەش بنەمای سەرەكی گەشەپێدانە لەم ڕێگایانەوە ئەنجام دەدرێت:
ـ دابەشكردنەوەی سامان و داهاتی نیشتمانی بە جۆرێك خوشگوزەرانی دابینبكات و پشتگیری بەرنامە كۆمەڵایەتییەكان بوژانەوەی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتووری هەژاران بێت.
ـ بوونی سیستمەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و بیمەی بێكاری و تەندروستی و پشتگیری بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان.
ـ جەختكردنەوە لەسەر بەخۆرایكردنی خوێندن و فێربوون و دروستكردنی هەلی نوێی كار و زامنكردنی هەلی یەكسان لە وەرگرتنی وەزیفەی گشتیدا.
ـ پشتگیریكردنی پرۆژەكانی نیشتەجیبوون و شوێنی شیاو بۆ توێژە هەژار و كەمدەرامەتەكان.
4ـ ڕووبەڕووبوونەوەی بێكاری، كە تەواوكەری ئاراستەی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوامە لەم ڕێگایانەوە:
ـ پاراستنی مافەكانی كریكار و ڕەنجدەرانی بیروبازو و كەمكردنەوەی سەعاتی كاركردن و باشكردنی هەلومەرجی كاركردن و دابینكردنی كرێی گونجاو، كە لەگەڵ ئاستی بژێویدا بگونجێت.
ـ بایەخدان بە فێربوون و خوێندنی پیشەیی بە مەبەستی ئامادەكردن و شیاوبوونی بێكاران بۆ بازاڕی كار.
ـ پشتگیریكردنی پرۆژەی بچووك و ناوەند لە ڕێگای ئاسانكاری هونەری و دارایییەوە.
5ـ سیاسەتەكانی ئابووری هەمووكەیی كە بواری سیاسەتی داریی و دراویی دەگرێتەوە، بابەتی گرنگی ئەركە نیشتمانی و نێونەتەوەییەكەكانە، كە دەبنە هۆی هاندانی ئابووری و گەیشتن بە بابەتی بازرگانی عادیلانەی نێوان دەوڵەتان، كە بەرهەمی نیشتمانی بپارێزێت و ڕِێگا لە پێشبڕكیی ناعادیلانە بگرێت.
هێزی چەپی جیهان لە كاروانی تێكۆشان بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە نێونەتەوەییانە پێویستی بە دەستپێشكەری حزبە كۆمۆنیست و كرێكارییەكانی جیهان هەیە بە ئاراستەی بنیاتنانی بەرەیەكی فراوانی سەرجەم هێزی چەپ و بزوتنەوەی گەلانی تێكۆشەر بۆ رزگاری نیشتمانی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تاكە جەمسەری و سیستمی ناڕەوای نێودەوڵەتی و هێرشی ناوەندە سەرمایەدارەكان وسیاسەتی سەپاندنی نموونەی نیولیبڕالیزم بەسەر ولاتانی جیهاندا.