نووسینی: نەجات یوسف کاولۆکەیی

وابزانم هیچ کەسێک نییە لە سیاسەتی ئەمریکا تێ نەگەیشتبێت؛ وڵاتێکە هەتا بڵێی دیکتاتۆر و زاڵمە و هیچ وڵاتێک لە دنیادا نییە کێشەی بۆ دروست نەکردبێت. جا ئەگەر بیەوێت لەناوی ببات، سەدان سیناریۆی بۆ دروست دەکات.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چەندان شۆڕشی کوردی لەناو بردووە، بەڵام ئێمەی کورد زوو لەبیرمان چوو، تا ئێستاش وا دەزانین کە هیچ ڕووی نەداوە.

وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا، هێنری کیسنجەر، دەڵێت: "هیچ کاتێک بڕوا بە ئەمریکا مەکەن؛ سەدان بەڵێنتان پێ دەدات و یەکێکیان جێبەجێ ناکات. دۆستایەتیت دەکات و هەر کاتێک ئیشی پێت نەما، بەجێت دێڵێت."

زۆر تەجروبەمان هەیە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا. هەموومان بەبیرمان دێت حکوومەتی تاڵیبانی لە ئەفغانستان دەرکرد و حکوومەتێکی بیست ساڵەی بۆ ئەفغانییەکان دامەزراند. کە ئیشی پێی نەما، ژێربەژێر دەستی لەگەڵ تاڵیبان تێکەڵ کردەوە و لەناکاو کۆتاییی بە دەسەڵاتی حکوومەتە بیست ساڵییەکەی ئەفغانستان هێنا و جارێکی تر تاڵیبانی هێنایەوە سەر حوکم.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دۆستایەتیی کوردانی ڕۆژئاوای دەکرد و هەموو جۆرە هاوکارییەکی ماددی و سەربازیی پێشکەش بە ڕۆژئاوا کرد. لەبیرمە، ساڵی ٢٠١٨ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا گوتی: "هەر وڵاتێک پەنجە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا درێژ بکات، من دوو پەنجەی دەبڕم، نەک یەک."

ئەو بڕیارە بووە مایەی خۆشحاڵیی هەموو کوردێک. هەموومان دەمانگوت ئەمجارە کورد لە سایەی دۆناڵد ترەمپەوە دەبێتە خاوەنی کیانی خۆی. بەڵام ئەمریکا سەرقاڵی پلانی خۆی بوو. من زۆر باش دەمزانی ئەمریکا لەم مەسەلەیەدا جددی نییە و تەنها کات کوشتن بوو.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەرپرسێکی ئەمریکی گوتی: "لەمەودوا سووریایەکی یەکگرتوومان پێویستە." بەڵام هیچ کەسێک لە ماناکەی تێنەگەیشت. ساڵێک بوو سووریا وەک وەرەقەی قومار لەسەر مێز گاڵتەی پێ دەکرا لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا. تا دوو جار بەنهێنی هەر سێ لا ڕێککەوتن کە چەند شارێک بدرێتە ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئیسرائیلیش چاوپۆشی لە کوردەکانی ڕۆژئاوا بکات.

بە پیلانێکی نهێنی، کورد لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە فرۆشرا بە سووریا. ئێستا بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە کورد جینۆساید دەکرێت و کەسیش خۆی ناکاتە خاوەنی. ئەمەش هەر ئەو ئەمریکایەیە کە چەندان جار کوردی کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆی.

زۆر جار گوتوومانە و ئێستاش هەر دەیڵێینەوە: ئیتر بەسە! نابێت چیتر کورد بڕوا بە بەڵێنەکانی ئەمریکا بکات. ئیستیعمار بۆ هیچ کەس نابێتە ماڵ. دڵنیا بن ئەگەر لە ئێستادا کورد بە سیاسەتی خۆیدا نەچێتەوە و ماڵی خۆی ڕێک نەخاتەوە، دواجار ئێمەش هەمان چارەنووس چاوەڕێمان دەکات.

نابێت کورد ڕابردووی لەبیر بچێت. ئەمریکا هیچ کاتێک نابێتە دۆستی کەس؛ ئەوان تەنها بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن. جاران کە دەمانگوت بڕوا بە ئەمریکا مەکەن، پێیان دەگوتین: "ئێوە شیوعین، بۆیە کەیفتان بە ئەمریکا نایەت."

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا