دلێر عەلی 

لە مێژووی جەنگەکاندا، کاتێک هێزە داگیرکەرەکان لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵایینی گەلێکدا دەدۆڕێن، پەنا دەبەنە بەر "شەڕی سیمبوڵەکان". ئەوەی ئێستا،چەتەکانی "داعش و جۆلانی "لە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژاڤا دەیکەن، چەتەکانی داعش بە شێوازێکی دڕندانە پرچی کچانی کوردیان بڕی و وەک دەستکەوتێکی جەنگی نیشانیان دا، تەنها تاوانێکی سادە نەبوو؛ بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیک بوو بۆ تێکشکاندنی کەرامەتی نەتەوەیەک کە جەستەی ژنی کردووەتە مەیدانی جەنگ.

لە کلتووری کوردەواریدا، "کەزی و پرچ" تەنها لایەنێکی جوانی نین، بەڵکو گرێدراوی چەمکە قووڵەکانی وەک ئازادی، ڕەسەنایەتی و شەرەفی مرۆیین. بڕینی پرچی کچێکی کورد لەژێر ناوی ئایین یان نەتەوەگەرایی، پەیامێکی ژەهراوییە بۆ نیشاندانی باڵادەستی و شکاندنی شکۆی کۆمەڵگە. 

ئەم ڕەفتارە نزمەی جۆلانی گوزارشت لە قەیرانێکی ئەخلاقیی قووڵ دەکات کە تێیدا بێڕێزیکردن بە ژن، وەک ئامرازێک بۆ سەرکەوتنی سیاسی بەکاردەهێنرێت.

بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەم جۆرە دڕندەییانە هەمیشە ئەنجامی پێچەوانەیان هەبووە. بڕینی پرچی کچانی کورد،لەبری دروستکردنی ترس و بێئومێدی، دەبێتە هەوێنی "خۆڕاگریی کلتووری" و یەکخستنی دەنگی نەتەوەیی. ئەوەی ڕوو دەدات، لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە وەک "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" پۆلێن دەکرێت. 

پاراستنی کەرامەتی ژنی کورد، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیەکە، پێویستە ئەم تاوانانە لە ئاستی جیهانیدا وەک "جینۆسایدی کلتووری" بناسێنرێن؛ چونکە پرچێک کە دەبڕدرێت، ڕەگەکەی لە مێژوویەکی هەزاران ساڵەدایە کە بە هیچ شمشێر و مەقەستێکی داگیرکەران کورت ناکرێتەوە،دەبێت جۆلانی تونڕەو باش تێبگات،کە کچانی کورد شکۆیان لە پرچیاندا نییە، بەڵکو لەو ئیرادەیەدایە کە هیچ هێزێک ناتوانێت دەستی پێ بگات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا