
ڕزگار بابان
١٥ی ژانویەی ٢٠٢٦
لەم ساڵانەی دواییدا عێراق شایەتی فراوانبوونی بەرفراوانی خزمەتگوزاری گەیاندن (دلیفری) بووە، جا چ بۆ خۆراک، کاڵا، یان پێداویستی جۆراوجۆر. ئەم گەشەکردنە بەهۆی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن و بەکارهێنانی ئەلیکترۆنی و گۆڕانی شێوازی بەکاربردنەوە پەیدا بووە. ئەم کەرتە هەلی کاری بۆ هەزاران گەنجی بێکارو دەرامەت ڕەخساندووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەرزی ڕێژەی بێکاری و کەمی هەلی کارێکی سەقامگیر. به ڵام ئەم کاره سەرەڕای گرنگی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی، هێشتا ڕێکخستنی یاسایی و پشتیوانی دامەزراوەیی بۆ پاراستنی کرێکارەکانی و زامنکردنی مافەکانیان نییه .
سروشتی کاری گەیاندن (دلیفری) زۆر سەختی و مەترسی گەورەی تایبەتمەند بە خۆی هەیە . کرێکاران لە بارودۆخی کەشوهەوای سەختدا کاتژمێرێکی زۆر کاردەکەن، بە شەقامە قەرەباڵغەکاندا دەڕۆن کە ڕووداوی هاتوچۆ زۆر ڕوودەدات و هەندێکجار لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا ڕووبەڕووی مەترسی ئەمنی یان دەستدرێژی دەبنەوە. جگە لەوەش زۆربەی ئەم کرێکارانە هیچ پارێزگارییەکی یاسایی ڕوونیان نییە و سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی یان بیمەی تەندروستی و ڕووداوەکان و بەرکەوتنی کار نایانگرێتەوە و گرێبەستی دامەزراندنی دادپەروەرانەیان نییە کە ماف و بەرپرسیارێتییان دیاری بکات. کێشەکە بەهۆی نەبوونی یاسای تایبەتەوە کە ئەم جۆرە کارە نوێیە ڕێکبخات، خراپتر دەبێت. زۆرجار پەیوەندییەکە بە "کاری ئازاد" یان "هاوکاری کاتی" پۆلێن دەکرێت، ئەمەش ڕێگە بە خاوەن کارو کۆمپانیاکان دەدات خۆیان لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کارمەندەکانیان بدزنەوە و کرێکاران بە تەنیا ڕووبەڕووی برینداربوون، ڕووداو، یان لەدەستدانی داهات دەبنەوە. ئەم واقیعە دۆخێکی ناسەقامگیری پیشەیی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات ، کرێکارانی ئەم کەرتە بەرەوڕووی ئیستغلالکردن دەبنەوە.
بۆیە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دەستێوەردانی دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێکخستنی کەرتی گەیاندن لە ڕێگەی یاسایەکی ڕوون کە گەرەنتی تۆمارکردنی کرێکاران لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی بیمەی تەندروستی و ڕوداوو برینداربوونی کار، دانانی بنەمای لای خواری مووچەی دادپەروەرانە، و ڕێکخستنی کاتی کارکردن بە شێوەیەک کە کەرامەت و سەلامەتی کرێکاران بپارێزێت. جگە لەوەش لەم کاتەدا پشتیوانیکردن و هاندانی کرێکارانی ئەو کەرتە نوێیە بۆ خۆ ڕێکخستنەوەیان لە سەندیکاکانی کرێکاران دا هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسسازە بۆ بەهێزکردنیان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و بەشداریکردن لە گفتوگۆی دەستەجەمعی لەگەڵ خاوەنکاران و بڕیاردەران دا.
ڕێکخستن و پاڵپشتیکردنی ئەم کارە نەک هەر سوود بە کرێکاران دەگەیەنێت بەڵکو دەبێتە هۆی گەشەپێدانی خودی کەرتەکە و کوالیتی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان باشتر دەکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنێت و سەقامگیری ئابووری بەهێز دەکات. کرێکارانی گەیاندن بەشێکی کارا لە ئابووری مۆدێرن و پاراستنیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە کە نابێت دوابخرێت. لە کۆتاییدا دەڵێین، ئایندەی گەیاندن (دلیفری) لە عێراقدا پەیوەستە بە تواناوو هەوڵی هەموانەوە بۆ گۆڕینی لە كەرتێکی بێ سەرەوبەرە و مەترسیدارەوە بۆ کارێکی ڕێکخراو و سەلامەت کە مافی کرێکارەکانی گەرەنتی بکات و مەترسییەکانی کەم بکاتەوە و هەلی کاری شایستە و سەقامگیر بە هەزاران گەنج لە چوارچێوەیەکی یاسایی دادپەروەرانە و پێشکەوتوودا ببەخشێت.