
جیاوازی و ململانێ وەک دوو پایەی بنەڕەتی و دوانەیەکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی بوونناسی کۆمەڵگە و کایەی سیاسەتدا تەماشا دەکرێن، ڕەهەندەکانی ئەم تێرمە ئاڵۆز و لەیەکگرێدراوەش هەڵگری توخمگەلێکی تاڕادەیەک هاوسەنگ و ڕێدراوە بەوەی کاتێک جیاوازی وەک دەرەنجامێکی سروشتیی فرەیی لە ناسنامە، ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییەکاندا دەردەکەوێت، ململانێش دەبێتە ئەو داینامۆ و بزوێنەرە مێژووییەی کە کایەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
لە سیستمی حوکمڕانیی و فەزایی مۆدێڕنەدا، بوونی ململانێ نیشانەی داڕمانی قەوارە نییە تا وەک مەترسیەکی کوشندە ببینرێ، بەڵکو گەواهیدەری زیندووێتی و فرەدەنگییە، بەو مەرجەی کە ململانێکان لە ڕێگەی ئامرازی دەستووری، یاسایی و دامەزراوەییەوە بپاڵێورێن و لە کێبڕکێیەکی وێرانکەرەوە ببنە کێبڕکێیەکی بونیادنەر بۆ چاکسازی و گەشەپێدان. کارەساتی گەورەی سیاسی و حوکمڕانی لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە سیستمی سیاسی توانای لەخۆگرتن و هەرسکردنی جیاوازییەکانی نامێنێت، ئەمەش وا دەکات ململانێ لە هاوکێشەیەکی ئەرێنییەوە بگوێزرێتەوە بۆ ململانێیەکی مەترسیدار کە تێیدا ئامانجی سەرەکی لایەنەکان نەک باشترکردنی مۆدێلی بەڕێوەبردن، بەڵکو سڕینەوەی تەواوەتی ئەویتر و قۆرخکاری ڕەهای سەرچاوەکانی دەسەڵات و سامان بێت وەک ئەوەی لە پرۆسەی حوکمڕانی
هەرێمی کوردستاندا دەبینرێ .
کاتێک ئەم هاوکێشە سیاسیە لە کایەی حوکمڕانیی و ئیدارەدانی فۆڕمەکانی بەڕێوەبردنی هەرێمدا ورد دەکەینەوە ، زۆربە ڕوونی درک بەو ڕاستییە دەکەین کە کێشەی سەرەکی هەرێم لە دەستدانی بنەمای جیاوازی نییە، بەڵکو نەخۆشکەوتن و شێواندنی کایەی ململانێیە لە ناوەوە. ململانێی سیاسی لە کوردستاندا لەبری ئەوەی لە دەوری پرۆژەی دەوڵەتداری، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، چاکسازیی ئابووری و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان بخولێتەوە، پاشەکشەی کردووە بۆ ململانێیەکی تەسکی خێڵەکی و حیزبی لەسەر قۆرخکردنی جومگەکانی دەسەڵات و دابەشکردنی دەستکەوتە مادییەکان. ئەم واقیعە جۆرە ناهاوسەنگییەکی گەورەی لە کایەی حوکمڕانیدا بەرهەمهێناوە، کە دیارترینیان دوانەیی ئیداری و شەقبوونی ناوچەیی نێوان جەمسەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە، کە وایکردووە ململانێی دیموکراتی لە کێبڕکێیەکی مەدەنی و پەرلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ دۆخێکی جێگیری نەئاشتی و نەشەڕ، کە تێیدا ناوچەکانی دەسەڵات بەسەر زۆنی جیاوازدا کەرتبوون و دامەزراوە نیشتمانییەکانی وەک حکومەت و پەرلەمانیش کراونەتە بارمتەی ویست و داواکارییە حیزبییەکان.
هاوکات، یەکێک لە مەترسیدارترین ڕەهەندەکانی ئەم ناهاوسەنگییە، پەکخستنی تەواوەتی ئامرازەکانی ناوبژیوانی و بێلایەنکردنی یاسا و دەسەڵاتی دادوەرییە، چونکە لە سیستمە سیاسییە تەندروستەکاندا دەستوور و دادگاکان خاڵی کۆتایی ڕێکخستنی ململانێکانن، بەڵام لە واقیعی کوردستاندا بەهۆی قووڵبوونەوەی هەژموونی حیزبی بەسەر کایەی دادوەری و نەبوونی دەستوورێکی کۆکەرەوە، خودی دامەزراوە یاسایی و نیشتمانییەکان بوونەتە کەرەستەیەک بۆ لێدانی نەیارەکان و بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵاتداری، ئەمەش متمانەی هاووڵاتییانی بە چەمکی دەوڵەت و یاسا بە تەواوی کاڵ کردووەتەوە. ئەم دۆخە لێکەوتەی ڕاستەوخۆی لەسەر کایەی ئابووریش هەبووە، بە جۆرێک ململانێ بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی نیشتمانی گۆڕدراوە بۆ کێبڕکێی توند لەسەر کۆنترۆڵکردنی داهاتی نەوت، غاز، خاڵە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ، کە دەرەنجامەکەی دروستبوونی سەرمایەدارییەکی حیزبیی قۆرخکار و پەراوێزخستنی کەرتی تایبەتی ڕاستەقینە و بەشێکی بەربلاوی کۆمەڵگەیە.
بەردەوامیی ئەم ململانێ ناهاوسەنگ و وێرانکەرە لە ناوخۆدا، تەنها قەوارەی هەرێم لە ناوەوە لاواز ناکات، بەڵکو مەترسییەکی وجودی و ستراتیژی لەسەر پێگەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا دروست دەکات، کە یەکەمینیان شەرعیەتدانی ناڕاستەوخۆیە بە دەستوەردانی ناوەندی لە بەغدا، کاتێک هێزە کوردییەکان ناتوانن لە ناوخۆدا لە ڕێگەی دیالۆگی نیشتمانی و دامەزراوەکانەوە کێشەکانیان یەکلا بکەنەوە، پەنا بۆ بەغدا و دادگای فیدراڵی دەبەن بۆ لاوازکردنی یەکتر، ئەمەش دەروازەیەکی گەورەی بۆ نەیارانی قەوارەکە کردووەتەوە تا قۆناغ بە قۆناغ دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم دابڕنن و قەوارەکە لە ناوەڕۆکە سیاسییەکەی خاڵی بکەنەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی داڕمانی شەرعیەتی ناوخۆیی و لاوازبوونی ئینتیمای نیشتمانی لای هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی دادپەروەری، هاوکات هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیش کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و سەقامگیری پاڵپشتی هەرێم دەکەن، تادێت متمانەیان بە توانای سەرکردایەتی سیاسیی کورد بۆ خۆبەڕێوەبردن و پاراستنی هاوسەنگییەکان نامێنێت. تارمایی گەڕانەوە بۆ فۆرمی دوو ئیدارەیی و دابەشبوونی ئیداری و دارایی، گەورەترین هەڕەشەی ڕیالیزمییە کە وا دەکات هەرێم وەک یەکەیەکی سیاسی یەکگرتوو لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا نەمێنێت و ببێتە دوو کەرتی لاوازی پاشکۆ کە هەر لایەکیان بکەوێتە ژێر هەژموونی ڕەهای ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان.
لە دەرەنجامدا، ململانێ و جیاوازی تەنها کاتێک دەبنە سەرچاوەی هێز و مانەوە کە لە خزمەت داڕشتنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێدابن، بۆ ڕزگاربوون لەم چەقبەستوویی و داڕمانە بەردەوامەش ، کورد پێویستی مێژوویی و دەستبەجێ بە نیشتمانیکردنەوەی ململانێکان هەیە، بە جۆرێک کە کێبڕکێکان لە کایەی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەییەوە بگوازرێنەوە بۆ کایەی ململانێ لەسەر پێشکەشکردنی باشترین مۆدێلی حوکمڕانی، سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، چونکە بەبێ ئەم وەرچەرخانە ستراتیژییە، جیاوازییەکان تەنها لێکترازان بەرهەم دەهێنن و ململانێکانیش دەبنە بزماری کۆتایی لە جەستەی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستاندا.
