
نووسینی: زیرەك كەمال
هاوین دیسان سەفەری ساڵی هاتە پێش، بۆیە خەریكی پێچانەوەی بارگەوبنەی خۆی بوو، نیشانە و هێماكانی پایز لەسەر تەوێڵی چیا و پێدەشت و گرد و یاڵ و بنارەكان بەدیاركەوتبوون، كانیاوەكانی ئاوایی لەكورتیان دابوو، زۆری نەمابوو وای لێبێت تینوێتی ڕێبواری ڕێی دوور نەشكێنیت، ڕوبار لەشەپۆل كەوتبوو، پشیلۆكەی قژ سپی كە دایكم دەیگوت هێمای پایزن لە كووچە و كۆڵانان بەدیاركەوتبوون، دارتووەكەی حەوشەكەمان لە ترسان ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو، چونكە پایز بە وێنەی منداڵێكی هاروهاج پێیهەڵگەڕا بوو، یەكە یەكە گەڵاكانی دەڕنیەوە.
چوارساڵ پێش ئێستا ئێوارەیەك مام سۆفیم بینی بەوێنەی باب مردە لەبن سیلەی مزگەوت هەڵكورمابوو، سۆفی پیاوێكی نورانی و بەتەمەنی گوندەكەمانە، سەری لەزۆر شت دەردەچێت، بەتایبەتی لە بارەی باران و سەرما و گەرما كەشناسێكە بۆخۆی، لێی چوومە پێش و پێمگوت مام سۆفی چ باسە؟ ئەمساڵ چۆن دەبێت؟ باران دەبارێت نابارێت؟ ئاخر نەك من هەموو خەڵكی ناوچەكە لەم ڕووەوە متمانەیان پێی هەیە و بە ڕاستگۆتریشی دەزانن لە كەشناسییەكانی هەرێم كە ژمارەیان هەزارانە.
مام سۆفی گوتی ئەمساڵ باران زۆر دەبارێت، گوتم بەچی دیارە؟ سۆفی گوتی بەینی خۆمان بی مێروو مشەوەشن، هەر بەڕاستیش وادەرچوو ئەو ساڵە بارانێكی باش باری، چەند ڕۆژێك پێش ئێستا مام سۆفیم لە هەمان شوێن بینییەوە بەڵام پیری كەلەلای كردبوو، تەمەن بڕستی لێ بڕیبوو، لێم پرسی سۆفی گیان ئەمساڵ كەش و هەوا چۆن دەبێت؟ گوتی زیرەك قەسەم بەخوا میدیای كوردی وەها مەشغوڵیان كردووم، مێشكم ئیش ناكات و هەرچەند دەكەم خەیاڵان لەفكران ڕۆدەچم، سەیری عارد، ئاسمان دەكەم، سەردەهێنم و سەردەبەم لە عەربەی دنكەكی تێناگەم، هەڵبەت مام سۆفی هەر سەری لە كەش وهەوا دەرنەدەچوو، بەڵكو عەرەبی زانێكی باشیش بوو، بەردەوامیش بۆ زانینی هەواڵی نوێ میلی ڕادیۆی بادەدا، بۆیە پێیگۆتم كوڕی خۆم میدیای كوردی هەموو شتیان شێواند، ئەم میدیایانە خیانەتكاری و وڵاتفرۆشی و بڕینی نان و قووتی خەڵك بە ئازایەتی دەزانن و شانازیشی پێوەدەكەن،
كوشتن و توند و تیژیان كردە مەسەلەیەكی ئاسایی. سۆفی درێژەی بە قسەكاندا و گوتی جاران تەنانەت منداڵیش ئەگەر درۆی بكردبا حەیای دەچوو ڕووی نەدەهات بێتە مەجلیسان، كەچی ئێستا میدیای كوردی كەشێكی دروستكردووە ئینسان بە درۆ دەوڵەمەند دەبێت، پلە و پۆست وەردەگرێت دەبێتە پیاوماقووڵ و لای ژۆری و سەری مەجلیس و كۆڕ و كۆبوونەوەمان لێدەگرێت.
میدیای هەرێم مێش دەكەنە گامێش، بۆق دەكەن بە كەروێشك و كەروێشكیش دەكەن بە تانجی، هەواڵ دەكەن بە ڕووداو، ڕووداو دەكەن بە هەواڵ. مام سۆفی بەو پێیەی گوێگری بەردەوامی هەواڵەكانە، گوتی ئەو ڕۆژە گوێم لەڕادیۆی لەندەن بوو گوتی وڵات هەیە بەشێك لەداهاتی ساڵانەی خۆی تەرخاندەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی میدیا، كەچی ساڵانە لەم مەملەكەتەی ئێمە بە دەیان ملیۆن دۆلار دەڕژێتە قوڕگی میدیا بۆ ناشیرینكردنی جوانی و جوانكردنی درۆ،
گوتم مام سۆفی كە ئەوە حاڵی میدیا بێت ئەی ئەو بەشە لەو حزب و سیاسییانە ڕای گشتی دەگەوجێنن؟ لەبارەی ئەوان چیدەڵێیت؟ سۆفی بەدەنگێكی بڵند پێكەنی و گوتی جاوەرە تێكە و فڕكە؟ ئاخر هەی هێڕوهوڕ ئەدی سەعاتەكە باسی چیت بۆدەكەم؟!