پێشڕەو محمەد

دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە «پۆلیس»ی جیهان وەک جیهانێکی تاکجەمسەر و دابەشبوونی جیهان بۆ فرەجەمسەریی، کورد توانیی قازانج بکات و وەک ئەکتەر دەرکەوێت. گەلێک کە سەد ساڵ لەژێر زەبر و زەنگی نەتەوە شۆڤینیی و مرۆڤکوژەکانی وەک تورک، ئێرانیی و عەرەب دەیناڵاند. ئەمریکا دەیەوێت بە تەواویی ماڵئاوایی لە «پاکس-ئەمریکانا» (ئاشتیی ئەمریکیی) بکات و بگەڕێتەوە بۆ تیۆری ململانێ. تەنها تیۆری ململانێیە دەتوانێت ئەمریکا بکاتەوە بە خاوەن هەژموونێکی گەردوونییتر و تەنانەت ئامانجی بزووتنەوەی «ماگا»ش (ئەمریکا مەزن بکەنەوە) هەر پاشەکشێیە لە «ئاشتیی ئەمریکیی» و گەڕانەوەیە بۆ تیۆری ململانێ. 

زۆرجار دەگوترێت بۆ لە ٢٠١٣دا کە دەرفەت بۆ کورد لە ڕۆژاڤا دروست بوو دەوڵەتی ڕانەگەیاند. ئەم دەربڕینە خەمێکی قووڵی لە پشتە، بەڵام سادەکارانەش دەڕوانێتە ڕووداوە جیۆپۆلەتیکییەکان. لە ڕاستییدا ڕۆژاڤا دەبوو وەک ئەکتەرێکی نوێ باڵانس و هاوسەنگیی لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا ڕابگرێت. ڕووسیا بە ناڕاستەوخۆ لێگەڕابوو ڕۆژاڤا گەشە بکات، بەبێ ئەوەی دەستکاریی میراتی ئەسەد بکات. لەگەڵیشیدا پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا دروستدەکرد. بەو مانایە هەم ڕووسیای لە دوژمنایەتیی دوورخستبووەوە، هەم ئەمریکاشی کردبوو بە هاوپەیمان. 

من بڕوایەکم هەیە ئەوەیە کە ئەگەر بێگومان لەو سەردەمەدا ڕووسیا بەربەست نەبووایە، ڕۆژاڤا سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیاند. بەڵام لەم دابەشبوونەوەی جیهاندا بۆ فرەجەمسەریی، گەورەترین دەرفەت لەبەردەم ڕۆژاڤا، وەک دۆخێکی ڕاگوزەر و کاتیی، ئەوەیە: هەرێمێکی دیکەی کوردستان دروست بکات. 

خۆی تەنها چارەسەر بۆ ئەوەی پێیدەگوترێت «پرسی کورد» کە لە ڕاستییدا بریتییە لە پرسی پانتایی خاکی کوردستان (خاک وەک ڕەهەندێکی سیاسیی) دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە. بەڵام هەرێمێکی فیدڕاڵ دەتوانێت ڕێگەخۆشکەر بێت لە ساتی ئێستادا بۆ ڕۆنانی ناسنامەیەکی بەهێزتری نەتەوەیی: کە کورد سووریی نییە و دروستکردن و چاندنی خەونی دەسەڵات، دەسەڵاتخوازیی و فراوانخوازیی بۆ دەوڵەت. 

من مەزڵوم عەبدی وەک یاریکەرێکی سیاسیی زۆر ژیر لە مێژووی سیاسەتی کوردستاندا دەبینم. بەڵام ترسیشم لە خزان و دزەکردنی ئایدیۆلۆژیای نیۆعوسمانیی هەیە بۆ نێو پڕۆژەی ڕۆژاڤا. بەتایبەت باڵێکی ناو بزووتنەوەی باکوور ئەمەی دەوێت، نەک سەرجەمی بزووتنەوەکە. لەگەڵ ئەوەشدا مەزڵوم عەبدی وەک کارەکتەرێکی سیاسیی توانیویەتی ئەوە لە تورک بگەیەنێت: من مامەڵەت لەگەڵ دەکەم نەک ڕادەستت ببم. مامەڵەکردنیش لە سیاسەتدا ژیرانەترین کردەیە بۆ پاراستن و بەردەوامیدان و گەشەدان بەخۆت. وەک دوژمنی سیاسیی لە تورک بڕوانە، بەڵام مامەڵەشی لەگەڵ بکە. 

بەڵێ بۆ هەرێمێکی دیکەی کوردستان، ئەمجارە لە سوریا.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا