
ستار ئەحمەد
مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ڕووناکی و تاریکی بووە، بەڵام ئەوەی وەک یاسایەکی چەسپاو ماوەتەوە، ئەوەیە کە چەندە تەمەنی زوڵم درێژ بێت، دواجار ماف و دادپەروەری وەک خۆر لە پشت هەورە ڕەشەکانەوە سەر هەڵدەدەنەوە. دادپەروەری تەنیا وشەیەک نییە، بەڵکو گیانی گەردوونە و هەر هێزێک بیەوێت ئەو هاوسەنگییە تێکبدات، چارەنووسی تێکشکانە. لەم سۆنگەیەوە، ئەو ڕووداوە جەرگبڕ و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتییەی کە لەم دواییانەدا لەلایەن گرووپی توندڕەوی ناشەرعەوە دژ بە ڕۆڵەکانی گەل و کچانی نیشتمان ئەنجام دران، تەنیا پەلامارێکی سەربازیی کاتی نین، بەڵکو گوزارشت لە داڕمانێکی تەواوی ڕەوشتی و ویژدانی دەکەن. دەستدرێژیکردنە سەر کچان، سەربڕینی مرۆڤی بێبەرگری و شێواندنی تەرمی مرۆڤەکان، کارگەلێکن تەنانەت لە ناو جەنگەڵی دڕندەکانیشدا وێنەیان نییە. هیچ ئایین و بیروباوەڕێکی ئاسمانی و زەوی ڕێگەی بەم کارانە نەداوە. هیچ خودایەک و هیچ پەیامبەرێک ڕێگەی پێ نەداوە ،کە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ بەم شێوە دڕندانەیە پێشێل بکرێت. ئەوانەی بە ناوی پیرۆزییەوە پیسترین تاوان دەرهەق بە مرۆڤایەتی دەکەن، نەک هەر نوێنەرایەتی هیچ ئایینێک ناکەن، بەڵکو گەورەترین دوژمنی خودا و مرۆڤایەتین.
ئەنجامەکانی ئەم کارە ناڕەوایانە تەنیا لە گۆڕەپانی جەنگدا نامێننەوە، بەڵکو کاریگەرییە دەروونییەکانیان وەک ژەهرێکی کوشندە دەچنە ناو جەستەی کۆمەڵگەوە. ئامانجی ئەم گرووپە لە ئەنجامدانی دەستدرێژی و سەربڕین، چاندنی تۆوی ترس و شکاندنی شکۆی تاکی کوردە. ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی تێکشکاندنی دەروونیی خێزانەکانەوە، ئیرادەی بەرگری لەناو ببەن و کۆمەڵگە تووشی بێهیوایی بکەن. ئەم تاوانانە دەبنە هۆی دروستبوونی برینێکی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی کە نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە. کاتێک مرۆڤ دەبینێت کەئابڕوو و ژیانی بەم جۆرە دەکرێتە قوربانی بیری چەوت، هەستی متمانە بە مرۆڤایەتی لەدەست دەدات. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی ، توندوتیژیی دەروونی نەک هەر نابێتە هۆی کۆیلەکردنی گەلان، بەڵکو دەبێتە بزوێنەرێکی پۆڵایین بۆ ڕاپەڕین دژ بەو ستەمەی کە هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە. کچی کورد، هەمیشە هێمای خۆڕاگری بووە، بەم جۆرە دڕندەییانە نەک هەر ورەی ناشکێت، بەڵکو دەبێتە مەشخەڵێک بۆ ڕیسواکردنی ئەو تاریکپەرستانەی کە دەیانەوێت مێژوو بەرەو دواوە بگێڕنەوە.
لە لایەکی ترەوە، بێدەنگیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بڕیار لە ئاست ئەم هەموو دڕندەییە، جێگەی سەرسوڕمان و شەرمەزارییە. ئەو ڕێکخراوانەی کە شەو و ڕۆژ باس لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ژنان دەکەن، بۆچی لە ئاست سەربڕین و دەستدرێژیکردنە سەر کچانی کورد بێدەنگن...؟
ئەم بێدەنگییە هیچ نییە جگە لە بەشدارییەکی ناڕاستەوخۆ لە تاوانەکەدا و پێدانی مۆڵەت بە بکوژان بۆ بەردەوامبوون لە خوێنڕشتن. کاتێک یاسا نێودەوڵەتییەکان ناتوانن پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆڤ بکەن، واتای وایە ئەو سیستەمەی جیهان پشتی پێ دەبەستێت تووشی داڕمانێکی گەورە بووە. پێویستە ئەم ڕێکخراوانە لە خەوی غەفڵەت بەئاگا بێنەوە و بزانن کە مێژوو لێخۆشبوونی بۆ کەس نییە و بێدەنگییان وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژوویاندا تۆمار دەکرێت.
لە کۆتاییدا، پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە: کێ لەم جەنگەدا سەردەکەوێت....؟
مێژووی مرۆڤایەتی و یاساکانی گەردوون پێمان دەڵێن کە هێزی چەک و توندوتیژی و زوڵم، هەرچەندە لە سەرەتادا ترسێنەر بن، بەڵام قەت ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ بمێننەوە. سەرکەوتنی کۆتایی بۆ ئەو لایەنەیە کە خاوەنی مافە و بەرگری لەشکۆی مرۆڤ و خاکی خۆی دەکات. گرووپە توندڕەوەکانی وەک ئەلشەرع، بەم ڕەفتارانەیان تەنیا گۆڕی خۆیان قووڵتر دەکەن و لە ناو ویژدانی گەلاندا دەبنە نزمترین و سووکترین بوونەوەر. سەرکەوتن بۆ ئەو گەلەیە کە کچەکانی بە سەربەرزی دەژین و کوڕەکانی بۆ پاراستنی نامووس و نیشتمان گیانی خۆیان دەبەخشن. ڕاستی و دادپەروەری هەمیشە بەسەر تاریکی و دڕندەییدا سەردەکەوێت. ئەوانەی خوێنی بێتاوان دەڕێژن، چارەنووسیان تەنیا ڕسوایی و تێکشکانە، ئیرادەی ژیان و ئازادی زۆر لە بیری چەوت و خەنجەری ژەهراوی بەهێزترە. دواجار گەلی ستەملێکراو و خاوەن ماف بەسەربەرزی دەمێنێتەوە و داگیرکەران و تاوانباران دەچنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
بژی ئیرادەی کچانی کورد و نەمان بۆ بکوژانی مرۆڤایەتی.