هۆشیاری عەبدولعەزیز

بەشی دووهەم

 

لە ڕابردوودا و بەدرێژایی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی چەکداریی کورد لەچوارچێوەی پەکەکەدا چەندین دەستپێشخەریی ئاشتی لەنێوان تورکیا و پارتی کرێکاراندا هاتۆتەپێش و سەریهەڵداوە، بەڵام لە زۆرینەیاندا پرۆسەکە بەهۆی ناڕاستگۆیی دەوڵەت و کارەکتەرە نەتەوەپەرستەکانی ناو دەوڵەتی قووڵەوە شکستیهێناوە و نەگەیشتۆتە دەرئەنجامێکی ئەرێنی وا کە متمانەی پێ بکرێ، بۆیە گەر ئەم جارەش هەنگاوەکانی پرۆسەکە نیەتپاكی دەوڵەتی لەگەڵ نەبێ و ئاراستەی ئەجێندای هەوڵەکان وەک ئەردۆگان ئاماژەی پێکرد تەنها تورکیایەکی بێ تیرۆر بێت هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، پێچەوانەش هەنگاوێكی ئەرێنی و عەقڵانی نوێیە و دەكرێ بەدوایدا كار لەسەر پڕكردنەوەی كەند و كۆسپەكانی بەردەم ئەم كردەیە بكرێت و سەرەتایەكی نوێی لێ بەرهەمبهێنرێ بۆ پرسی كورد لە باكوور و چارەسەركردنی بەشێكی زۆری ئەو كێشانەی كە لە سەد ساڵی ڕابردوودا پەیوەستبوون بە پرسی سڕینەوەی شوناسی كوردەوە .

ڕەنگە لەئێستادا چەكداماڵینی پەكەكە و گەڕانەوەی پڕۆژەكە بۆ ناوخۆی توركیا و بۆ باکووری کوردستان گرنگ و هاوسەنگ بێ، بەلام لەسەر ئاستی پارچەكانی دیكەی كوردستاندا بابەتەكە جیاوازە و پێموایە كاریگەری خراپ و مەترسیداری دەبێ و ئەگەرەكان بەئاراستەی جارێكی تری ژێردەستەیی و سەركوتكردنەوەی كورد و بێبەشكردنی لە مافەڕەواكانی دەچێ ئەگەر کورد ژیرانە مامەڵە نەکات لە ئاست ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی کە بەخێرایی دێن و گوزەر دەکەن، مەترسییەکەش خۆی لە باکگراوەندی قسەكانی تۆم باراكی نێردەی ئەمریكادا مەڵاسداوە، كە پێیوایە پڕۆژەی فیدرالیزم لەم قۆناغەدا بۆ سوریا بێبەهایە و ناكرێ حكومەت لەناو حكومەت دروستبكرێ. هەرچەندە ئەمە تەنها قسەیەکی ڕووکەشە و فڕێدەدرێتە بازاڕی سیاسەتەوە لە ناوچەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ کاریگەری تارماییەکانی پشتەوەی ئەم دەربڕینە بەهەند وەرنەگیرێت و پەراوێزخرێ، چونکە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پشت بە بازاڕی نەوت و سەرمایە و بەرژەوەندی تایبەت دەبەستێت و ئەوەش بۆ کورد لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا مەترسیدارە و دەبێ بەوردی شرۆڤەبکرێ، بەتایبەت کاتێک تۆم باراک ئاماژە بە ناپێویستبوونی دەوڵەتی فیدراڵی دەکات و دەڵێ بۆ سوریا نەگونجاوە دەوڵەت لەناو دەوڵەت دروستبکرێ، کە زیاتریش  مەبەستی ئیدارە خۆسەرییەكەی ڕۆژئاوایە و هەسەدەش بە بەشێك لە یەپەگە دەزانێ و پێیوایە بەچەكداماڵینی پەكەكە، یەپەگەش وەك لقێكی ئەو حزبە زەروورەتی نامێنێ و پێویستە داماڵرێ لە هێزی سەربازی و تێكەڵبكرێتەوە بە سوریای نوێ، ئەوەشی لەعێراق ڕوویداوە بە ناتەوا و وەسف دەكات و پێیوایە فیدرالیزم پڕۆژەیەكی شكستخواردووی نەگونجاوە بۆ عێراق و سوریا، ئەمەش لە وێنا گەورەكەدا پێماندەڵێ دەبێ كێشەی كورد لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا یەكلاییبكرێتەوە، کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە و پێویست بە پڕۆژەی كانتۆناتی بچووك ناكات وەك ئەو قەوارەیەی لە  ئێستای هەرێمی كوردستان و بەشێكی ڕۆژئاوادا هەیە، هۆكاری ئەم لێدوان و قسەفڕێدانەش لەخۆیدا بابەتێكی خۆڕسك و لەخۆڕانییە و ڕەنگە بەپێی پلان و نەخشەیەكی نوێی سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكە و وەك گورزەیەكی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی لەگەڵ بكرێ و ئەجێندای ئەم جۆرە تێڕوانین و مامەڵەیەش لەم دۆخەدا دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵی بنەڕەتی :

١- ئەمریكا بەهۆی بەرژەوەندییەكانی خۆی لە ئابووری بازاڕ و پرسی نەوت و غازەوە پاڵپشتیی لە هەندێك پرس و بابەتی كورد كردووە لە ناوچەكەدا و هیچ كات وەك هاوپەیمانێكی ڕاستەقینە نەهاتۆتەپێش و پەیوەستبوونیشی بە بازاڕی نەوتی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی زۆر لەوە بەهێزترە كە لەگەڵ كورد هەیەتی، بەشێكی ئەو پەیوەندییەی ئەمریكاش لەگەڵ كورد دەگەڕێتەوە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە هەژموونی ئێران و دەستێوەردانەكانی كە پێشبینی لەوە زیاتریان دەكرد كە ئێران لە پرۆسەی هاوكاری ڕەوت و گرووپە شیعیەكانی ناوچەكەدا دەیكرد و ئەمەش لەو قۆناغەدا مەترسی بوو بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەڵام بە تێكهەڵپژانی ئیسرائیل و ئێران و گۆڕانكاری لە سوریا و تێكشكاندنی خەونی بونیادنانی هیلالی شیعی لە ناوچەكەدا، تاڕادەیەک کاریگەری لەسەر ئاراستەی سیاسەتەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و ڕەنگە لە داهاتوودا دەرئەنجامەکانی دەرکەون، بەتایبەت لەسەر عێراق و کورد لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، ڕا و سەرنجەکانی نێردەی تایبەتی ئەمریكاش لە بارەی شکستی دەوڵەتێكی دیموكراتی فیدراڵی هاوشێوەی عێراق بۆ سوریا و ئێران و توركیا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە و كاریگەری خۆی دەبێ لەسەر چۆنێتی مامەڵەی ئەمەریكا لەم ناوچەیەدا.

٢- دۆخی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی گۆڕانكارییەكان مەترسییەكی تری لەسەر پرسی كورد هەیە و پێئەچێ ئەمریکا پێداچوونەوەیەكی جددی بەو پرسەدا بكات و بیانەوێ لە ڕێگەی بەهێزکردنی ڕێگای داوود و پاڵپشتی سعودیەوە،  عێراق بكەنە یەکێک لە دەروازەکانی  بازرگانی نەوت و هەوڵێك بێت بەئاراستەی دوورخستنەوەی عێراق لە هەژموونی ئێران و هەنگاوێکیش بێ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرووی هورمز، کە بەردەوام لەژێر فشاری ئێراندایە، چونکە لە دیدی ئیسرائیل و خودی ئەمریکییەکانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە وردکردنەوەی زیاتر هەیە و ناکرێ هەندێ زلهێز کە لە تابلۆی گشتی ناوچەکەدا کاریگەری و ڕۆڵی بەرچاویان هەبێ و ببنە مایەی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوئاوازەکانی، بۆیە پێویستئەکات لە ڕێگەی نەخشەیەکی چڕی سیاسی و ئابووری و پاڵپشت بەهێزی یەکلاییکردنەوەی ململانێ جەمسەرییەکان  کار لەسەر بچووککردنەوەیان بکرێ و بخرێنەوە شوێن و پێگەی خۆیان، بەتایبەت ئیران و تورکیا، کە دوو زلهێزی ناو چوارچێوەی جەمسەرگیرییەکەن و فتکردنیان پێویستی بە دەرفەتی گونجاو و لەبار هەیە و توخمەکانی ئەم پرۆسەیەش هێشتا بەباشی نەڕەخساوە و کاتی زیاتری ئەوێ، مانەوەی كوردیش بەو سێکچە داڕێژراوەی نەخشەی ئیسرائیل کە ئاماژەی بۆ دەکرێ لە ناوچەکەدا پەیوەستە بە یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە و چەندین پرسی ترەوە، کە هاوسەنگە بە جیۆپۆلەتیكییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە و جارێكیتر دەستكاریكردنی سنوورە دیاریكراوەكانیش بەو جۆرە ئاسان نابێت و بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان ناخەنەوە بەردەم پێكان و تێكشكانی گۆڕانكارییەكان وەک ئەوەی لێرە و لەوێ قسەی لەسەردەكرێ.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا