گۆران هەڵەبجەیی

لە دەمی دووەم جەنگی جیهانیدا، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەلایەن نازییەکانەوە داگیرکرابوون، بەو هێزە بەرهەڵستکارە کۆمۆنیست و چەپ و نیشتمانپەروەرانە دەگوترا "پارتیزان".

ئەم پارتیزانانە زیانی مەزنیان لە داگیرکەر دەدا. لەبەر ئەوەی سوپایەکی نیزامی نەبوون و جێگە و پێگەیەکی دیارییان نەبوو، بۆیە خۆیان دەرنەدەخست. بەپێی مەبدەئی "لێدە و ڕاکە" دەجوڵانەوە، واتە دەستیان دەوەشاند و بە خێرایی ون دەبوون. پانتاییەکەیان بەرفراوان بوو؛ لەناو مۆڵگەی دوژمن و هەر شوێنێک کە بۆیان بگونجایە چالاکییان دەکرد. ئەو وڵاتانەی بزافی پارتیزانی تێیاندا بەهێز بوو، بریتی بوون لە: سربیا (یۆگۆسلاڤیا)، ئیتاڵیا، یۆنان و فەرەنسا.

لە کۆتاییەکانی جەنگدا، ڕێژەیەکی زۆری ئەم پارتیزانانە گۆڕدران بۆ هێزی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ و جەنگی بەرەیی، بەمەش داگیرکەرانیان تووشی شکست کرد. نازییەکان زۆربەی وڵاتی سربیا و بەڵقانیان داگیرکرد، بەڵام بەهۆی پارتیزانەکانەوە -کە حیزبی شیوعیی سربیا سەرۆکایەتی دەکرد و "تیتۆ" ڕابەرایەتی دەکرد- زیانەکانی سوپای داگیرکەر زۆر بوون. ئەم پارتیزانانە ئارامیان لە نازییەکان بڕیبوو، نەیاندەزانی لە کوێوە بۆیان دێن.

لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا، پارتیزانێک لە ٨-٢-١٩٤٣ بە ناوی (لەپا ڕادیچ - Lepa Radić)، کە تەمەنی تەنها ١٧ ساڵ دەبوو، دەستگیر دەکرێت. نازییەکان بڕیاری لەسێدارەدانی دەدەن، بەڵام کاتێک پەتەکە دەکەنە ملی و بەر لە سێدارەدان، پێشنیارێکی دەخەنە بەردەم. پێشنیارەکەش بریتی دەبێت لە:
"ئەگەر ناسنامە و جێگەی هاوڕێکانت و سەرکردەکانت ئاشکرا بکەیت، ئەوا لە مردن ڕزگارت دەبێت".

لە وەڵامدا وتی: «من خیانەت لە گەل و هاوڕێکانم ناکەم. ئەوانەی ئێوە دەتانەوێت بیانبینن یان بیانناسن، ئەوا خۆیانن و دەمێنن، تۆڵەی من لە ئێوەی داگیرکەر دەکەنەوە و هەمووتان لەناو دەبەن».

نازانم تا چ ڕادەیەک ڕاستە، بەڵام دەڵێن "تیتۆ" گرووپێکی تایبەتی لە پارتیزانەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو یەکە سەربازییەی نازییەکان پێکهێناوە و دەڵێن ئەو گرووپە سەرکەوتوو بوون لە کوشتنیاندا.

پاش ئەوەی سوپای داگیرکەر لە هەموو وڵاتێک بە ناوی "یۆگۆسلاڤیا" دەرکران و وڵات لە چەند نەتەوەیەک پێکهاتەوە، وەک ڕێزلێنان و پێزانین بۆ ئازایەتیی ئەم کچە پارتیزانە، چەندین پەیکەر، تابلۆ و قوتابخانە بە ناویەوە کران و نازناوی "پاڵەوانی نەتەوەیی"ـی پێ بەخشرا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا