٢- ٢ 
بەپێی تێڕوانینە گشتیەکە دەوڵەتی قووڵ دیاردەیەکی سیاسیی نەفامانە نییە، وەک ئەوەی هەندێ سەرنج و تێبینی دەخەنە سەر، بەڵکو پێکهاتەیەکی جێگیر، فرەڕەهەند و مێژووییە کە لە دەرەوەی ئیرادەی گشتی و لە پشتی پەردەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە کار دەکات. واتا ئەم تۆڕە ئاڵۆزە مافیاییە کە لە نوخبەی حیزبی-بنەماڵەیی و دەزگا ئەمنی-سەربازییەکان پێکدێت، هێڵێکی هاوتەریبی لە حوکمڕانیی خێزانی و تەکەتولی مافیایی لە سەر ئاستی گشتی بەرهەمهێناوە، کەتێیدا توانیویانە مۆنۆپۆلی جومگە سەرەکییەکانی بڕیاردانی ستراتیژی، قۆرخکاریی بازاڕ، دزینی داهاتی گشتی و بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکان بکەن و ببنە سەرچاوەی بەرهمهێنانی میکانیزمێکی ستراتیژیی قووڵ بۆ کڕینی دڵسۆزی کەسی و وەلائی خێڵ و بنەماڵە و تیر و توانجی کارەکتەرە دەسەڵاتدارەکان، کە ئەمەش ڕوویدا ئابووریی نیشتمانی و داهاتی گشتی دەخرێنە خزمەت بەرژەوەندیی هێز و ڕەوتە دەسەڵاتدارەکانەوە، لەبەرانبەریشدا ناسنامەی دەوڵەتبوون و پرۆسەی دیموکراسی لە قۆزاخە دیارەکەی دادەماڵرێ و دامەزراوەکانی وەک پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دادوەری دەبنە سێبەری دەسەڵاتێکی قۆرخکار و بێ وەستانەوە لەبەردەم دیاردە دزیوەکاندا کار لەسەر شاردنەوەی ئەو بڕیار و ڕاسپاردە مەترسیدارانە دەکەن کە هێز و ڕەوتە دەسەڵاتدارەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە دارای و ئابوریە زەبەلاحەکانی خۆیاندا دەیدەن. مەترسی  گەورەش لەم نێوانەدا ئەوەیە کە ئەم پێکهاتە قووڵە بە کۆنترۆڵکردنی هێز و سەرمایە، کۆمەڵگەی ڕووبەڕووی داڕووخانی کوشندەی ئابووری و نادادییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی کردووەتەوە و پرۆسەی بەشداریی سیاسی ڕاستەقینەیان پەکخستووە، بە شێوەیەک کە چەمکی چاکسازی لە پرۆژەیەکی ڕیشەیی و ساختارییەوە گۆڕاوە بۆ دروشمێکی جوانکاری و ڕووکەش کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی حوکمڕانیدا.
کاتێکیش سەرنج لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی کایەی سیاسی عێراق و هاوکێشە ئاڵۆزەکەی دەدەین، بەتایبەت لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ و دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی گرتن و ڕاوەدووڕانی بەشێک لە کارەکتەرە گەندەڵەکان، پرسیارە جەوهەری و ستراتیژییەکە سەر هەڵدەدات کە ئایا ئەم هەڵمەت و جووڵە نوێیانە چەندە جدیین لە ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی، و ئایا ئەم جۆرە هەنگاوانە دەتوانن پێکهاتە کۆنکرێتییەکەی دەوڵەتی قوڵ تێکبشکێنن، یان تەنها مانۆڕێکی کاتین بۆ ڕازیکردنی شەقام. لە ڕاستیدا، خوێندنەوەی زانستی و واقیعیانە بۆ ئەم جۆرە دۆخە پێمان دەڵێت کە گرتنی چەند بەرپرسێکی پلە ناوەند یان کارەکتەری پەراوێزی، ئەگەرچی وەک دەستکەوتێکی گەورە لە میدیاکاندا وێنا دەکرێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت گورزێکی کوشندە لە جەستەی دەوڵەتی قوڵ بدات، ئەگەر لە گریمانەی یەکەمەوە کە دەستبردنە بۆ پاکسازی سەری ڕمەکان تێک نەشکێنێ ، چونکە هەڵمەتانە زۆرجار لە چوارچێوەی ململانێی ناوخۆیی نوخبەکان بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەکان، یان وەک زمانەوانەیەکی جوانکاری بۆ کەمکردنەوەی بارگرژیی توندی کۆمەڵایەتی بەکاردێن، لە کاتێکدا سەری مارەکە و داڕێژەرانی ڕاستەقینەی تۆڕە مافیاییەکان هێشتا لەژێر چەتری پارێزبەندیی حیزبی, خێڵەکی و میلیشیاییدا پارێزراون. دەوڵەتی قوڵ خاوەنی توانایەکی بەرزی خۆگونجاندن و مەناورەکردنە؛ ئەو ئامادەیە لە پێناو پاراستنی پێکهاتە سەرەکییەکەی خۆی، قوربانی بە چەند مۆرەیەکی دیاری خۆی بدات تاوەکو سیستەمە گشتییەکە لە هەرەسدان بپارێزێت و ڕەوایەتیەکی ساختە بۆ دەسەڵاتی نوێ بەرهەم بهێنێتەوە.
بۆیە، تێکشکاندنی ڕاستەقینە و بنەڕەتیی بتەکانی دەوڵەتی قوڵ و ڕزگارکردنی کایەی گشتی لە چەپۆکی ئەم تارماییە، بە ڕاوەدوونانی ڕووکەشیانە نایەتە دێ، بەڵکو پێویستی بە پرۆسەیەکی فرەڕەهەند و نەشتەرگەرییەکی پێکهاتەیی قووڵ هەیە کە بە چەند ڕێڕەوێکی ستراتیژیدا گوزەر دەکات. ئەم پرۆسەیە پێش هەموو شتێک بە ڕزگارکردنی ڕەهای دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە چاودێرییەکان لەژێر هەژموونی وەلائی حیزبی و تائیفی دەست پێ دەکات تا ببنە هێزێکی نیشتمانیی سەربەخۆ کە توانای لێپرسینەوەیان لە بەرزترین سەرکردەکانی دەوڵەتی قوڵ هەبێت بەبێ سڵەمینەوە لە هێزی چەک و پارە، ئەمەش ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی مۆدێلی پشکپشکێنەی سیاسی کە شەرعیەت بە دابەشکردنی جومگەکانی بیرۆکراسی دەدات و گەورەترین سەرچاوەی خۆراکپێدانی تۆڕە شاراوەکانە. هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە دەستووری و ئیدارییانەدا، وشککردنی شادەماری دارایی و ئابووری سێبەرەکان لە ڕێگەی سەپاندنی شەفافییەتی ڕەها بەسەر داهاتەکانی نەوت، گرێبەستە گەورەکانی وەزارەتەکان، و کۆنترۆڵکردنی توندی دەروازە سنوورییەکان، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە چیتر پارەی گشتی نەبێتە سووتەمەنی بۆ بەهێزکردنی میلیشیا و تەکەتولە مافیاییەکان. 
بۆیە ئەم هاوکێشەیە بەبێ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ڕێگەی جەماوەرەوە هاوسەنگ نابێت، کە تێیدا بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیای ئازاد و لێپرسینەوەی شەقام، دەبێتە فشارێکی بەردەوام و ڕێگا لە شاردنەوەی بڕیارە ستراتیژییەکان لە پشت پەردەوە دەگرێت. بەبێ گرتنەبەری ئەم زنجیرە مەرجە ڕیشەییانە، هەر هەڵمەتێکی حکومی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تەنها وەک دەرمانێکی کاتی و دروشمێکی میدیایی دەمێنێتەوە و ناتوانێت سێبەرە تاریکەکانی دەوڵەتی قوڵ بڕوێنێتەوە، بەڵکو لە کۆتاییدا تەنها تەمەنی ئەو سیستمە تاڵانکارە درێژ دەکاتەوە کە ناسنامەی دەوڵەتبوونی بەتەواوی شێواندووە. و بوەتە سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەی کە گەندەڵی و دەوڵەتی قوڵ دوو دیاردەی لێکجیاواز نین، بەڵکو یەک یەکەی ئۆرگانی و تێهەڵکێشن و گەورەترین هەڕەشەن لەسەر چەمکی سەروەری و مافی هاووڵاتیبوون.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا