هۆشیاری عەبدولعەزیز

 2- 2

لە سیستمی حوكمڕانی شپرز و پەشۆکاودا حزب وەک خاوەندارێتی تایبەت مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسی وهەڵبژاردندا دەکات و پێیوایە دەبێ هەموو لایەکی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی کۆنترۆڵ کراوبێت تا رای گشتیی و دامەزراوەكانی دەوڵەت لەبازنەیەکی داخراوی دیاریکراودا جێگیربن و گورزەیەکی بێ کێشەبن لە بندەستی حزبی حوکمڕانداو نەبنە هۆکاری زامنکردنی دیموکراسیەکی ڕاستەقینە لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی وا کە مەترسیبێت لەسەر داهاتووی دەسەڵاتدارێتی ئەوان ، لە بەرجەستەکردنی ئەم حاڵەتەشدا حزبی حوکمڕان لە چوارچێوەی فۆبیایەکی مەترسیداری ناهاوسەنگدا دەکەوێتە وێزەی کۆمەڵگاو هەوڵدەدات بەهەر نرخێک بێت پایەکانی سێستەمی حوکمڕانی خۆی بپارێزێ و نەکەوێ بۆیە دەبینین لەكوردستانیش نەك تەنها حكومەت و حوكمڕانیی، بەڵکوو تەواوی چەمک و دەستەواژەکانی پەیوەست بە دیموکراسەت و هەڵبژاردن و ئازادی ڕادەربڕین و مافی هاوڵاتیبوون لە دەستی حزبدا مۆنۆپۆڵە و وای لێهاتوە  زەحمەتە بتوانرێ  حزب و حكومەت لەیەكتر جیابكەیتەوە. ئەم تێکەڵ و پێکەڵکردنەش گەیشتۆتە ئاستێک حكومەت وەك ئۆرگانێكی حزب مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و خاوەندارێتیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ حزب ، بەمەش تەواوی سەرچاوەكانی دارایی و موقەدەراتی خەڵك کەوتۆتە ژێر ركێفی حزب و حزبیش بەکەیفی خۆی یاری بەئیرادە و کەرامەتی خەڵک دەکات و بێسڵمینەوە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەپارێزێ لەم قۆناغ و هەڵومەرجەشدا حزب وەك سەرچاوەی بزنس و خاوەن سەرمایەی كەڵكە بووی دەسەڵاتدار مامەڵە دەكات و دەیانەوێ‌ لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی ترس و فشاری جیاجیاوە لە گەمەكەدا سەركەوتن مسۆگەربكەن و براوەی زۆنەكانی خۆیان بن ، لەكاتێكدا دەروازەكانی هیچ گریمانە و گومانێك ئەوەناشارێتەوە كە كۆمەڵگای كوردی  بەچی دۆخێكی دژوار و پڕ لە قەیران و نەهامەتیدا گوزەر دەكات و ئەمانە چی دۆخێكی ناتەندروست و نالەباریان خوڵقاندوە كە زۆر خراپتر و دژوارترە لەو بارودۆخەی كە هەستی پێدەكەین و بوەتە هۆکارێکی مەترسیداری وا کە زۆرینەی رەهای ئەم كۆمەڵگایە لەخراپترین بارودۆخی سیاسی و ئابوری و نەهامەتیدا دەژێت ، لە بەرامبەریشدا پیاوانی دەسەڵات و خێزانەكانیان و  نەوەكانیان لە كەشكەلانی فەلەكدا و لە سەر حیسابی ئەم میللەتە رۆژانە های لایڤ دەژین و بونەتە بەڵا و نەگبەتیەكی گەورە و مەترسیدار بە سەر كۆمەڵگاوە ئەم گوتارە نوێیە كە خۆی لە دژایەتی یەكتر و بازدان بەسەر هەڵە و خوار و خێچی و گەندەڵیەكانی خۆیاندا و جەخت كردنەوە لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان و پاراستنی دەسكەوتەكانی راپەریندا دەبینێتەوە و بۆخۆی جۆرێكە لە چەواشەكاری و خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی و دەیانەوێ لەو ڕێگایەوە  كێشە زۆرو كەڵەكە بوەكانی هەرێم و قەیران و تەنگەژە ئابوری و سیاسیەكان بشارنەوە و دێزەبەدەرخۆنەی بكەن ، ئەمە لەكاتێكدایە كە خۆشیان و خەڵكیش دەزانێ و دركی پێدەكات كە كۆمەڵگای كوردی لەدۆخی باڵادەستیی ئەم مۆدێلە لەحوكمڕانی‌ و ئەقڵیەتی پاوانخوازیی ئەمانە بەچی تونێلێكی مەترسیدار و دژواردا تێپەڕ دەبێت لەئێستاشدا بێدەنگی كردن لەم گوتارە چەواشەكاریە كە لە قوڵای فۆبیای ئەحزابی حوكمڕانەوە سەرچاوە دەگرێ مەترسیەكی زۆر لەوە ترسناكترە كە هەردوو حزبی حوكمڕان لە مۆدێلی سیاسەتی بەشبەشێنە و دوو زۆنیدا پراكتیزەی دەكەن ، چونكە هەرجۆرە بێدەنگیەك لەم هەڵومەرجەدا رێك بە قازانجی پارتیی و یەكێتیی و ئەو سەڵتەنەتە سیاسییەی ئەوان دەشكێتەوە و دەبێتە مایەی زیاتر زەلیلكردن و و بێچارەی خەڵك و ئەو ئاراستەیەی كە  نازانێ چۆن و بەچی میكانیزمێك كۆتای بەو دەسەڵاتە گەندەڵە بێنێ كە كۆمەڵگای كوردی كردۆتە مۆڵگەی دزی و فزی و ڕاوڕووت و كەڵەكە كردنی سەرمایە و بازاڕێكی باش بۆ ساغكردنەوەی دەسكەوتە مادی و مەعنەویەكانیان دروستبوونی ئەم بارودۆخەش بەتەنها لەسیاسەتی چەوتی دەسەڵاتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵكو بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ  دەرەنجامی سیاسەتی عەوامگەرایی‌و نائەقڵانی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە نمایشكارە بەرژەوەند خوازانەی كە هڵگری ڕوئیا و تێڕوانینێكی واقیع بینانەی بابەتیانە نین‌ و تەنها بەدوای بەدەستهێنانی خواستەكانی خۆیان‌ و سواربونی شەپۆلی ناڕەزایی خەڵكەوەن‌‌ و هیچ چارەسەرێكی ڕیشەیان پێ نیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و بەشێكیشیان بوونەتە پاشكۆ و پینەچی ئەحزابی حوكمڕان و فەشەلی سیاسەتەكانیان بەكورتی پێموایە لەبەرانبەر ئەمەش پێویستە رەوتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی چەپ لەم قۆناغەدا تەجاوزی ئەو گوتارە فۆبیایەی ئەحزابی حوكمڕان بكات و بەڕوون و ڕاشكاو پەنجە لەسەر كەم و كورتی و زەلیلی خەڵك دابنێت و بوێرانە شكست و فەشەلی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی ئەمانە وئەو مۆدێلە حوكمڕانیە بخاتە ڕوو ، چونكە بەبێ گۆڕانكاری ریشەیی لەسیستەمی سیاسی‌و ئابوری هەرێم‌و كشانەوەی دەستی حیزب‌و كۆمپانیاكانی لەبازاڕ ، قەیران و تەنگەژە سیاسی و ئابوریەكان بنبڕنابن ، دەستبردن بۆ ئەمەش پێویستی بە دیدێكی رۆشن و شەفاف و جەرییئانە و گوتارێكی سیاسیی جیاوازتر لە گوتاری زاڵی ئەمانە هەیە كە بەئێستاشەوە  لە ناو چەقی فۆبیای سیاسی و حوكمڕانیدان و یاری بە ئیرادە و خواستی خەڵك دەكەن و بەئاشكرا خەریكی سەوداو مامەڵەی تیجاڕین و باكیان بەو دۆخە مەترسیدارەی ژیانی خەڵك نیە و بوونەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر كۆمەڵگای كوردی و دەسكەوتەكانی كە هەزاران قوربانی لە پێناودا بەخشراوە

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا