ئیدریس سدیق

کێ دەرگای دۆزەخی کردەوە ؟ ! 

کێ عێراقی بە ئەمڕۆ گەیاند ؟

مێژووش زمانی هەیە ، راستییەکان دەبێ بوترێن و بنووسرێن و نەشێوێنرێن .

ئینگلیزە چاوشینەکان ، بەر لە جەنگی جیهانی یەکەم 1914 / 7 / 28 - 1918 / 11 / 11 تا کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم 1939 / 9 / 1 - 1945 / 9 / 2 ، خاوەنی گەرەترین  ئەو ئیمپڕاتۆرییە پان و پۆڕە مەزنە بوون ، وەك مێژوونووسان دەڵێن رۆژی لێ ئاوا نەدەبوو ، هەر لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقیا و ئەمریکا ، بۆ ماوەی سەدەیەك تاکە هێزی دەستڕۆیشتووی جیهانبوون و % 23 ی دانیشتوانی گۆی زەوی لە ژێر دەسەڵاتیاندابوون ، دەستیان بەسەر خێر و بێری ئەو کۆڵۆنیاڵانە داگرتبوو ، مرواری و یاقووت و  ماس و بەردە گرانبەهاکانی تاجی پادشا کە بە ملیۆنەها دۆلار مەزەندە دەکرێ ، تك تك ئارەقەی رەشی رەشوڕووتی ئەو کۆڵۆنیاڵانەی ڵێدەتکێ ، جگە لە ملوانکە گرانبەهاکانی خانمەکانیان !  مێژوویەك لە داگیرکاری و فراوانخوازی وسەرکوتکاری ،  دانیشتوانێش بە دواکەوتوویی و نەداری  ژیانێکی کۆڵەمەرگی دەژیان ، وەك بنکەیەکی سەربازی و چاودێری تۆڕی بازڕگانیی بەکار دەهێنران .

ئەو ساڵانەی کە لە وڵاتی هیندستان کە بە گەوهەری تاجی بەریتانیا ناسدەکرا جێی پێی خۆیان قایمکردبوو ، بە رێکەوت دیپلۆماتکارە ئینگلیزەکە چاوی بە خوێندکارێك دەکەوێ ئازاری مانگایەکدەدات ، لێیدێتە دەنگ و بەسەریدا هاوار دەکات کە چۆن تاوانی وادەکات ؟ بە شێوەی هیندۆسییەکان ، لە بەردەم مانگاکە دەوەستێ و داوای لێبوردنی لێدەکات ، بە میزەکەی دەموچاوی دەشوات ، لەولاشەوە هیندۆسەکان پەلاماری خوێندکارەکە دەدەن ، هاوڕێی دیپلۆماتکارەکە لێی دە پرسی کە ئایا باوەڕی بەو ئاینە هەیە ؟ بە نەخێر وەڵامیدایەوە و بەڵام ئەگەر ئاوای نەکردبایە ؛ ئەوا ئەو خوێندکارە 50 ساڵ هیندی پێشدەخست ، ئەدی کاری داگیرکەر چییە جگە لە سیاسەتی چەواشە نەبێ ! داگیرکردنی عێراقی وڵاتی میزۆپۆتامیا ،  خەونی دێرین و لە مێژینەی ئینگلیزەکانبوو ، زانیاری ورد و تێروتەسەڵ و سرنجڕاکێشیان بە دەستکەوتبوو لە رێگەی گەریدە و سیخوڕ و شارەزاکانیان ، لەرووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، ئاینی  و ..... ، بەستنی بەکۆڵۆنیاڵەکانی باشووری رۆژئاوای ئاسیا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بەهێزکردنی پێگەی سەربازی و بازرگانی ، دابینکردنی خەرجیی و سووتەمەنی ، هێزی خۆماڵی بۆ سوپاکەیان ، بۆیە ئەگەر داگیریاننەکردبایە ، ئەو وڵاتە کراوە دەبوو بۆ هێز و رامانی جۆراوجۆر تا داگیریبکەن ، بەمەش بەرژەوەندییەکانی ئینگلیزی لە ناوچەکەدا دەخستە مەترسییەوە .

عوسمانیەکان بوون بە هاوپەیمانی ئەڵمانەکان ، نێردە و هەواڵگری ئینگلیزەکانیش بانگەوازی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی وڵاتانی عەرەبییان راگەیاند بۆ وەستانەوە دژی عوسمانییەکان و ئازادکردنیان .

ئینگلیزەکان لکاویان بۆ عێراق دەهاتە خوار لە رووی هەڵکەوتە ستراتیژییەکەی و  دەوڵەمەندی ، وەك تێرمیناڵێك بۆ بەستانەوەی وڵاتە کۆڵۆنیاڵەکانی ئاسیا بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوڕوپا ، لە ئۆکتۆبەری 1914 ، سوپای لیفی کە پێکهاتەی ئینگلیز و هیندییەکانبوو لە عێراق دابەزین و پێشڕەوییانکرد بۆ داگیرکردنی و لکاندنی بە ئیمپڕاتۆرییەکەیان لە نۆڤێمبەری 1918 ئۆپەڕاسیۆنەکانی سەربازی کۆتایێهات و شازادە فەیسەڵی یەکەمیان لە بنەماڵەی هاشمی ، کە پێشەنگبوون لە هاوکاری ئینگلیزەکان لە جەنگی جیهانی یەکەم ،  لە سەر تەختی پاشایەتی دانا وەك بووکەڵەیەك و گرێدراوی ئەمریکا و ئیسڕائیل ، قۆناغێکی نوێ لە 1921 تا 1958 لە مێژووی هاوچەرخی عێراق دەستیپێکرد ، جاڕی دامەزراندنی دەوڵەتی سەردەستەی نەتەوەیی ستەمکار درا ، باڵا دەستی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاند و کرایە گۆڕەپانێکی سەربازی ، گەورەترین بنکەی سەربازی لە حەبانیە ( فەلوجە ) و بنکەی سوێس لە میسڕ .

پیادەکردنی سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەیان پیادەکرد لە ململانێی رەگەزی ، چینایەتی ، ئایینی و ..... ،

نەبوونی دەستوورێکی نووسراو و دەستبەسەراگرتنی سامانی عێراق لە نەوت و تەرخانکردنی بڕێکی یەکجار کەم لە داهاتەکەی بۆ خەڵکی عێراق هۆکاری دواکەوتوویی بوو لە سەرجەم بوارەکان و باڵیکێشابوو بە سەر کۆمەڵگا لە هەژاری و نەداری ، بێکاری ، رێژەیەکی کەم لە دانێشتوان خوێندن و نووسینیان هەبوو ، تەنانەت هەندێ لە ئەندام پەڕلەمانەکانیش کە بە تەزکیەی دەسەڵات دادەمەزرابوون ، خوێندەوارییان نەبوو کە ئەمەش سەرەتاترین ماف و پێداوێستی ژیانبوو ، کۆتوبەندکردنی دەسەڵاتی عێراقی بە مۆرکردنی کۆمەڵێ رێککەوتننامە و پەیماننامەی ستەمکارانە ، ناڕەزاییەکی زۆر و فراونی  سەرجەم چین و توێژی سەربازی و مەدەنی  بەدوایخۆدا هێنا ، بەرتەسککردنەوە و بێدەنگکردنی ئازادییەکان ، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان ، راپەڕینەکان و خۆپیشاندانەکان ، بزووتنەوەی جوتیاران و مانگرتنی کرێکاران ، بەزەبری ئاگر و ئاسن و دڕندانە دا دەمرکایەوە ، لە سێدارەدان ، زیندانیکردن ، چاودێرێکردن ، دوورخستنەوە ، داپلۆسین ، راوەدوونان و  ........ ی کەسانی تێکۆشەر و دڵسۆز و رۆشنبیر و وڵاتپارێز ، قەدەغە کردنی دامەزراندنی حزب و سەندیکا و کۆمەڵەو ..... ، دەرەبەگ و سەرمایەدارەکان ، دەسەڵاتی باڵایان هەبوو لە یەکلاکردنەوەی پرسەکان ، دانانی بەربەست و کۆسپ لە بڵاوبوونەوەی کۆمۆنێزم و رێگری لە بڵاوبوونەوەی بیر و بۆچوونی نوێی پێشکەوتنخواز ، کاتێ محەد عەلی پاشای میسر دەخوازی سیستەمێکی نوێی بەڕێوەبردن رابگەیەنێت و گۆڕاکاری ریشەیی لەناو دامو دەزگاکانبکات ، ئینگلیزەکان بە هاوکاری عوسمانییەکان ناپاکی کرد و بزووتنەوەکەیان لەبار برد ،  بە هەڕەشە و مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە وێناکرد ، هەربۆیەش مارکس لەسەر محەمەد عەلی وتەیەکی هەیەو دەڵێت : " دەیویست تەڕبووشێکی بەتاڵ بە عەقلێکی راستەقینەی پڕ بگۆڕێتەوە ! "

شەقامی عیراقی دەکۆڵا ، ناڕەزایەتییەکان ، پاشاگەردانی و بێ متمانەیی شەقام ،  رۆژ لە دوای رۆژ لە هەڵکشاندابوو ، بەرپابوونی شۆڕشی ئەفسەرە ئازادیخوازەکانی میسر لە 1952 / 7 / 23 ، دۆڕانی عەرەب لە شەڕی جوولەکە و راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە 1948 / 5 / 14 ، هۆکارگەلێکی ناوەخۆ و دەرەوە رەنگڕێژی چەخماخەی کودەتا سەربازییەکەو شۆڕشی 1958 / 7 / 14 بوون ، کە زۆریشهات قەواڵە بەتاڵە ، لە رووی سیاسیی و کۆمەڵایەتی عێراقی گواستەوە قۆناغێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێکە لە خاڵە وەچەرخانەکانی مێژوویی عێراقی نوێ . 

شۆڕش ، واتە نویبوونەوە ، ژیانەوە ، بنیادناوەوەی سەردەمیانە ورەنگڕێژکردنی  سیاسی و کۆمەڵایەتی ، بە نیشتیمانیکردنی دامودەزگاکان ، سامان ، هێز و هەواڵگری ، داکۆکی لە چەمگەکانی ئازادی ، یەکسانی ، دادپەروەری ، کۆمەڵگەی دیموکڕات لە هزر و ئایدیا ،  باڵادەستی دەسەڵاتی گەل و چاودێری و بەرپرسیارێتی لە بڕیارەکان و ........  .

لە یەکەم بڵێسەی شۆڕش ، سەرتاپا گەلانی عێراق و بە سەرجەم چین و توێژەکانیەوە ، بە جوشوخرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لێکرد و پشتیوانییان بۆ سیستەمی کۆماری و هەڵوەشاندنەوەی رژێمی پاشایەتی دەربڕی ، دەستکرا  بە  دەستبەسەراگرتن و بە نیشتیمانیکردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی ( بڕینی هێڵی نەوتی عێراق - ئیسڕائیل ) ،  بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتی ، بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم رێککەوتننامە و ئەو پەیماننامانەی کە عێراقی کۆتوبەند کردبوو ( پەیماننامەی بەغدای ناسراو بە سەنتۆ 1955 / 2 / 24 بۆ رێگەگرتن و لەمپەر دروستکردن بەرامبەر تەشەنەکردنی بیری کۆمۆنیستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ) ، هاتنە دەرەوەی عێراق لە بلۆکی ئستەڕلینی و ئازادکردن و سەربەخۆبوونی ئابووری و دراوی عێراقی ، بێلایەنی و پەیوەندی توندوتۆڵ لە گەڵ وڵاتانی سۆشیالیست ، هاوکاری رێکخراوە فەلەستینییەکان ، داواکردنەوەی دوورگە داگیرکراوەەکانی کەنداو لە ئێران ، رێکخستنەوەی سوپا ، لە رەگەوە هەڵکێشانی سیستەمی بنەماڵەیی و خێڵەکی ، چەسپاندنی مافی گەلی کورد لە دەستور ( کورد و عەرەب یەکسانن لە ماف و ئەرك ) و بەشداریکردنیان لە کابینەی تازە ، یاسای چاکسازی کشتوکاڵ ، بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری و گەشەی پیشەسازی ، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ، هەژاری ، بێکاری ، چاکسازی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوون و ئاوەدانی  ، نەهێشتنی نەخوێندەواری ( دامەزراندنی دەرچوانی حوجرەی فەقێیاتی ) ، ئازادی رادەربڕین و پێکهێنانی سەندیکای سەرجەم چین و توێژەکان ، بە دەستورکردنی دیموکڕاتی و پەڕلەمانی سەربەخۆ ، گۆڕانی ریشەیی لە سروشت و ژیانی دانێشتوان و ........... .

لەگەڵ یەکەم چەخماخە و جاڕدانی سیستەمی کۆماری ، وڵاتانی سەرمایەداری بە  رابەرایەتی ئەمریکا و بەریتانیای شۆککرد و نیگەرانیکردن ، کەوتنە پەلەقاژێ و دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ لەباربردنی ، لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانییەکان دڵەڕاوکێکانیان نەشاردەوە لە باڵادەستی بیری چەپ و پێشکەتنخوازی لەسەر تەواوی بەرژەوەندییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بەتایبەتیش پاش جەنگی جیهانی یەکەم و رێککەوتننامەی سایکس پیکۆی دابەشکردنی میراتی پیاوە نەخۆشەکەی عوسمانییەکان کە لە هەرپاچەیەکی جوگڕافی دەوڵەتی ستەمکاری دەوڵەتی نەتەوەیی خێڵەکی دامەزراندبوو بۆ بەردەوامبوونی ململانێکان و بەریەککەوتن . هەواڵگری CIA ی ئەمریکی ، SIS ی بەریتانی ، MOSSAD ی ئیسڕائیلی ، MIT ی تورکی ، ساواکی ئێرانی ، بە هاوکاری ناسیۆنالیستە شۆڤینیستە عرووبییە تۆندڕۆکان ، بەعسییە نەتەوە پەرستەکان ، دنەدانی حەوزەی ئایینی ( سوننە و شیعە ) ، بە هاوکاری و پشتگیریکردنی بزووتنەوەی ناسیۆنالێستی کوردی توندڕۆ ، کە یارمەتی ماددی و جۆرەها چەکی پۆڕت سەعید و ستێرلینگی بۆ دابینکرا بۆ لێدانی خەنجەری ژاراوی هەواڵگری هەرێمی و جیهانی  لە پشتی شۆڕشی 14 ە ی تەممووز وەشاند ، وەك چۆن حکومەتی نیشتیمانی سیاسەتمەدار ، نووسەر ، پارێزەر و  نیشتیمانپەروەری محەمەد موسەدەق ، کە دوو جار لە رێگەی پڕۆسەی دەنگدانێکی دیموکڕاتی هەڵبژێردرا بە 35 ی سەرۆکوەزیرانی ئێران 1951 - 1953 ، بە هەمانهەنگی هەواڵگرییە هەرێمی و جیهانی بە کردەی ئاجاکسی لەباریانبرد . 

تا ئەو ساتە لە 1963 / 2 / 8  ، وەك کۆمۆنەی پاریس  تەمەن کورتبوو لە 1871 / 3 / 18 - 1871 / 5 / 28 ، زامە قڵیشاوە پڕ لە ئێشوئازار و بە سفتو سۆکە خوێنی لێدەچۆڕێ ، دەرگای دۆزەخیان خستە سەرپشت و عێڕاقیان نوقمی دەریای خوێنکرد .

بۆ سەدان ساڵی تریش چڤاکی ناسیۆنالیستی توندڕۆی عڕووبی بە دروشمی هەڵخەڵەتێنراو و ئێکسپایەری ( أمة عربية واحدة ذات رسالة خالدة ) ، ( من المحيط إلى الخليج ) ، ( وحدة - حرية - إشتراكية ) ،  ( بالروح بالدم نفديك يا .......  ) و ..... ، یا دروشمە زەق و بەرچاو سواوەکانی چڤاکی ناسیۆنالیستی نەتەوەیی کوردی توندڕۆی داردەستی هەواڵگری هەرێمی و جیهانی ، لە هەلهەلەی ئاخێنراوی پووچی بێ ناوەڕۆکی بەتاڵ و بێمانای نەتەوەیی و دروشمی قەبە و زلی وەك  ( کوردستان یان نەمان ) ، ( یا کوردستان یان نەمان ) ، ( یا کەرکووك یا خانەقین یا تا ماوین ئەجەنگین ) ، ( لا تقتلوا الحية و العقربا ٱقتلوا الكرد الذي إستعربا ) ، ( عەفلەقی بکوژە تا کورد بژی ) ، ( فاشیست بکوژە تا گەل بژی ) و ........ ! ، شۆڕشی عێڕاقیان لەبار برد کودەتا لەسەر کودەتا .

 بۆ سێ چارەکە سەدە دەچێت ، کورد گیرۆدەی دەستی خیانەت بووە ، بووەتە مەقاشی داگیرکەران و پردی تێپەڕاندنی ئەجیندا و مەرامە گڵاوەکانیان ، هاوڕێ فەهدیش پێشبینییەکەی راستبوو کە وتی : ( الکرد یحتاج الی حزب عمل لا الی حزب امل ) .

 ئەوەی پەندی لە مێژوو وەرنەگرتبێت تەنها کوردە ، مێژووی ئەو سی و دوو ساڵەش حاشا هەڵنەگرە لە سەر خیانەت و پۆست و پارە و گلەییش لە مێژوو و جوگڕافیا و دەستی دەرەکی دەکات ! 

 بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی شوومی سەد ساڵەی لۆزان لە 2023 / 7 / 25 - 23  ، کە کوردی تیادا بۆ چوار پارچە دابەشکرا ، بە چوار ئاڵای رەنگاوڕەنگ بەشداری تێداکرا !  

 خۆ ئەوەش لۆزان و داگیرکەر نەبوو ئەو زوونەی باشووری کردە دوو بەش و سنوور و دیواری  دێگەڵەی بەرلینی قیتکردەوە ! 

 ئایا کێ کورد و گەلانی عێراقی بەو رۆژە گەیاند ؟ لە مێژە وتراوە ( ئەو بەردەی نەزان دەیخاتە گۆمێکەوە ، بە سەد زانا دەرناهێنرێ ) ! 

 ئیدریس سدیق

 27 / 7 / 2023 

  سوود لە google  و هەندێ سەرچاوەی مێژوویی و بیرەوەرییەکان وەرگیراوە

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا