
سەوسەن کەریم
کاتێک ڤێرجینیا وولف ژنە نووسەر و ڕۆماننووسی فیمینیزم باس لە ئەزموونی ژن دەکات وەک نووسەر و وەک مرۆڤێکی خاوەن پیشە، تەنها باس لە تەکنیکەکانی نووسین ناکات، بەڵکو باس لە جەنگێکی دەروونی و مێژوویی قووڵ دەکات. لە دیدی وولفدا، گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەشەی فیکریی ژناندا، نەک تەنها نەبوونی مافی یاسایی، بەڵکو بوونی بوونەوەرێکی خەیاڵییە کە ناوی ناوە "فریشتەی ناو ماڵ". ئەم فریشتەیە هێمای ئەو پەروەردە چەوتەیە کە ژنی تەنها وەک بوونەوەرێکی میهرەبان، قوربانیدەر و بێدەنگ وێنا کردووە. وولف دەڵێت بۆ ئەوەی ژنێک بتوانێت ڕاستی بنووسێت، دەبێت سەرەتا ئەم فریشتەیە لە ناو خۆیدا بکوژێت؛ چونکە فریشتەکە هەمیشە داوای لێ دەکات ڕاستییەکان بشارێتەوە تا دڵی دەوروبەرەکەی نەڕەنجێنێت.
وولف لە تێڕوانینە فیمینیستییەکانیدا جەخت لەسەر دوو پایەی سەرەکی دەکاتەوە: "پارە" و "ژوورێکی تایبەت". ئەو پێی وایە سەربەخۆیی ئابووری بناغەی ئازادیی مێشکە. تا ئەو کاتەی ژن بۆ بژێوی ژیانی وابەستەی پیاو بێت، ناتوانێت بەبێ ترس بیر بکاتەوە. بەڵام تەنها هەبوونی ژوورێک بەس نییە، کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ژنان بۆ چەندین سەدە فێرکراون چۆن هەست و سۆز و تەنانەت ڕاستی جەستەی خۆشیان بشارنەوە. وولف ڕەخنە لەوە دەگرێت کە مێژووی ئەدەب مێژووی پیاوانە و ژنان تێیدا تەنها وەک سێبەر یان وەک "خوشکی شکسپیر"ێک دەرکەوتوون کە بەهرەکانیان لەژێر باری کاری ناوماڵ و فشاری کۆمەڵگەدا خنکێنراوە.
پەیامی سەرەکی وولف بۆ ژنانی سەردەم ئەوەیە کە ئێستا دیوارەکان ڕووخاون و ڕێگەی کارکردن کراوەیە، بەڵام جەنگە ڕاستەقینەکە لە ناوەوەیە. ژنان دەبێت ئەو ژوورە بەتاڵەی کە بۆیان ڕەخساوە، بە ناسنامەیەکی نوێ پڕ بکەنەوە؛ ناسنامەیەک کە چیتر سێبەری کەس نەبێت و نەترسێت لەوەی کە "خۆی" بێت. ئەو داوا دەکات ژنان بوێری ئەوەیان هەبێت باسی ئەو ڕاستیانە بکەن کە پێشتر بە "قەدەغە" یان "شەرم" دادەنران. تەنها لە ڕێگەی ئەم ڕاشکاوییە و تێکشکاندنی ئەو بتە دەروونییانەوە، ژن دەتوانێت لە بوونەوەرێکی پەراوێزخراوەوە ببێتە خاوەن مێژوویەکی تایبەت بە خۆی و وەک مرۆڤێکی تەواو لە کایە جیاوازەکاندا دەربکەوێت.
پەراوێز
ئەدێلاین ڤێرجینیا وۆلف (٢٥ی کانوونی دووەمی ١٨٨٢ – ٢٨ی ئازاری ١٩٤١) نووسەر و وتارنووسێکی ئینگلیز بوو. ئەو بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرە نوێخوازەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت.
ڤێرجینیا وۆلف لە لەندەن لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار لەدایکبووە. باوکی مێژوونووس و نووسەر و ڕەخنەگر بووە، دایکیشی بە جوانییەکەی ناسرابوو. وۆلف لە ماڵەوە لەسەر دەستی دایک و باوکی خوێندوویەتی و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا فێری زمانەکانی لاتینی و فەرەنسی بووە.
ژیانی وۆلف پڕ بووە لە ڕووداوی ناخۆش. لە تەمەنی منداڵیدا ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بووەتەوە و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دایکی و خوشکێکی کۆچی دواییان کردووە. دواتریش باوکی و براکەی لەدەستداوە. ئەم ڕووداوانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەروونی هەبووە و تووشی خەمۆکی بووە.
لە ساڵی ١٩١٢ هاوسەرگیری لەگەڵ لیۆنارد وۆلف کردووە کە ڕەخنەگر و نووسەری ئابووری بووە.
دوای ئەوەی لە نێوان کارەکانیدا تووشی نەخۆشی دەروونی بووەوە و بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە باری دەروونی خراپتر بوو، لە ٢٨ی ئازاری ١٩٤١ خۆی خنکاند. ئەو قاپووتەکەی پڕ کرد لە بەرد و خۆی فڕێدایە ناو ڕووباری ئاوسی نزیک ماڵەکەیان.
بەرهەمەکانی
وۆلف بە شێوازی نووسینی "ڕەوتی هۆش" ناسراوە، کە تێیدا هەست و سۆزی کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەخرێتەڕوو. ئەو هەروەها فێمینیستێکی بوێر بوو و داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکرد.
هەندێک لە بەرهەمە دیارەکانی:
خاتوو دالۆوەی (Mrs Dalloway): ئەم ڕۆمانە باس لە ژیانی خاتوو دالۆوەی دەکات لە ڕۆژێکی حوزەیراندا لە لەندەن.
بەرەو فانۆس (To the Lighthouse): ئەم ڕۆمانە باس لە خێزانی ڕامزی دەکات کە پشووی هاوین لە دوورگەیەک بەسەر دەبەن.
ژوورێک بۆ خۆت (A Room of One's Own): ئەم وتارە درێژە باس لە پێگەی ژن دەکات لە کۆمەڵگەدا و گرنگی سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنانی نووسەر.
نووسینەکانی وۆلف کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەدەبیاتی جیهانی هەبووە و تا ئێستاش بەرهەمەکانی دەخوێنرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.
