هۆشیاری عەبدولعەزیز 

2 لە 3

  ئەگەر سیاسەت بۆخۆی جۆرێك بێت لە زانست و هونەری بەڕێوەبردن ئەوە دەبێ باش لەوە تێبگەین كە پێویستە بابەتیانە و بەدەر لە سۆزی كۆمەڵایەتی  ئەو زانستە لەگەڵ شرۆڤەو هەڵسەنگاندنێكی ورددا پراكتیزە بكرێ لە كایەی گشتی كۆمەڵگادا ، چونكە وەك هەر چەكێكی ترسناك ئەگەر بە نەشارەزایی لە سیاسەتدا مامەڵەكرا ، ئەوا نەك هەر زیانی بۆ كۆمەڵگا دەبێ ، بەڵكو دەبێتە مەترسی بۆسەر كۆی پرۆسەی ژیان و كاریگەری دەكاتە سەر تەواوی جوڵەی سیاسی و ئابوری و دواجار بەشكستی گشتی كۆتای دێ ، زۆرجار هەڵەی سیاسی و بەهەڵە تێنەگەیشتن میكانیزمی جێبەجێ كردنی خودی سیاسەت دەكاتە بابەتێكی قێزەوەن و هیچ نرخ و بەهایەكی نامێنێ لە كایەی كۆمەڵایەتیدا و پێچەوانەش دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی بەرژەوەندیە تایبەتیەكان و هەر جۆرە ساختەچێتیەك كە كارەكتەرە دەسەڵاتدارەكان مەبەستیانە ولەم ئاستەشدا (درۆ و فرت وفێڵ ، ماستاوچێتی و چەواشەكاری ) شۆێنی حەقیقەت دەگرێتەوەو چارەسەری قورس دەكەوێ و دەبێتە هۆكاری پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی نەفامانە ، لە كاتێكدا دەبێ سیاسەت ژیانێكی باش و خۆش بۆ هەموان فەراهەم بكات بە شێوەیەك كەس زیانی پێنەگات و نەبێتە كۆیلەی دەسەڵات و لە سەرحسابی لەناوبردن و چەوساندنەوەی چینەكۆمەڵایەتیەكان بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان نەپارێزن وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا دەبینرێ و  قێزەوەنترین مرۆڤی سیاسیان بەرهەمهێناوە ، بنەماكانی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە سیاسیەش حزبە خێڵەكیە دەسەڵاتدارەكانە كە هەر لە بنەڕەتەوە لەناو كایەی سیاسیی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردیدا ، وەك مشەخۆرەكانی نەخۆشی شێرپەنجە خانەكانی جەستەی كۆمەڵگا دەخۆن و  هەڵگری پرۆژەیەكی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی كاولكارن وبەردەوام لەهەوڵی دروستكردن و پەروەردەكردنی توێژێكی سیاسی چاوچنۆكدان كە جگە لە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیان و حزبەكانیان هیچ  پڕۆژەیەكی گرنگی نیشتمانی یان پێشكەش نەكردوە لە پێناوپاراستنی بەرژەوەندی گشتی

جادووی بەكارهێنانی دیموكراسیەت و هەڵبژاردن و ئاڵوگۆری دەسەڵاتیش كۆمەڵگای كوردی گەوجاندووە و زۆرینە پێیوایە ئەوە حەقیقەتی حوكمڕانی و سیاسەتە و دەبێ دەستی پێوەبگیرێ ، لە كاتێكدا دەبێ ئەو ڕاستیەمان بیرنەچێ كە گیرفانبڕینی هاوڵاتی و پاشقولدانی كۆمەڵگا و چەتەی و قاچاخچێتی بە داهات و سەرمایەی ئەم وڵاتە ، بەشێك نیە لە لە پرۆسەی دیموكراسیەت و پاراستنی كایەكانی كۆمەڵگای كوردی و بەشێكیش نیە لە بازاڕی ئازاد و فراوانكردنی پانتاییەكانی وەبەرهێنان و خزمەت بە كۆمەڵگا ، چونكە بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و هەڵوەشاندنەوەی كەرتی گشتی و فرۆشتنی تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزاریەكان بەدەر لەوەی تاوانێكی نیشتمانی گەورەیە ، خۆی لە خۆیدا تاڵانیە و هاوڵاتی پێدەڕووتێننەوە و ناچێتە خانەی پرۆسەی ئاوەدانی و سەقامگیری ئاسایشی ئابوری و نابێتە هۆكاری بووژاندنەوەی كۆمەڵگا و پاشاگەردانیەكە  لە ئەزموونی حوكمڕانێتی حزبەكانی دەسەڵاتەوە  سەرچاوەدەگرێت 

بۆ تێگەیشتن لەم ئەزموونە ناشرین و فاشیلە كە شكستی بە هەموو فەزای نیشتمانی و مێژووی تێكۆشانی نەتەوەی هێناوە، پێویستیمان بە شرۆڤەكردن و خوێندنەوەی ئەزموونەكە وەك خۆی هەیە و ناكرێ بەشێوەیەكی سەرپێی بەسەریدا تێپەڕین ، چونكە ئەزموونی چەتەی شاخ و نا هۆشیاری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ یەكەم پرۆسەی خۆ ئەزموون كردن وەك دەوڵەتداری، لەم دۆخەی كوردستاندا مەترسیەكی گەورەیە و بەشێكە لەو هەڵپە مەترسیدارە هەرێمایەتیانەی كە ئەمانەیان كردۆتە خاوەنی حوكمڕانیەكی خێڵەكی و دواجار گرێدراویشە بەو هاوكێشە ئاڵۆز و مەترسیدارە ناوچەیەوە كە وڵاتانی زلهێز لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیاندا ئەم جۆرە خێل حزبانە گەورە دەكەن و وەك یاری شەترەنج لە گەمە ئابوریەكانی خۆیاندا بەكاریان دێنن ، شكاندنی شكۆ و كەرامەتی خەڵك كە دەسەڵات و بنەماكانی حزب خێڵ بەرپرسیارە لە جێ گرتنەوەی وایكرد كۆمەڵگای كوردی توشی جۆرێك لە سستی و سربونێكی زۆر گەورە بكات. تا ئەو ئاستەی كە یەكانیگیربوونی قەیرانە دارای و سیاسی و كەلتوری و كۆمەڵایەتیەكان تەواوی ژیانی لەم وڵاتە وون كردوەو توشی ئیفلیجی و وەستانێكی ترسناك كردوە. رۆژانە خەڵكی لە چاوەروانی بەرجەستەبوونی گۆڕانكاریەك، كە ئاسۆیەك بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە فرە رەهەندەی تێخزێنراوە ژیانێكی پڕ لە كولەمەرگی و ئاستەنگ بە رێدەخات. بێكاری و هەژاری و نادادپەروەری و گەندەڵی، بونەتە شوناسی ئەم قۆناغە و خەریكە بەیەكجاری كۆمەڵگای كوردی دەپوكێنێتەوە

بۆیە ئەم ئەزموونی حوكمڕانێتیە ، ئەزموونێكی داچۆڕاوی بەرژەوەندیە ئابوریەكانە و ناچێتە خانەی ئەزموونی نیشتمانی و پاراستنی قەوارەی هەرێمەوە و بریتیە لە ئەزموونی داتاشینی بتەكانی دەسەڵات و ئەو نۆكەرانەی كە بەرژەوەندی نەیارانی كورد و ئەزموونە ئیفلیجەكەی دەپارێزن ، لێرە دەستبردن بۆ خیانەتی نیشتمانی و فرۆشتنی خاك و خەڵكی ئەم وڵاتە بابەتێكی زۆر نۆرماڵ و ئاسایە و كە هەر ڕەوت و بزوتنەوەیەك توانی  بە پاڵپشتی نەیارانی كورد و تاڵانكردنی كۆمەڵگا ببێتە  ژمارە ئەوە دەتوانێ‌ بەدڵی خۆی دەست بۆ خیانەتكاری  و خۆفرۆشی ببات و سڵ نەكاتەوە  لە مێژوو بێدوودڵی پۆزی پێوە لێبدات و بیكاتە  شانازی بۆ حزب و بنەماڵەكەی، چونكە لەم پرۆسەی تێكدانە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەدا كە ئەحزابی حوكمڕان بەرهەمیان هێناوە ، حزب دەسەڵاتدارە و هیچ پرۆژەو بڕیارێكی حكومەت بەبێ تێپەڕین بە فلتەری حزبدا تێناپەڕێت و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ، واتا لە بری پڕۆژە و پلانی ستراتیژی حكومەت بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی دەوڵەت ، حزب حكومەت ئاراستەدەكات و ئەو خاوەنی سەرەتا و كۆتای پرۆسەكەیە

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا