گیرۆدەبوونی ژنان به ماددە هۆشبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ قەیرانێکی بێدەنگ لە سێبەری جیاکاری و نایەکسانیدا

ڕووناک ئەڵماسی - سنە

بەو پێیەی کە  ٦لە سەدی تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای سنە ژنانن، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا تووشبوون لە ناو ژناندا سێ هێندە زیادی کردووە. ئەم قەیرانە، دیاردەیەکی زۆر جیدییە و هۆشداری لە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی-خێزانی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەدات! بەهۆی گۆڕانکاری بەکارهێنانی جۆری ماددە هۆشبەرەکان لە جۆری کۆن بۆ جۆری پیشەسازی(سیناعی) و بەهۆی ئاسانکاریی دابینکردن و بەکارهێنانی ئەم ماددانە لە هەر شوێنێک (لە باغی گشتی و کۆڵانەکانی شاردا)، تەمەنی تووشبوون لەناو ژناندا دابەزیوە. لەم نێوەندەدا، کەمیی ناوەندە بەرپرسەکان لە بواری خۆپاراستن، چارەسەرکردن و قۆناغی دوای چارەسەر، هۆکارێکی تری فراوانبوونی قەیرانەکەیە و بارودۆخی تێوەگلانی ژنانی ئەم پارێزگایە بە ماددە هۆشبەرەکان ئاڵۆزتر دەکات. تووشبوونی ژنان لە ڕۆژهەڵات تەنیا کێشەیەکی تەندروستی یان تاکەکەسی نییە، بەڵکوو ئاوێنەی نەهامەتییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی و کلتوورییە لە کۆمەڵگای ئەم سەردەمەدا. پشتگوێخستنی ئەم قەیرانە کە قوربانییەکانی تەنها ژنان نین بە زیادبوونی ئەم ئەژمارە، بنەماڵەش لە داهاتوودا ڕووبەڕووی داڕمانێکی لەسەرەخۆ و بەردەوامی بنەماکانی خێزان دەبنەوە. زیادبوونی بەردەوامی ژنانی تووشبوو لە ڕۆژهەڵاتدا ناتوانرێت تەنیا بخرێتە پاڵ لادانی تاکەکەسی یان لاوازیی ڕەوشتی. بەڵکو ئەم دیاردەیە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵێک ناتەبایی پێکهاتەییە کە لە چینە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلتوورییەکانی ئەم ناوچەیەدا ڕەگی داکوتاوە.

لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ژنانی ڕۆژهەڵات دەریدەخات کە هەژاری، پیاوسالاری، جیاکاریی کۆمەڵایەتی، گوشارە دەروونییەکان بەهۆی نایەکسانی و لاوازیی پشتگیرییە دامەزراوەییەکان سەرەکیترین هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی ئالوودەبوون لەنێویاندا. 

کۆمەڵگایەک پڕاوپڕ لە پێش‌داوەری و بەتاڵ لە تێگەیشتن و هاوسۆزی

لە کەشی نەریتخوازانەی ڕۆژهەڵاتدا ناوبانگ و کەرامەتی خێزان پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بەڵام هەمان ئەم بەهایە دەتوانێت ببێتە هۆکاری یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، لە هەندێک حاڵەتدا دەگۆڕێت بۆ ئامرازی سەرکوتکردن و شاردنەوەی کێشە و دیاردەکان. ژنانی تووشبوو لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاوە وەرناگیرێن و لە ترسی قسە و بڕیاری خەڵک، خۆیان لە سەردانکردنی ناوەندەکانی چارەسەر یان پشتگیریی کۆمەڵایەتی بەدوور دەگرن. لە ئەنجامدا، تووشبوون لە ناو ئەواندا بە شاراوەیی، درێژخایەن و نەناسراو دەمێنێتەوە. لە لایەکی ترەوە، پێکهاتەی خێزان لە کۆمەڵگای شار و گونددا لە گۆڕاندایە. زیادبوونی جیابوونەوە(تەڵاق)، توندوتیژیی خێزانی و کۆچی پیاوان بۆ ئیشکردن وایکردووە کە ژنان لە گۆڕەپانی سەختی ژیانی کۆمەڵایەتیدا تەنیا و لاواز بن. ئەم گۆشەگیری و بێ پەناییە، لەخۆیدا بوار بۆ مەیلی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان هەموار دەکات.

هەژاریی درێژخایەن و نەبوونی بژێوی سەقامگیر

پارێزگایی سنە لە ڕووی پێوەرەکانی گەشەپێدانەوە، یەکێکە لە ناوچە پەڕاوێزخراوەکانی ئێران لەڕووی دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەوە. ڕێژەی بەرزی بێکاری بەتایبەت لەناو ژناندا، نەبوونی پیشەسازیی جێگیر و هەلی کاری سنووردار، وایکردووە کە بەشێکی زۆری ژنان -بە تایبەت سەرپەرشتیارانی خێزانی کەم‌داهات- لە بارودۆخێکی ئابووری پڕ لە گوشار و نائارامدا بژین. لە دۆخێکی وەهادا، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ هەندێک ژن دەبێتە ڕێگەیەکی کاتی بۆ ڕاکردن لە دڵەڕاوکێ و شکستەکان.

تابۆ، بێدەنگی و پیاوسالاری 

کێشەی ئالوودەبوون لەناو ژنانی کورددا لەسەر بەستێنێک گەشەی کردووە کە تێیدا قسەکردن لەسەر کێشە دەروونی و کەسییەکان بە تابۆ دادەندرێت. قسەکردن سەبارەت بە تووشبوون، بەتایبەتی کاتێک ژنێک تێکەڵی بێت، بە جۆرێک لە شەرمەزاریی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرێت.

ئەم تابۆ کلتوورییە وایکردووە زۆرێک لە قوربانییەکان لە بێدەنگیدا بمێننەوە و تووشبوون لەناو بازنەی ماڵەکاندا بەردەوام بێت.

سەرباری ئەوە، کلتووری پیاوسالاری لە کوردستان هێشتا دەسهەڵاتی خۆی پاراستووە. ژنان نەک تەنیا دەسهەڵاتێکی سنوورداریان لە هەڵبژاردنی ڕێڕەوی ژیانیاندا هەیە، بەڵکو لە پرسی چارەسەر و هۆشیاریشدا لەژێر چاوەدێری و حوکمی خێزان یان کۆمەڵگادان.

لەلایەکی ترەوە لە پڕۆگرامی پەروەردەییدا تایبەتمەندییە ناوچەیی و خۆجێییەکان لەبەرچاو نەگیراون و بە گشتی بە شێوازێکی ناوەندگەرا و ناڕەسەن دیزاین کراون. ناوەڕۆکەکە بە زمانی فارسی دەخرێتە ڕوو و گرینگی بە بەستێنی کلتووری و زمانی خەڵکی کورد نادات. هەربۆیە پەیامەکانی هۆشیاری بە قوڵایی کۆمەڵگا ناگەن و کاریگەریی پێویستیان نابێت.

تووشبوونی ژنان لە ڕۆژهەڵات هێمای نایەکسانییەکی پێکهاتەیی چەند لایەنەیە کە  بریتین لە قەیرانی ئابووری، نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، داخراویی کلتووری و نەبوونی زمانی گفتوگۆی ئازاد.

لە کۆتاییدا، بەڕەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە تەنیا بە بەهێزکردنی لایەنی کەسێتی و مەعریفیی ژنان، پشتگیریی خێزانی و کۆمەڵایەتی، شکاندنی دیواری شەرم و ترس لە ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتیان، کاریگەریی ئەرێنی و بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا