بەشی چوارەم و کۆتایی

رێواس بانیخێڵانی

١. بەڕێوەبردنی پۆل بەشێوەیەکی ئەرێنی

  • دانانی یاسا و ڕێسای ڕوون لەگەڵ قوتابيیان، بەشداریکردنی قوتابییان لە یاسا و ڕێساکانی پۆلدا.
  • پێدانی هاندان و پاداشت بۆ ڕەفتاری باشبوونی ئەلتەرناتیڤی سزادانی پەروەردەیی بۆ ڕەفتاری خراپ، ڕوونکردنەوەی دەرئەنجامەکانی ئەو ڕەفتارە نەشیاوانە.
  • دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێربوون، کە قوتابییان هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن. قوتابییان دەتوانن بەشداربن لە دروستکردنی ژینگەیەکی هێمنکەرەوە و پەروەردەیی لە پۆلەکانیاندا.
  • بەکارهێنانی ستراتیژی چارەسەرکردنی بەکۆمەڵی کێشە، خودی خاوەن کێشەکان و هاوڕێیان دەتوانن پێشنیاری چارەسەر بکەن و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.

٢. گەشەپێدانی کارامەیی مامۆستایان

  • دابینکردنی ڕاهێنانی بەردەوام سەبارەت بە بەڕێوەبردنی پۆل، بەهێزکردنی کارامەیی مامۆستا و قووڵبوونەوە لە زانستی بابەتەکەدا.
  • فێرکردنی ستراتیژی کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون و تووڕەیی لەلایەن خودی مامۆستا و قوتابییان، ڕاهێنانی تایبەت و کرداری بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون و تووڕەیی لەلایەن کەسانی پسپۆری دەروونی.
  • هاندانی مامۆستایان بۆ بەکارهێنانی میتۆدی فێرکردنی نوێ و کاریگەر کە بگونجێ لەگەڵ بابەت و تواناکانی قوتابییاندا. لە هەمان کاتدا میتۆدەکان هاوشانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکردبن، کە زۆر جار قوتابییان پێش مامۆستا دەگرنەوە.
  • دروستکردنی تۆڕی پشتگیری بۆ مامۆستایان لەلایەن دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بوونی کەسانی شارەزا لەو بوارەدا، کە یارمەتی مامۆستایان بدەن و لە ڕوانگەی تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە گرفتەکان شیبکەنەوە.

٣. ڕێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ خێزاندا

  • بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان قوتابخانە و خێزان، لێرەدا قوتابخانە پێویستە لەسەرەتاوە خۆی هەوڵی چارەی گرفتەکان بدات، گەر سەرکەوتوونەبوو، یان سەرچاوەی گرفتەکە خێزان بێت.
  • هاوکاریکردن لە نێوان مامۆستایان و دایکان و باوکاندا، ئەویش لە ڕێگەی دیداری گەشە و کۆبوونەوەی دایک و باوکان و ئاگادارکردنەوەیان لە ئاستی زانستی و گرفتەکانی منداڵەکانیان. بەشداریکردن یان وەرگرتنی بۆچوونی دایک و باوکان لە بابەتە گرنگەکان و هەندێ پلانی قوتابخانە، ئەمەش هاندەرێکە بۆ بەشداریکردنی خێزان لە پرۆسەی پەروەردەدا.

 

 ٤. دابینکردنی سەرچاوەی پێویست

  • کەمکردنەوەی ژمارەی قوتابیيان لە پۆلدا، یان بوونی مامۆستای یاریدەر گەر لە توانای قوتابخانەدا هەبێت.
  • دابینکردنی ڕاوێژکار و دەروونناسی پەروەردەیی، کە شارەزاییەکی قووڵیان لە بوارەکەدا هەبێت و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی تاکەکان، چونکە هیچ پسوولەیەکی ئامادەکراو بۆ کێشەکان نییە، بەڵکو تاک و کۆمەڵگە و ژینگە کاریگەرییان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا دەبێت.
  • پاڵپشتیکردنی مامۆستایان بە سەرچاوەی پێویست، هاندانی مامۆستا بۆ خوێندنەوەی سەرچاوەی نوێی دەروونناسی پەروەردەیی و دابینکردنی ئەو سەرچاوانە.
  • دابینکردنی خزمەتگوزاری تایبەت بۆ قوتابيیانی پێویست بە گرنگیدانی زیاتر و بوونی کەسانی شارەزا، یان زۆر جار پەنابردنە بەر کەسانی شارەزا لەو بوارەدا، کە سيمینار و خول بۆ مامۆستایان بکاتەوە.

ئەو یاسا و ڕێسایانەی دەتوانین پشتیان پێببەستین بۆ  پاراستنی مافی قوتابییان

١. یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان

  • ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
  • یاساکانی قەدەغەکردنی توندوتیژی دژ بە منداڵان.
  • مافی قوتابییان بۆ خوێندن لە ژینگەیەکی ئارام و سەلامەتدا.
  • مافی پاراستن لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و ئازاردان.

٢. سیستەمی ڕاپۆرتکردن و چاودێری

  • دامەزراندنی میکانیزمی ڕاپۆرتکردنی توندوتیژی و لیژنەی ڕێگری لە بەکارهێنانی توندوتیژی لە قوتابخانەکاندا. بەدواداچوون بۆ چارەسەی کێشەکان.
  • دابینکردنی هێڵی گەرمی تایبەت بۆ ڕاپۆرتکردنی پێشێلکاری، ئەو کێشانەی چاوەڕوانی چارەسەری بەپەلە دەکەن.
  • هاندانی قوتابییان بۆ ڕاپۆرتکردنی توندوتیژی، کە بەرامبەریان بەکاردێت چ لەلایەن گەورەساڵان یان هاوڕێیانی خۆیان.
  • چاودێریکردنی بەردەوامی قوتابخانەکان و بوونی پلانی ڕێگری لە ڕوودانی توندوتیژی.

٣. لێپرسینەوە و چارەسەر

  • لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژی  و هۆکارەکانی
  • دابینکردنی یارمەتی بۆ قوربانیيانی توندوتیژی لە ڕێگەی کەسانی شارەزا لەو بوارەدا.
  • وەرگرتنی هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
  • هاندانی داهێنان لە بواری چارەسەرکردنی کێشەکان و بەبەشداری خودی قوتابییان و خێزان.

توندوتیژی لە سیستەمی پەروەردەدا کاریگەری دوورخایەنی نەرێنی لەسەر قوتابییان و کۆمەڵگەدا هەیە. تێگەیشتن لە هۆکارەکانی توندوتیژی و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو پێویستییەکی گرنگە. دروستکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی کە تیایدا قوتابیيان هەست بە سەلامەتی و ڕێز بکەن، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی باشتر و فێربوونی کاریگەرتر.

گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەدا پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەکانە: حکومەت، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، بەڕێوەبەر و مامۆستایان، خێزان و قوتابیيان. بەیەکەوە دەتوانین سیستەمێکی پەروەردەیی دروستبکەین، کە تیایدا منداڵان و گەنجان بە ڕێز و کەرامەت مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دوور بێت لە هەر جۆرە توندوتیژی و شکاندنەوەیەک.

ڕێژەی بەکارهێنانی توندوتیژی لە سیستەمی پەروەردە لە وڵاتاندا

١. جیاوازی ڕێژەی توندوتیژی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا

  • لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای باکوور (وەک فینلەندا، سوید، نەرویج)، سزادانی جەستەیی قەدەغەیە و ڕێژەی توندوتیژی لە قوتابخانەکاندا زۆر نزمە (کەمتر لە ٥٪).
  • ئەمریکای باکوور: ڕێژەی توندوتیژی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا بەرەو کەمبوونەوە چووە، بەڵام هێشتا لە هەندێک ویلایەتی ئەمریکا سزادانی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا ڕێگەپێدراوە.
  • ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بەپێی ڕاپۆرتەکانی UNICEF، نزیکەی ٧٠-٨٠٪ ی مندالان شێوازێک لە توندوتیژی لە قوتابخانەدا ئەزمووندەکەن.
  • ئاسیا: جیاوازی زۆر هەیە - لە ژاپۆن و کۆریای باشوور توندوتیژی جەستەیی قەدەغەیە، بەڵام لە هەندێک وڵاتی دیکەدا وەک پاکستان و هیندستان، ڕێژەکە بەرزترە (نزیکەی ٥٠-٦٠٪).
  • ئەمریکای لاتین: بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی ٤٠٪ی قوتابیيان شێوازێک لە توندوتیژی ئەزمووندەکەن.

٢. یاسا و جێبەجێکردنی لە وڵاتاندا

  • تا ساڵی ٢٠٢٤، ١٣٥ وڵات لە جیهاندا سزادانی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا بە یاسا قەدەغە کردووە.
  • نزیکەی ٦٠ وڵات هێشتا بەتەواوی سزادانی جەستەیی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە نەکردووە.
  • جیاوازی گەورە هەیە لەنێوان یاساکان و جێبەجێکردنیان لە کردەوەدا - زۆرجار یاسا هەیە بەڵام جێبەجێناکرێت.

٣. فاکتەرەکانی کاریگەر لەسەر ڕێژەی توندوتیژی

  • کەلتووری کۆمەڵایەتی: لەو کۆمەڵگەیانەی کە توندوتیژی بەشێکی ئاساییە لە پەروەردەکردندا، ڕێژەی توندوتیژی لە قوتابخانەکانیش بەرزترە.
  • هەژاری و کێشە ئابوورییەکان: پەیوەندی بەهێز هەیە لەنێوان هەژاری و ڕێژەی توندوتیژیدا - لە ناوچە هەژارەکاندا ڕێژەکە بەرزترە.
  • قەبارەی پۆل و سەرچاوەکان: لەو قوتابخانانەی قەرەباڵغن و سەرچاوەی کەمیان هەیە، ڕێژەی توندوتیژی بەرزترە.
  • ڕاهێنانی مامۆستایان: لەو وڵاتانەی ڕاهێنانی باشتر دەدرێت بە مامۆستایان، ڕێژەی توندوتیژی کەمترە.

٤. گۆڕانکاری لە ڕێژەکاندا بەپێی کات

  • سەرەڕای مانەوەی کێشەکە، بەراورد بە ٥٠ ساڵ پێش، ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر منداڵان لە قوتابخانەکاندا بەشێوەیەکی گشتی کەمیکردووە.
  • هۆشیاری جیهانی زیادیکردووە سەبارەت بە زیانەکانی توندوتیژی لە پەروەردەدا.
  • ڕێکخراوەکانی وەک UNICEF و UNESCO بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە قوتابخانە و بوارەکانی پەروەردەدا کار دەکەن.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا