هۆشیاری عەبدولعەزیز 

 

پرۆسەی شرۆڤەكردنی سیاسەت و هاوبەشە دینامیكيیەكانی كە لە توخمەكانی ئابووری و بنەچە كۆمەڵایەتیيەكاندا جێگیر دەبێ دەبنە سەرچاوەی سیاسەتی باش، بەڵام هەر تێگەیشتنێكی هەڵە لە كایەی سیاسیدا یەكێكە لە كوشندەترین ئەو تێگەیشتنانەی كە كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر پرۆسەی حوكمڕانی و دەشێ دەرئەنجام ببێتە مەترسی و خودی كۆمەڵگا هەڵوەشێنێتەوە، چونكە سیاسەت بەر لەوەی بابەتێكی خۆڕسك بێت چەمكێكی زانستی كراوەیە و بە كۆمەڵێك پێوەری جیاجیا و بەیەكەوە گرێدراودا تێپەڕدەبێ و دەكرێ لە پرۆسەی دەوڵەتداری و حوكمڕانیدا بەكارببرێ، بەڵام پیرۆزكردنی سیاسەت و سیمبولەكانی لەژێر هەر ناو و ناتۆرەیەكدا بۆخۆی دەبێتە مەترسی و سەردەكێشێ بۆ ستەمكاری و بەرهەمهێنانی هێڵی سور و سەركوتكردنی ئازادی و شێواندنی دۆخی كۆمەڵگا، ئەلتەرناتیڤی ئەم پرۆسەیەش خۆی لە دروستبوونی سەركردەی پیرۆز و حزبی رابەر و گەلێك شتی تردا دەبینێتەوە و وادەكات بە كۆمەڵێك دامودەزگای دیسپلینكراوی نابابەتی مۆركێكی ناهاوسەنگ ببەخشێتە ئەو هێز و ڕەوتە پیرۆزكراوەی كە جڵەوی حوكمڕانی لەدەستە و هەر خاڵێكی پێچەوانە بەو پیرۆزیيانە تاك دەخاتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی لەنێوبردن، واتا كاتێك تێگەیشتنی هەڵە لە سیاسەت ستەمكاری بەرهەمدێنێ كۆمەڵگا ڕاپێچی جۆرێك لە سەركوتكردن و بێدەنگكردن دەكاتەوە و شكۆی هەر ئینسانێك دەشكێنێ كە تێڕوانینێكی پێچەوانەی هەبێ  لە ئاست ئەو ڕووداو و دیاردانەی كە دەسەڵات بەئەنقەست دەیخولقێنێ و نابێ كەس قسە لەسەر هیچ بكات، هەرجۆرە دەربڕینێك لەسەر كارەكتەرەكانی ناو ئەو دەسەڵاتدارێتیيە بەزاندنی هێڵی سووری پیرۆزیيە دروستكراوەكانە و دەبێ تاك وەك بوونێكی بەكاربەر تەنها ملكەچی هەڵبژێرێ  .

پرسی هەڵە تێگەیشتن لە سیاسەت لە خۆرئاوا و وڵاتانی پێشكەوتووی دیموكراسی پرسێكی نۆرماڵە و بەپێی یاسا و ڕێسای دەوڵەت و لەچوارچێوەی تێگەیشتندا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و نابێتە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی دەوڵەتداری و دەسەڵات و نابێتە ڕێگر لەبەردەم هیچ دەزگا و ناوەندێكدا و مەترسیش نیيە بۆ سەر ئازادی گشتی و پرۆسەی دیموكراسيیەت و ئەو چەمكانەی كە كۆمەڵگا لە پێناو گەشە و بەرەوپێشچوونی خۆیدا وەك بنەمایەكی زانستی بەكاریدێنێ و لە زۆر لەو كۆمەڵگایانەشدا دەنگ و ڕەنگی جیاواز و ڕەخنەی جددی و ڕای پێچەوانە دەبنە بنەمای ڕاستكردنەوەی هەڵە تێگەیشتنەكە و مەترسی ناخولقێنێ، گەر بەڕەچاوكردنی تێگەیشتن لە سیاسەت و دیدگای ڕوون كە بریتییە لە هەستكردن بە دیاردە و ڕووداوەكانی ناو كۆمەڵگا سیاسەت بخوێنرێتەوە كە چۆن پرۆسەی پاكردنەوە و تەتەڵەكردنی دیاردە ناجۆرە كۆمەڵایەتيیەكان ئاراستە دەكەن كە لە سیاقی خۆیاندا مەترسی سیاسی بەرهەمدێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە هۆكاری ئەم دیاردە سیاسیيانە بن كە جووڵەی ئابووری و جیوئیكۆنومی هەرێم و گۆڕانكارییەكانی دەوروبەرمان دەجووڵێنن و بوونەتە حاڵەتی سەیر و سەمەرە بەسەر دنیای سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردیيەوە، چونكە سیاسەت لە زۆربەی زۆری كۆمەڵگا نادیموكراسیيەكاندا ، ئاڵۆز و تەماویی و ناڕوونە كە ئێمەش بەشێكین لەو جۆرە كۆمەڵگایە و ئەوەندەی مەزاج پێوەر و خەسڵەتەكان دیاریدەكات، لایەنە زانستیيەكە وەك شوناسی پرۆسەكە نابینرێ، لەكاتێكدا ئەم بابەتە لە دنیای سیستمە دیموكراسییەكاندا و بەتایبەت لە سیاسەتدا زۆر ڕوون و ڕاشكاو و شەفافە و ڕێگە نادرێ دیاردە و ڕووداوێك ببێتە مایەی نیگەرانی خەڵك و تێكچوونی هاوسەنگی پرۆسەكە و دروستكردنی جۆرێك لە شڵەژانی كۆمەڵایەتی و ئاڵۆزی لە سیاسەتدا ، كەچی پێچەوانە بەم ڕاستيیە وڵاتانی دواكەوتوو و نیمچەكراوە لە وەها دۆخێكدا دەكەونە پەلەقاژەی سڕینەوەی ڕا و سەرنج و ڕەخنەی جیاواز و دەبێتە مەترسیيەك بۆ سەر سیمبولە پیرۆزكراوەكان و هیچ دەرفەتێك نامێنێتەوە بۆ دەربازبوون و پێیانوایە شكاندنی هێڵە سوورەكان شكاندنی كۆی دەسەڵات و فەرمانڕەواكانێتی و ئەمەش وەك گەورەترین مەترسی دەشوبهێنن لەسەر دەسەڵات و كارەكتەرە پیرۆزكراوەكانی ، لەكاتێكدا لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا كە دەسەڵات مومارەسەی توخمەكانی ستەمكاری دەكات بەلێشاو گەندەڵی و ناعەدالەتی و بێ یاسایی و بێ حورمەتی دەبینرێت كەس مافی دەنگهەڵبڕینی نیيە  .

 لە خوێندنەوەی ئەو پرۆسەیەدا دەگەینە ئەو ڕاستیيەی كە كۆمەڵگای كوردیش لە بازنە و چوارچێوەی هەمان مەترسیدایە و دەسەڵات بەو ئاراستەیە دەبرێ و ئیتر نابێ كەس لەسەر هیچ قسە بكات و هیچ بڵێ ، بەمەرجێ دەسەڵات خۆی لەم بارەدا كەوتۆتە دۆخێكی شڵەژاو ناهەموارەوە و تەنها شتێك كە دەیانەوێ ڕاستی بكەنەوە دەمكوتكردنە ، نەك بیركردنەوە لە چارەسەركردنی هۆكارەكانی غەرقبوون لە گەندەڵی و ناعەدالەتی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی و تا ئێستا هیچ تاوانبارێكی بەرپرس لەو داروخانە ئابووری و كۆمەڵایەتیيە ڕاپێچی دادگا نەكراوە و بگرە وەك بزنسمانی هاوبەشی دەسەڵات كە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان تاڵانكرد و یاری بە موقەدەراتی ئەم میللەت دەكەن بەشكۆوە فەرشی سووریان بۆ ڕادەخرێ ، لەمەشدا كە ئەحزابی حوكمڕان بەرپرسیارن و هەڵگری عەقڵیەتێكی شەخسپەرستیی ڕووپۆشكراوی نالۆژیكیيە كە نەیتوانیوە ببێتە پرۆژەی دروستكردنی هاووڵاتی و مایەی فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی وا كە ئیشكالیەتی حوكمڕانی تێپەڕكات، چونكە تائێستاش دوای زیاتر لە چارەكە سەدەیەك لە حوكمڕانی  زۆرینەیەكی رەهای ئەم كۆمەڵگایە بە ژیانێكی زۆر سەخت و دژواری ئابووری و بێكاری مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و ئەوانەشی بارگاوین بە گەندەڵی و شەرعیەتدان بەناعەدالەتی و چەواشەكاری و چەوساندنەوەی كۆمەڵگا  لەسایەی دەسەڵاتدارێتی حزبی خێڵدا و لەسەر حیسابی میللەت های لایڤ دەژین و بوونەتە بەڵا و نەگبەتیيەكی گەورە و مەترسیدار بەسەر كۆمەڵگاوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا