ئەبوکاروان
گەورە لێکۆڵەر و کۆمەڵناسی عێراقی عەلی وەردی لە کۆتا پەڕەگرافەکانی کتێبی (مەسخەرەی عەقڵی مرۆڤ)دا بەشێوەیەکی زۆر بابەتیيانە و بەدوور لە هیچ جۆرە خۆدزینەوەیەک لە تێگەیشتنی بۆ کایەی کۆمەڵایەتی و خوێندنەوەی گۆڕانکاریيەکاندا دەڵێ: من دەمەوێت ئەم کتێبە بەوە کۆتاییبێنم، کە پێشتر لە کتێبی (واعیزەکانی سوڵتان)دا کۆتایيمپێهێنا، ئەویش ئەوەیە کە سەردەمی سوڵتانەکان کۆتايیپێهاتووە و ئێستا سەردەمی گەلان جێگەی گرتۆتەوە، بەم تێگەیشتن و بیركەدنەوەیە، وەردی ئاماژە بەوە دەکات، کە دەبێ کۆمەڵگا لەوە تێبگات کە لەم قۆناغەدا کات و سەردەمی سوڵتانەکان کۆتایيهاتووە و پێویستە شۆڕشێک لە شێوازی بیرکردنەوەماندا بەرپابکەین و تێبگەین لەوەی کە ئەوی شایستەی ئێمەیە هەمان ئەو قۆناغ و هەلومەرجە نیيە کە باوباپیرانمان پێیداتێپەڕیون، چونکە ئێمە لە سەدەیەکی جیاوازدا دەژین و ناکرێ بەهەمان بیرکردنەوەی ئەوان بیربکەینەوە...!
بەم خوێندنەوە و تێگەیشتنەی عەلی وەردی کە لەم گوتارەدا سەرنجی ڕاکێشام، دەگەینە ئەو ڕاستیيەی کە لۆژیکی تێفکرین لەخۆیدا و وەک بەشێک لە پرۆسەی گۆڕانکاری لێکدانەوە و
بیرکردنەوەکان بابەتێکی زیندووە و دەشێ بەگوێرەی ڕووداو و پێشهاتە زانستی و مەعریفیيەکان وەریگرین و تێبگەین لەوەی کە بەردەوام گۆڕانکاریيەکانی ناو کایەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان دەگۆڕێن و ناکرێ وەک یەک بن، چونکە دەرهاوێشتەی گۆڕانکاریيە بەردەوامەکان وەک فاکتەرێکی بەهێز ڕۆڵی کاریگەری لەسەر ئاستە زانستی و پەروەردەیيەکاندا هەیە و بەپێی گۆڕانکاری سەردەم تاک دەکەوێتە ژێر جووڵە و بزاوتی ئەو دۆخە نوێیە و ئەوەش لە درێژمەودادا دەبێتە هۆکاری بونیادنانی جۆرێک لە بیرکردنەوەی نوێ، کە باوباپیرانمان لە ڕابردوودا درکیان پێنەکردووە، یان کات و زەمەن نەگونجاوبووە لەو قۆناغەدا، واتا هەر گۆڕانکاریيەکی نوێ خۆی ئاگادارکردنەوەیەکمان پێشکەش دەکات و دەبێت گوێ لە هۆشدارییەکەی بگرین و بزانین بەچی ئاراستەیەکدا دەچێ و چەن لەگەڵ ئێمەدا گونجاوە و کاریگەریيەکانی چین .
لەم دەرئەنجامەوە نەوەی نوێ دەستدەکات بە لێکۆڵینەوە لە بیرۆکە مۆدێرنەکان و دەکەوێتە بنکۆڵکردنی دیاردە و ڕووداوەکان و بیر لەو لۆژیکە واقیعییە دەکاتەوە کە گۆڕانکاریيەکان لەخۆدەگرن.
عەلی وەردی لەم گوتارەدا دەیەوێ پێمانبڵێ کە دیاردە تازەکان دەبنە هۆکاری بەرجەستەکردنی جۆرێک لە ناڕەزايی و وادەکات کە کۆمەڵگەی نوێ ڕابردووی بەدڵ نەبێت و بۆ ئەمەش زۆرجار داوا لە پیاوانی ئایینی دەکرێ بە بۆچوونێکەوە پاڵپشتیان بکات، کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت و ڕێز لە قسە و کردارەکانیان بگرێت و نەبنە مەسخەرەی نەوەی کۆن، کە گۆڕانکاریيەکانیان پێ هەرس ناکرێ.
عەلی وەردی لە درێژەی بۆچوونەکانیدا دەڵێ بیرۆکەکان وەک چەکن، لەگەڵ گۆڕانی ڕۆژەکاندا دەگۆڕدرێن، هەرکەسێک بیەوێت بۆچوونە کۆنەکانی خۆی بپارێزێت، وەک کەسێک وایە دەیەوێت بە چەکی عەنتەرە بن شەداد شەڕی چەکی دۆشکە بکات، بۆ ئەم تێڕوانینەش وەردی ئاماژە بە تێگەیشتنێکی عەلی بن ئەبی تالیب، دەکات کە دەڵێ: (منداڵەکانتان بەگوێرەی داب و نەریتی خۆتان فێر مەکەن، چونکە ئەوان بۆ سەردەمێکی تر دروستکراون جگە لە سەردەمی ئێوە)، کەواتا بیرکردنەوە مانا و مەفهومی خۆی هەیە و ناکرێ پرۆسەی گۆڕانکاری نوێ بەهەند وەرنەگیرێ و نەبێتە بنەمایەک بۆ بیرکردنەوەمان لە قۆناغێکی نوێدا .
کارەساتە کۆمەڵگە لەوە نەگات کە سەردەمەکان چەند لەیەکتر جیاوازن و چۆن پێویستیان بە بیرکردنەوەی نوێ هەیە، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە درک بە دەرهاوێشتەی گۆڕانکاریيەکان نەکرێت و بەهەمان ئاوازی کۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، کە ئەمەیان لە دۆخی خۆیدا وەک تەگەرەیەک قۆناغەکە دەشێوێنێ و ناتوانرێ بیرکردنەوەی نوێ بەرهەمبهێنرێ، کە لە هەمووکات و سەردەمێکدا زەروورەتی ژیانە و کۆمەڵگە بەوە پێشدەکەوێ و دەبێ بەو ئاراستەیەدا بڕۆین کە بەردەوام پێویستیمان بە پرسیاری بۆ ؟ هەبێ و لە بازنەیەکی داخراودا چەقنەبەستین و پەیوەستنەبین بەو جۆرە بیرکردنەوانەوە، کە زۆرجار دووبارە و هاوشێوەن لەسەر ئاستی گشتی کۆمەڵگەدا.
* له كتیبی مهزلە العقل البشری