نوسینی/زیرەک کەمال


بەر لەوەی ناوی خۆم بڵێم، دەمەوێ هەندێک لە ئاکار و خەسڵەتەکانی خۆم باس بکەم. من مێژووی لە دایکبوونی خۆم نازانم، بەڵام وا هەست دەکەم هەر لەو کاتەی دایکە حەوا و باوکە ئادەم لە بەهەشت دەرکران و پێیان نایە سەر زەوی منیش لە دایک بووم. ئەی مەگەر قابیل کە هابیلی کوشت قۆرغکردن و بەکارهێنانی پێگەی برایەتی قابیل نەبوو دژ بە براکەی؟ دواتر هاوشانی بەردەوامی ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە، منیش دارەدارە بەناو سەختی و کەندەڵانەکانی ژیاندا ڕێگام بڕیوە. لەوەتەی بە بیرم دێ هاوڕێی پاشا و میر و ئیمپڕاتۆر و دەسەڵاتدارەکان بوومە. نازانرێ، خۆشەویست و ڕێزلێگیراوی سەر سفرەی نان خواردنیان بوومە یان نا. ئەوەی پێشم سەیرە و تاکو ئێستاش لێی تێناگەم ئەوەیە: دوای تەواوبوونی هەموو نان خواردنێک، دەستیان بۆ ئاسمان هەڵدەبڕی و خۆیان بە شوکرانە بژێری باری تەعالا دەزانی لە ئەو هەموو ناز و نیعمەت و خواردنانەی بەسەریاندا باریوە. کەچی من لە ناخەوە پێکەنینم بە قسەکانیان دەهات، چونکە ئەوەی بە دەستیان هێنابوو بەشی هەرە زۆری لە ڕێگای من بووە، کە ڕەوتی ژیانیش وردە وردە گۆڕانی بەسەردا هات و شێوازی حکومڕانیش بە ئامراز و میکانزمی نوێوە خۆی لەگەڵ واقعەکە دەگونجاند، چونکە دەسەڵاتدارەکان فۆڕم و ئامرازەکانی کارکردنی منیان دەگۆڕی، چۆن لە بەرژەوەندیان دابوایە ئاوا منیان بەکار دەهێنا. من لەو ڕاستیانە تێدەگەم یەکبەیەکی مرۆڤەکانی سەر زەوی ڕقیان لێم دەبێتەوە لە هەر مینبەرێک بۆیان بگونجێ پەلاماری وێنەی سیاسی و ئیداری من دەدەن وەکو بەدکار و پوچگەرا و بێنرخ و ڕەزاگران و دوژمنی سەرسەختی خۆیان ناوم دەهێنن. کاتێک فەرمانڕەواکان خزمەتیان ناکەن و مافە جۆراوجۆرەکانیان پێشێل دەکەن، لە جیاتی ڕووبەڕوی ئەوان ببنەوە، کەچی بەناوهێنانێکی من دڵیان ئاو دەخواتەوە و دەچنەوە بۆ ماڵەوە و چوار مەشقی بە دیار ئەو تەلەفزیۆنانە دادەنیشن کە بە شێوازی جۆراوجۆر درێژکراوەی ئەو دەسەڵاتەن، کە لەڕێگای منەوە مافەکانی ئەوان پێشێل دەکەن، بەڵام ئەوەی لە ژیانمدا بە بەردەوامی دەمخاتە گریان یان پێکەنین ئەوەیە: بەشێکی زۆری ئەوانەی لە ڕێگای بەکارهێنانی منەوە باڵەخانەی بەرز بەرزیان دروست کردووە و بونەتە خاوەنی خەزنەی پاشا و گەنجی قاڕوون ،کەچی لە پشت سەری خۆیان نوسیویانە (هذا من فضل ربي)
کاتێ مایکی میدیاکانیش دێتە بەردەمیان و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بەدیار دەکەون، هەزار و یەک جنێو بە من دەدەن و وەکو شەیتان و دێو و درنج و بەدفەساڵ وێنام دەکەن. ئەو ڕۆژەش (حەکۆ)م لەسەر شاشەی یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان بینی، کە پێشتر لەدەست نەبوونی، پارەی پێنج بە شەش، دە بە دوازدەی دەگۆڕیەوە. هەولێری گوتەنی جگەرەی بە قل دەکێشا و ئێستا لە سایەی سیاسەت و قۆرغکاری بەکارهێنانی من، خاوەنی دەیان کۆشک و باڵەخانەیە، کەچی قسەی بە من دەگوت. من برادەری هەمیشەیی هەموو ئەوانەم کە دەستوپێ سپی و هیچ لەبارا نەبوو و مشەخۆرن. کەسی نزیکی هەموو ئەوانەم لە کایەی حکومڕانی حکومەت دەکەنە فەرمانبەری حزب و کەڵکەڵەی شەڕی ناوخۆشیان هەردەم لە خەیاڵدایە. ئێستا دەزانن من کێم؟ من گەندەڵێم. وازیش لە شەڕی من بهێنن کەس بەمن ناوێرێت، چونکە توانای گەوجاندنم زۆرە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا