هۆشیاری عەبدولعەزیز

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو گرژیانەی  کە لە ئێستادا بەدی دەکرێن و بوونەتە دیفاکتۆ لە کایەی سیاسی و ئابوری ناوچەکەدا دەستبردنە بۆگۆڕینی نەخشەی سیاسی و ئابوری ناوچەکە و ئەو ناکۆکی و ململانێ مێژووییانەی کە لە ڕابردودا کاریگەریی تەواویان لەسەر پرسی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و شێوەی نەخشەی سیاسی هەبووە ، مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ململانێی درێژخایەن و ناوەندێکی گرژ و هەمیشە گەرم ناسراوەو هۆکارێک بوە بۆ بەرهەمهێنانی  ناسەقامگیری و توندوتیژی ئاینی و ناکۆکی کۆمەڵایەتی و هەرجۆرە جەنگێک کە لە بارە ئاسایەکەیدا لە بەرژەوەندی ئەنزیمەی وڵاتانی زلهێز بوە بەتایبەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە لەسەردەمی شەڕی ساردەوە پلێتەکانی ئەو ململانێ و کێشمەکێشانە لە جوڵە و بزاوتتان و لە ڕووی سایکۆلۆژیشەوە  ئەرزیەتی گەشەکردن و مانەوەی ئەم جۆرە مەترسیانە لەبار و گونجاوە و دەشێ لە هەموو کاتێکدا ببنە مایەی قازانجێکی زیاتر و بەهێزکردنی هەژموونی وڵاتانی زلهێز  بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا

بۆ ڕەواجپێدانی ئەم هەژموونەش کە لە ئێستادا زۆر بەڕوونی دەبینرێ دەستگیرۆی هێز و گروپە توندڕەوە ئیسلامیە جیهادیەکانە کە لە باشترین حاڵەتدا ئەوان خاڵی چاڵنجی بردنەوەی گرەوی ململانێکانن و ئەرزیەتی گەشەکردن و تڵۆقەکردنیشیان زۆر لەبار و گونجاوە بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە لەڕووی مێژوویەوە هەڵگری توخمەکانی ململانێەکی کوشندە و گرژن و ناکۆکیە ئەتنی و مەزهەبی و تائیفیەکان کاریگەری تەواویان هەیە لەسەر ئەم پرسە

یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەدەروازەی سەرەکی بردنەوەی چاڵنجی هەژموونی زلهێزەکان دەناسرێ و هەمیشە چاوی لەسەرە سوریایە ، بەدرێژای مێژووی ململانێ و ناکۆکیەکانی ناوچەکەش سوریا وەک دەروازەی یەکەم و خەڵاتی بردنەوەی چاڵنجەکە حیسابکراوە و هەر لایەک براوەبووبێ توانیوێتی دەسبەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بگرێ ، هەربویە

دەبینی ڕووداوە دراماتیکەکانی سووریا و ڕووخانی دەوڵەتی ئەسەد لەم قۆناغ و هەڵومەرجەدا زۆرترین چاوی لەسەرە و بوەتە جێی هەڵوێستە لەسەر کردن بەتایبەت لە دۆخێکدا کە هێزگەلێکی ئیسلامی جیهادی توندڕەو چاڵنجەکە هەڵدەسوڕێنن و ئەوان بوونەتە دەمڕاستی گۆڕانکاریەکانی گۆڕەپانی سیاسی سوریا  و مامەڵە بەداهاتووی ئەو کۆمەڵگایەوە دەکەن ، بەشێک لەم ڕەوت و گروپانە

گۆشکراوی ئایدیا و تێڕوانینەکانی داعش و ڕەوتە فاشیەکانی تورکیاو جیهانی عەرەبین و بەردەوام

بەدژی کورد و تایفەکانی تر لەململانێ و کێشمەکێشدان و جگە لە خۆیان کەسی تریان لاپەسەند نیە

ئەم عەقڵیەت و تێفکرینە شۆڤێنی و ئاینیە تەنها لە زەمینە سازی و گەشەی داعش و فاشیەتی دەسەڵاتی تورکەوە سەرچاوەناگرێ و مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ مێژویەکانی سەدەی ڕابردووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو فۆرمە سەرکوتکاریەی کە ئایدۆلۆژیای شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و ئاینی بەرهەمهێناو بوە هۆکاری بەرجەستە کردنی جۆرە دەسەڵاتێکی ستەمکارو مەترسیداری وا کە لە شوناسی ئەودا جگە لە خۆی هیچ پێکھاتەو ڕەوت و ناسنامەیەکی جیاواز بوونی نەبوو لە ناوچەکەدا و ئەمەش بە ئاشکرا لە ململانێ و کێشمەکێشی نێوان عەرەب و جولەکە و کورد و ئەمازیغی و بلوچ و تورک و فارسدا ڕەنگی دایەوەو بوە ڕێگە خۆشکەربۆ ئەوەی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە گۆڕەپانێک بۆ گەمەی بەرژەوەندییە ئابوری و  جیۆپۆلیتیکییەکان کە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا بەپێی پاراستنی دەسکەوتە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان مامەڵە بە پرسی ئارامی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەکەن

لەلایەکی تریشەوە هێزوڕەوتە جیاجیاکانی  کوردیش ، کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات و خاوەن پرسێکی ڕەوان ناکۆک و ناجۆرن لە نێوخۆیاندا و نەیانتوانیوە لە ماوەکانی ڕابردوودا سود لە هەڵەو کەم و کورتیەکانی دەسەڵاتی ئەحزابی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان وەرگرن و بەهەمان ڕێچکەدا نەڕۆن ، تا ببنە خاوەنی گوتارێکی هاوبەش و تۆکمەی کوردی لە سەرئاستی ناوچەکە و کۆمەڵگای سوری و لەو ڕێگایەوە ئەو واقیعە دیفاکتۆیەی ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزن ، ئەمانەو زۆریتریش بابەتگەلێکی ئاڵۆزن و پێناچێ دەوڵەتی نوێ هەروا بەسانای لەو ئاڵسکانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە تێپەڕبێ

ئەوەی لەنێوان ئەم ململانێ و کێبەڕکێیەشدا ، دەبێتە قوربانی و شکۆ و سەروەری دەشکێنرێ گەل و دەوڵەتە بەمانا فراوانەکەی، چونکە هێزێکی وەک تەحریر شام کە پێکهاتەیەکە لە ئیسلامی سیاسی توندڕەوو تەکفیری پایەوپێکهاتەکانی دەوڵەت وەک یەکەیەکی گشتی  قۆرخ دەکات و هەر لە ئێستاشەوە ئاسەوارەکانی ئەو قۆرخکاریە دیارە و بەنەفەسێکی ستەمکارانە مامەڵەی دۆخەکە و پێکهاتە ئاینی و تائیفی و ئەتنیە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن و دەیانەوێ ئەوان بڕیاردەری کۆتای بەڕێوەبردنی ئەو کەناڵە گشتیەبن کە دەوڵەتە و ئەمەش لە جەوهەردا کوشتنی جیاوازیەکانە و پێناچێ کۆمەڵگا بەرەو ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری کۆتای بەرێ و دەوڵەت بکاتە ناوەندێکی بێ لایەن بۆ ئینتیماو ناسنامەو هاوبەشی هاوڵاتی بوون و هاوسەنگی کۆمەڵایەتی وەک گەلانی سوریا خەونیان پێوەدەبینی

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دەکرێ لە ڕوانگەی ئەو دۆخەی لە سوریا دەگوزرێ ئاماژە بەوە بکەین کە كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لەبەردەم ئەگەر و گریمانەی مەترسیداری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدان و بەجۆرێک دەکەونە بەر داگیرکاری و توندبوونەوەی شەڕ و ململانێی تائیفی و مەزهەبی و ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە لە بۆ پاشەکشەکردنی پێشکەوتن و بەرەوپێشچونی ئەو کۆمەڵگایانە و ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ  گەشەکردنی فیکری ئیسلامی جیهادی توند ڕەوو گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان تاوه‌كو ڕامیان بكه‌ن و له‌و  رێگه‌یه‌وه‌ بۆ مەبەست و مەرامی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان بەکاریان بێنن و بیانکەنە دەسکەلای خۆیان لە ژینگەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش بەلای ئەمریکاو هاوئاوازەکانێوە دروستکردنی هێزگەلێکی وەک تەحریر شام و کەسی یەکەمی ئەو هێزەیە کە ڕاهێنراوی خۆیانە و بەباشی ئامادەکراوە بۆ ئەو ئەرکەی پێیسپێردراوە  و دەیانەوێ لە ناو کایەی سیاسی سوریا و لەو هەڵو مەرج و قۆناغەدا کە ئەوان پێویستیان پێیەتی سودی لێ ببینن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا