بەهرۆز جەعفەر

ڕێككەوتنی سێقۆڵی نێوان هەرێمی كوردستان، كۆمپانیا فرەڕەگەزەكانی بواری نەوت، حكومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی كاتژمێر (٦)ی سەرلەبەیانی ٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥ دووبارە نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتەوە بازاڕەكانی وزە لە دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە)، بەكورتی ئەمەی خوارەوە ڕەهەند و مانا و لێكەوتەكانییەتی:

یەكەم/ تا ئەوكاتەی یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچووێندرێت، كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی نەوت هەموو كاتێك ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە. بۆچی ئەم یاسایە دەرناچوێندرێت، چۆن یاسایەك دەربچێت لەبەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە؟ (لە ڕابردوو باسمانكردووە). 

دوەم/ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان سەرەتای ئەزموون و وەرچەرخانێكی كاریگەرە لە پرسی هایدرۆكاربۆن (هایدرۆكاربۆن نەك وزە)دا، چونكە پێشووتر بەغدا زۆر بێمنەتی نیشاندەدا بەرانبەر نەوتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكان، (حەیان عەبدولغەنی) وەزیری نەوت بەئاشكرا و ڕووبەڕوو پێیوتین؛ ئێمە نەوتی خۆمان وەك خۆی هەناردەدەكەین، ئەوەشی كە لە هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە دەخەینە بەر ئەو بڕەی كە (ئۆپیك پڵەس) پابەندیكردووین كەمتر بخەینە بازاڕەوە. سەرەتایەكی كاریگەرە چونكە لانیكەم سێ مووچە گەرەنتی دەكات (سێ مووچە واتا سێ تریلیۆن دینار؛ ئەمە بۆ بازاڕ گرنگە)، سەرەتایەكی گەورەیە چونكە دەكرێت ئەو نەوتەی بڕیارە لە كەركوك بی پی-BP بەڕێژەی (٦٥٠ هەزار لە ڕۆژێكدا) بەرهەمی بهێنێت، هەر بەم بۆڕییەی هەرێمی كوردستاندا هەناردەبكرێت بۆ بەندەری جەیهان لەسەر دەریای سپی.

سێهەم/ هەناردەكردنی نەوت پرۆسە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان خێراتر دەكات، لە ئێستا (٢٨٠- ٢٩٠ هەزار بەرمیلە) لەتوانادایە لەماوەی (٤) مانگدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتەوە (٤٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار لە ڕۆژێكدا).

چوارەم/ نەوتەكە نەوتی هەرێمی كوردستانە؛ كوالێتی نەوتی هەرێمی كوردستان دیارە كە سووك و مامناوەندییە؛ كڕیارەكان و پاڵێوگە گەورەكانی جیهان عەوداڵ و كڕیاری بێ چەندوچوونی ئەم كوالێتی نەوتەن، بەتایبەتی ئەو جۆرە نەوتەی لە كەركوك هەیە بۆ وڵاتانی خۆرئاوا و جیهان یەكاویەكە. 

پێنجەم/ ماوەیەكی زۆرە خەزێنەی ئەمریكا هۆشداری و سزای خەڵكی جۆراوجۆر دەدات كە نەوتی ئێران تێكەڵ بە نەوتی عێراق دەكرێت و "ئەوراق" و مامەڵەی سۆمۆ و عێراقییانەی بۆ دروستدەكرێت، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕزگاركەرێكی باشی سۆمۆ بوو لە سزاكانی ئیدارەی ئەمریكا. هەروەها عێراق كەموكورتییەكی گەورەی هەیە كە تەنها یەك دەرچەی هەیە ئەویش كەنداوی بەسرەیە بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی، ئەو نەوتەی كە بەڕێژەی (٩٩.٢٪) سەرچاوەی داهاتی گشتی عێراقە؛ بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان عێراق دەرگای بۆ هەمەچەشنكردنی كەناڵەكانی هەناردەكردن بۆ دەكرێتەوە.

شەشەم/ پەیوەست بە كۆمپانیاكان، بەپێی چاودێرییەكانی ئێمە لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا كە ڕێككەوتنەكە هاتۆتەئاراوە، بەڕێژەی جیاجیا هەشت كۆمپانیای وەبەرههێنەری نەوت لە هەرێمی كوردستاندا، بەهای پشكەكانیان لە بۆرسەدا بەرزبۆتەوە؛ ئەمە بۆ كۆمپانیایەكی وەكو دی ئێن ئۆ (DNO) و هێچ كەی ئێن ئێن (HKN) و گۆڵف كیستۆن زۆر بەهادارە، وادەكات لە شوێنی دیكەش كاری هاوشێوە وەربگرن یان كارەكانی دیكەیان كە لە شوێنی دیكە هەیانە بەرز ڕابگیرێت. جگە لەوەش وادەردەكەوێت كۆمپانیاكان لە هەندێك حاڵەتدا لەبری پارە "نەوت"یان بدرێتێ لەبری وەرگرتنەوەی قەرزەكانیان، ئەمەش قازانجی ئەوانە؛ بەتایبەتی نەوتێك كە "سۆمۆ" و دەوڵەتی عێراق بیفرۆشن بەبەردەوامی (١٥ بۆ ٢١ دۆلار) گرانترە لەوەی كە هەرێمی كوردستان خۆی بەبازاڕیی بكات. 

حەوتەم/ تێچووی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان و بەبازاڕكردنی كەمترە بەڕادەی (٢٨٪) لەچاو هەناردەكردنی لە بەندەری بەسرەوە، چونكە نیزیكترە، كڕیارەكانی سەر بەندەرەكانی دەریای سپی ناوەڕاست زیاتر ئەوروپین نەك ئاسیایی، باوەڕپێكراوترن، مەترسیی ئەمنی و جیۆپۆڵەتیكییان كەمترە. بۆ نموونە؛ لەمكاتەدا كەشتییەك لە بەندەری خۆر زوبەیری بەسڕەوە بەڕێبكەوێ، دەبێت بچێتە تەنگەی هورمز و كەنداوی عومان، لەوێوە پێچ بخواتەوە بەرەو سەرەوە بەئاراستەی ئەفریكا و دەریای سوور؛ ئەمە هەم زۆر دوورە، هەم مەترسیی زۆرترە بەهۆی لێكەوتەكانی جەنگی غەزە و ململانێكان لەگەڵ ئێران و حووسییەكان. 

هەشتەم/ ڕاستە سۆمۆ چاودێریی دەكات و بەبازاڕیی دەكات، بەڵام كۆنترۆڵی پرۆسەكە هەر لەژێر ناوی (كوردستان) دایە. لەماوەی (٤٨) كاتژمێردا سەرۆكوەزیرانی عێراق و ڕاوێژكارەكانی، زۆربەی ئەو پەرلەمانتارە عەرەبە عێراقییانەی دژی پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان بوون، ئەم ڕێككەوتنەیان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتیی سۆمۆ بە "مێژوویی" ناوبرد؛ بەڵام كێ ڕێگربوو لەوەی ئەوان چەندین ساڵی پێشوو ڕێككەوتنێكی وەها بكەن، و بۆچی نەیانكرد لە كاتێكدا دەیانتوانی؟! 

نۆیەم/ ڕێككەوتنێكی وەها، دەبێت هانی هەرێمی كوردستان بدات بە هەڵەكانی ڕابردوودا بچێتەوە، سادەترین شت ئەوەیە بە تێگەیشتنەكانی ڕابردوو، ئایندە بەڕێوەنەبات! چونكە ئەمریكا زۆر تووڕە دەكات، ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستانی كردووە نابێت بێمنەتی بكات، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لە هەرێمی كوردستان؛ دامەزراوەی بەهێز دروستبكرێت و مەعریفەی قووڵیش لە پشتییەوە بوەستێت، بەپێچەوانەوە دوای ساڵێك لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، حكومەت لە هەرێمەكەدا پێكنەهاتوە و لەسەر جادەوبان دەبابە و چەكی پێشكەوتوو ببیندرێ كە حزبەكان شەڕە-گەڕەكی پێدەكەن، ئەمە خراپە!

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا